“بێکاری لە دیمەشق” ناونیشانێک کە چیدیکە لە پایتەختی سوریا نامۆ نییە
هانی شەهاب – دیمەشق
“بێکاری لە دیمەشق”، ناونیشانێک کە چیدیکە لە پایتەختی سوریا نامۆ نییە، چونکە دانیشتن لە ماڵەوە سوودێکی زیاتری هەیە لە کارکردن بە مووچەی حکومەت وەک هەندێک لە سورییەکان دەڵێن.
کاریگەرییەکانی شەڕ وایکردووە دەرفەت بۆ گەنجان و دەرچووان زانکۆ نەمێنێت، ئەمەش بەهۆی زۆری تێچووی گواستنەوە و کەرەستەی خاو و پێداویستی ژیان لە وڵاتدا، ئەوەی کێشەکەی گەورەتر کردووە، دۆخی شکستی ئابوورییە، کە بەدوایدا شکستی کۆمەڵایەتی زیاتر و گەورەتر دێت.
جاد خەلیل، ناوی گەنجێکی (22 ساڵە)، خوێندکاری زانکۆیە، کاری پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایل بوو بۆ هاوپۆلەکانی لە کۆلێژ و هاوڕێکانی لە گەڕەکەکەدا.
“خەلیل” دەلێت ئەوەی من دەکەم “بێکاریی پۆشراو” بووە، بەو پێیەی بەزەحمەت خەرجییەکانی گواستنەوەی بۆ زانکۆ لە ڕێگەی ئەو کارەوە دابیندەکرد، ئێستا تەنانەت ئەمەش بوونی نەماوە، چونکە دۆخی خراپی ئابووری کاریگەری لە سەر ئەو ئیشەش کردووە کە باڵانسی مۆبایلیان لە خەڵکی دەکڕی.
محەمەد عەرەقسوسیش هەمان گرفتی خەلیل هەیە، ئەو بازرگانێکی کەرەستەی جوملەیە لە دیمەشق، دەڵێت :”بەهۆی ناجێگریی دۆخی لیرەی سوریی لە بەرامبەر دۆلاردا، متمانە بە بازاڕەکان “بوونی نەماوە”.
هەر کاڵایەک کە “عەرەقسوسی” بەیانیان بیفرۆشێت پێویستە ئێواران هەمان جۆر کاڵا بهێنێت نێو مارکێتەکەی بەڵام بە نرخێکی زیاتر لەوەی فرۆشرا، ئەم زیادکردنە لە گیرفانی خۆیەوە دەدرێت، ئەمە جگە لە حەقدەستی گواستنەوە و کرێکاران، کە ناچاری دەکات بۆ چەندین رۆژ مارکێتەکەی دابخات و لە ماڵەکەیدا دابنیشێت و چاوەڕێی سەقامگیری بازاڕەکان بکات.
ریما عەلی (25 ساڵ)، کە وەک ژمێریار لە کۆمپانیایەکی تایبەت لە دیمەشق کاردەکات، تووشی فشاری کارکردنی زۆر گەورە دەبێت کە لەگەڵ قەبارەی مووچەدا ناگونجێت، دەڵێت “ئەو موچەی کە بۆ ماوەی یەک مانگ وەردەگرێت، ناگاتە نیوی ئەو پارەی کە بەرێوبەرکەی لە ماوەی یەک کاتژمێردا بۆ خۆشیەکانی خۆی خەرج دەکات”.
دەوامکردن لە دامودەزگاکانیش قۆرخکاردەکرێت، دیاردەی بەرتیل و وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتیان بووتەوە دیاردە.
حسام عوبەید کە فەرمانبەری حکومەتە، دەلێت: “ئەو موچەی کە فەرمانبەر لە سوریا وەردەگرێت، بەشی دوو بۆ سێ رۆژ خواردن و خواردنەوە ناکات، لە بەرامبەردا حکومەت بۆ یەک جاریش دەستکاری موچە ناکات و زیادی ناکات، لە هەموو خراپتر ئەرکی سەربازییە کە حکومەت گەنجەکان بە زۆرەمڵێ دەباتە ئەرکی سەربازی.
بە گوتەی عوبەید زۆرێک لە خاوەن بڕوانامە ئەکادیمییەکان هیچ بەهایەکیان لە سوریا نەماوە، بەو پێیەی ئەندازیارەکە لە کەرتی دەوڵەتدا بە “موچەی گاڵتەجاڕ” کاردەکات، پارێزەر لە بەردەم دادگا مۆر دەفرۆشێت، پۆلیسی هاتووچۆش، ئەگەر لە رێگەی وەرگرتنی بەرتیل و سزادانی شۆفێران نەبێت موچەکەی بەشی یەک رۆژ ناکات.
هاوکات لە کەرتی تایبەتدا خاوەنکارەکان سوود لە ژمارەی زۆری بێکاران وەردەگرن، بەو پێیەی خەڵک ناتوانن لە هەمان کاردا بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بن، لە بەر چەند هۆکارێک، گرنگترینیان ئەوەیە کە ناتوانن بە هەمان مووچە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن، ولە هەمان کاتدا زۆرێک لە ئاواتخوازان بۆ ئەم کارە هەن کە لە ڕیزدا چاوەڕێی دەستتپێکردن ئێش دکەن.
سەبارەت بە کەرتی گواستنەوە، سامر هادی، شوفێری تاکسی، بۆ ماوەیەکی زۆر باس لەوە دەکات کە بەنزین لە “زێڕ گرنتر بووە” هاوڵاتیانیش لە ناو تاکسی دەترسن، چونکە کرێ تاکسییان پێنیە.
سامر هادی نۆرس پرێس دەڵێت، پیشەی شۆفێری “وەک جاران قازانجی نەماوە، ئەگەر شوفێرێک بۆ ماوەی مانگێک قازانجێکی زۆر بەدەستبهێنێت، ئەوا هەموو ئەو شتانەی کە بەدەستی هێناوە، و ڕەنگە زیاتریش، لەگەڵ یەکەم سەردانی بو ناوچەی پێشەسازی و چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل خەرج دەکات.