رێکارە رۆتینییەکانی هەولێر، بەشێک لە پەنابەرە سورییەکان لە خوێندن بێبەشدەکات
سوها کامیل – نۆرس پرێس
ئەروە سەعید پەنابەرێکی سورییە، لە هەولێر لە هەرێمی کوردستان، خەفەتێکی زۆر دەخوات لەوەی چوار منداڵەکەی لە سەرەتاییترین مافی خۆیان کە خوێندنە، بێبەشکراون، لە ئەنجامی ونبوونی بڕوانامەی خوێندنیان کە لە سوریا بەدەستیانهێناوە.
“ئەروە” نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ چوار منداڵەکەی پەنای بۆ کەمپی قوشتەبە، لە نزیکی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق برد و هەوڵیدا منداڵەکانی لە قوتابخانە تۆماربکات، بەڵام کە مەرجەکانی ناو تۆمارکردنی بینی تووشی شۆکبوو.
دایکی ئەو چوار منداڵە پەنابەرە بە نۆرس پرێسی راگەیاند: داوای بڕوانامە فەرمییەکانیان لێکردم، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی سوریا و وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە “هەموارکرابوون”، رەتیانکردەوە منداڵەکانم بەبێ ئەو بڕوانامەیە لە قۆتابخانە وەربگرن، ئەم مەرج و داواکارییە بووەتە هۆکاری ئەوەی مافی خوێندنیان لێزەوت بکرێت، گوتی “بوونە قوربانی بێتوانایی ئێمە لە هەموارکردنی بروانامەکانیان”.
ئەروە سەعید دەلێت: ” دەبوایە کورە بچووکەکەم ئێستا لە پۆلی هەشت بێت، کچەکەشم دەبوایە لە پۆلی نۆی بنەرەتی بێت، خوشکەکەشی لە پۆلی 11 بێت، سەبارەت بە کورە گەورەکەم دەبوا ئێستا لە پۆلی 12 دەبێت، بەڵام هەموویان لە خوێندن بێبەشبوون و لەماڵەوە دەمێننەوە”.
دایکی ئەو منداڵانەی لە خوێندن بێبەشکراون دەلێت، پێویستە بەرپرسانی پەروەردەی هەولێر، چارەسەری خێرا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی منداڵی پەنابەرەکان بدۆزێتەوە، تاوەکو ماندووی خوێندنیان بە فیڕۆنەچێت، ئایندەیەکی روونیان هەبێت.
ئەروە سەعید، پێشنیاری چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە دەکات، کە بریتییە لە “ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی زانیاری بۆ هەر خوێندکارێک کە بروانامەی فەرمی نییە، و ناونوسکردنی لە ئاستی گونجاو بۆی، لەبری ئەوە لە بێبەشکردنی لە خوێندن”.
لە ئەنجامی لەدەستدانی بروانامەیان لە سوریا، بەشێکی زۆر لە خوێندکارە پەنابەرە سوورییەکان لە کەمپی “قوشتەبە” لە مافی خوێندن بێبەش کران، چونکە وەزارەتی پەروەردە لە هەولێر، هەبوونی بروانامەی خوێندنی سوریا وەک مەرجی سەرەکیی داناوە بۆ ئەوەی پەنابەرەکان بتوانێت پەیوەندی بە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە بکەن.
ئەم رێکارە رۆتینییانە، بووە هۆی دورکەوتنی منداڵە پەنابەرەکان لە پرۆسەی خوێندن، ئەمەش وایکردووە ئایندەیان نادیاربێت.
دیلبەر ئەحمەد، هەمان کێشەی ئەروە سەعید هەیە، بەڵام ئەمجارە بۆردومانەکانی تورکیا بوونەتە هۆکاری لەدەستدان و ونبوونی بڕوانامەی براکەی دیلبر.
دیلبەر ئەحمەد دەلێت، تورکیا قوتابخانەی گوندەکەمانی بۆردومانکرد، سەرجەم بروانامەی خوێندکارانی قوتابخانەکە سوتان و لەناوچوون.
دەشڵێت: “کاتێک پەنامان بردە هەرێمی کوردستان، براکەم لە پۆلی چواری سەرەتایی بوو، دەبوایە ئێستا لە پۆلی 9ی بنەرەتی بێت، بەڵام ناچێتە قوتابخانە، چونکە رەتیانکردەوە بەبێ کاغەزی فەرمی کە بروانامەی دیمەشق و بەغدایان لەسەر بێت، تۆماری بکەن”.
دیلبەر ئەحمەد، جەختی دەکاتەوە، چەندین جار سەرانی وەزارەتی پەروەردەمان کرد، “بارودۆخی سەختی خۆمان بۆیان روونکردەوە، و بێتواناییمان بۆ هێنانی بروانامە، چونکە قوتابخانەکە بەتەواوی لە سوریا تێکچووە، بەڵام ئەوان داواکارییەکەمانیان رەتکردەوە”.
سەردار رەحمان عابد، بەرێوەبەری قوتابخانەی قوشتەبە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دەبێت سەرجەم قوتابیانی پەنابەری سوریی لە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێت خوێندنیان تەواو بکەن، پێویستە بروانامەی فەرمی خۆیان پێشکەشبکەن، کە بریتییە لەو بروانامە کە لە قوتابخانەکانی سوریا بەدەستیانهێناوە، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە دیمەشق، و وەزارەتی دەرەوە عێراق، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە هەرێمی کوردستان مۆر و هەماوکرابێت.
عەبدول لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نۆرس پرێس گوتی: “ئەمە مەرجەکانی وەزارەتی پەروەردەیە، ناتوانین بیانبەزێنن”.
لەئەنجامی بێبەشبوونیان لە خوێندن، بنەماڵەی خوێندکارە پەنابەرە سوورییەکان، ناچار دەبن بیانهێننە ناوەندی چالاکییەکانی نێو کەمپی قوشتەبە، بەو هیوایەی فێری خوێندنەوە و نووسین ببن و یاری لەگەڵ منداڵان بکەن.