شرۆڤەکاران: هۆکارەکانی بەردەوامبوونی ئەستانە تاوەکو ئێستاش هەیە… بەڵام نابێتە هوکارێکی ئەرێنی بۆ سورییەکان

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

رۆژانی 21 و 22ی مانگی رابردوو، پایتەختی کازاخستان میوانداری 20 مین خولی دانوستاندنەکانی “ئەستانە”ی کرد سەبارەت بە گوتوێژکردنی قەیرانی سوریا، بە بەشداری نوێنەرانی رووسیا، تورکیا، ئێران، حکومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن، هەروەها گەیر پێدەرسن نوێنەری نەتەوە یەکگرتووکان بۆ سوریا.

پێش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانی گەڕی 20مین، کەنات تۆمیچ، جێگری وەزیری دەرەوەی کازاخستان رایگەیاند کە ئامانجی کۆبوونەوەکان گەیشتووەتەدی و گوتی، “بە لەبەرچاوگرتنی گەرانەوەی سوریا بۆ نێو کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، پێشنیار دەکەین بە فەرمی رابگەیەنین کە 20ەمین کۆبوونەوەی ئەستانە کۆتا کۆبوونەوە دەبێت سەبارەت بە سوریا.”

دوای لێدوانی بەرپرسەکەی کازاخستان رووسیا و تورکیا و ئێران لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، رایگەیاندن “کۆبوونەوەی داهاتوو لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت”، ئایا کۆبوونەوەکانی ئەستانە بەردەوام دەبێت؟ ئایا هیچ پێشکەوتنێکی لە رووی سیاسی سەبارەت بە پرسی سوریا بەدەستهێناوە؟

پرۆسەی ئەستانە لە یەکەم کۆبوونەوەی 23 و 24ی مانگی 1 “کانوونی دووەمی” 2017دا دەستیپێکرد، ئەمەش دوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حکومەت و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە 29ی کانوونی دووەمی 2016.

“هۆکارەکانی بەردەوامبوونی هێشتا هەیە”

د. سەمیرا موبەید، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە لیژنەی هەموارکردنی دەستوری سوریا رایگەیاند، “زنجیرە دانوستاندنەکانی ئەستانە بە جیا لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە قەیرانی سوریا دەستیپێکردووە، بۆیە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و وڵاتانی عەرەبی هیچ پەیوەندییەکی بە بەردەوامی یان وەستانی ئەستانەوە نییە”.

  ئەو سیاسەتمەدارە سورییە بە نۆرس پرێس راگەیاند: ” ئیستا ترسی ئەوە هەیە کە تورکیا دەست بە سەر ناوچەکانی باکوری سوریادا بگرێت، بە تایبەتی ئەو بەشە سنووریانەی کە هێزە سەربازییەکانی تێیدا هەڵکەوتوون، ئەمەش لە کاتێکدا کە هێشتا هیچ چارەسەرێکی سەقامگیر لە ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا (ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە) بەدی نەهاتووە، بۆیە باکووری سوریا بە گشتی لە دۆخێکی سەقامگیری سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە “.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پرۆسەی ئەستانە کاری بۆ بەرێوەبردنی ململانێی سەربازی کردووە، مەرجەکانی بەردەوامبوونی، لە روانگەی ئەوانەی سەرپەرشتیاندەکرد (ئێران، روسیا و تورکیا) هێشتا هەیە”.

ئەستانە چی بەدەستهێنا؟

د. سەمیرا موبەید ئاماژە بەوە دەکات کە “کۆبوونەوەکانی داهاتوو پەیوەست دەبن بە پەرەپێدانی پێشهاتە سەربازی و سیاسییەکان بە هەمان شێوەی زەنجیرە کۆبوونەوەکانی ئەستانە، بەتایبەتی ئەو بابەتانە کە هەریەک لە لایەنە بەشداربووەکانی تێدا داوای دەکەن لە ژێر ناوی ئەمنی یان پێویستییەکانی رووبەرووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان یان خاڵەکانی دیکە کە ئەستانە هەوڵیدا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو چارەسەربکات”.

ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە لیژنەی هەموراکردنی دەستوری سوریا، دەلێت، کۆبوونەکانی داهاتوو، کار لە سەر دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو و بێلایەن بۆ پێشخستنی پرۆسەی دەستووری وەک بەشێک لە رێگایەکی سیاسی بۆ ئەو گۆرانکارییە ریشەییەی کە لە سوریادا پێویستە دەکات”.

“ئەستانە شەرعیەتێکی بە گەندەڵیدا”

د. عەلا ئالرەشی، بەرێوەبەری سەنتەری راهینان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئەڵمانیا، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “بەرواری دەستپێکردنی ئەستانە وەک راگەیاندنی مردن و کۆتایی شۆرشی سوریا و سەرەتای قۆناغی لەناوچوون و کاڵبوونەوە وابوو”.

سەبارەت بە ئەنجامەکانی “ئەستانە”، بە گوێرەی ئالرەشی دەکرێت کورتی بخرێتەوە، کە رێگایەک بوو کە “داگیرکارانی رووسیا و ئێرانی توانیان سەرکەوتنی سەربازی و دیمۆگرافی و تائیفی لە سووریا بەدەست بهێنن، و سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی هەموو ئەو ئامانجانە کە ئاواتەخوازن، و رەنگە زیاتر لەوەی کە ئاواتەخوازی بوون بەدەستیانهێنابێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەستانە بووتەوە هۆکارێک تاوەکو حکومەتی سوریا دووبارە دەست بە سەر ئەو ناوچانەدا بگرێت کە لە ماوەی قەیرانی سوریا لە دەستی دابوو، هەروەها دەرفەتی بە رژێمی سوریا دا کە هەناسەیەک هەڵمژێت بۆ دووبارە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی ناوچەکانی لە دژی حکومەتەکی سوریا شەریان دەکرد”.

دکتۆر عەلا ئالرەشی لە کۆتاییدا وتی: “ئەستانە شەرعیەت و هێزی بەخشیوەتە گەندەڵی، هاوکات سەرەتایەک بوو بۆ گەراندنەوەی رژێم بۆ نێو باوەشی عەرەبی، بەردەوامبوونی ئەستانەش نابێتە هوکارێکی ئەرێنی بۆ سوریا.”