منداڵە نەخۆشەکانی کامپێکی پەنابەرانی سوریا لە هەولێر ژیانی خێزانەکانیان سەختر کردووە
سهی کامیل – نۆرس پرێس
شیرزدان بۆتی منداڵێکی رۆژئاوایی کوردستانە، لەگەڵ خێزانەکەی لە کەمپێکی پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان دەژی، نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە، پێویستی بە سەنتەرێکی پزیشکی هەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام بارودۆخی دارایی یارمەتی خێزانەکەی نادات تێچووی چارەسەرکردنەکەی بدات.
شیرزدان نەیتوانی خۆی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری خۆی بگونجێنێت، بۆیە زیاتر لە جارێک هەوڵی خۆکوشتنیداوە، دایکی سێ جار لە مردن رزگاری کرد، بەو پێیەی تێگەیشتنە دەروونییەکانی سنووردارە و هەست بە کەمتەرخەمی دەکات بەراورد بە منداڵەکانی دیکە، چونکە بەهۆی باری تەندروستیەوە ناچێتە قوتابخانە، لەگەڵ منداڵەکانیش یاری ناکات.
دایکی شیرزدان، فەلەک سلێمان حسێن، بە نۆرس پرێسی گوت: “هێشتا ئومێد هەیە بۆ چاکبوونەوەی شیرزدان ، چونکە تەمەنی 12 ساڵە، هەروەها دەکرێت پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 18 ساڵ چارەسەری بۆ بکرێت، بەڵام هیچ رێکخراو و لایەنێکی مرۆیی کە لە بواری هاوکاریکردنی پەنابەران کار دەکەن دەستیان بۆ هاوکاریکردنی شیرزدان درێژ نەکردووە، بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم بارودۆخی منداڵەکەم لەبەرچاو بگرن، هەروەها یارمەتی بدەن بۆ چاکبوونەوە بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسایی بژی و بتوانێت ئایندەیەکی باش بۆ خۆی دروست بکات”.
بەشێکی زۆر لە منداڵانی پەنابەری سووریی لە نێو کەمپی قوشتەپە، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون، کە بەشێکیان پێویستی بە چارەسەری هەمیشەیی هەیە، بەشێکی دیکە پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەیە.
خێزانی ئەو منداڵانە لە ململانێدان بۆ دەستەبەرکردنی چارەسەر و دەرمان بۆ منداڵەکانیان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی پشکنینە پزیشکییەکان زۆر گرانە، هاوکارییە مرۆییەکان بۆ پەنابەرەکانی سوریا کەمبوونەتەوە.
مەجد محەمەد خەلەف، کە تەمەنی پێنج ساڵە، تووشی نەخۆشی شەکرە بووە، باری تەندروستی ناجێگیرە، بەتایبەتی کە شەکرە لە جەستەی بچوکیدا بەخێرایی دادەبەزێت، و بێهۆش دەبێت.
دایکی جیهان محەمەد سلێمان بە نۆرس پرێسی گوتووە: “دۆخی تەندروستی مەجە پێویستی بە دەستێوەردانی پزیشکی خێرا هەیە، چونکە شەکری خوێنی زیاتر لە جارێک لە رۆژێکدا دادەبەزێت”.
خێزانی مەجد ناتوانن چارەسەری هەمیشەیی بۆ منداڵە بچووکەکەیان دەستەبەر بکەن و تەنها شتێک کە دەتوانن دابینی بکەن هەندێک دەرمانن کە لە دەرمانخانەکە دەیکڕن، کە یارمەتیدەرن بۆ ریگریکردن لە دابەزینی ئاستی شەکری خوێن.
دایکی مەجد تۆشی کەمخەوی بووە، جەستەی بە ماندووێتی دیارە، ئەمەش بەھۆی کەمی کاتژمێرەکانی خەوتن، چونکە بەگوێرەی قسەی خۆی، ھەرکاتێک ھەوڵی خەوتن دەدات، هزر ودڵی لای مەجدە نەوەک لە ناکاو شەکری دابەزێت و بێهوش ببێت.
جیهان محەمەد دەلێت: “لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوو تەنها چەند کاتژمێرێک خەوتم، چونکە مەجد دەبێت بەردەوام لە نزیکم بێت چونکە تاکە کەسم کە نیشانەکانی دابەزینی شەکری خوێن دەزانم، دەبێت لەو کاتە خێرا دەرمان پێشکێشی بکەم، باوکی مەجد زۆربەی جار لە سەر کارە، هندێک جار شەوان کاتێک پشوێک وەردگرم باوکی لای دەبێت.”
خێزانی مەجد هەوڵی دەستەبەرکردنی دەرمان دەدەن بۆ ئەوەی منداڵەکەیان بە زیندووی بمێنێتەوە، بەڵام نرخەکەی بارگرانی دەکاتە سەر باوک، کە کاری بیناسازی دەکات، سلێمان دەڵێت: “هاوسەرەکەم کاسبە و رۆژانە کاردەکات، هەموو پارەی کە دێتە دەستمان دەیدەین بەدەرمان، هەندێک جاریش لە خزم و کەسوکارمان قەرز دەکەین بۆ کرینی دەرمان.”
خێزانی مەجد داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن چاو لە بارودۆخی کورەکەی بکەن و بیگوازنەوە بۆ چارەسەری دەستبەجێ بۆ دەرەوەی عێراق، چونکە چارەسەرەکەی نە لە هەرێمی کوردستان و نە لە سوریا بەردەست نییە.
چیرۆکەکی دیکەی ئازاربەخش چیرۆکی کورەکەی شیلان حەسەن قاسمە، کە چیرۆکەکەی دەگێرێتەوە فرمێسکەکانی دەسرێتەەوە و بە نۆرس پرێس دەڵێت: قاسم کورەکەم لە تەمەنی شەش مانگەوە تووشی ئیفلیجی مێشک بووە، ئێستا تەمەنی 11 ساڵە، رۆژ لە دوای رۆژ باردوخی خرابتر دەبێت، گوتیش هەوڵمدا لە رێگەی چارەسەری فیزایی ئازاری کەمبکەنەوە، بەڵام هیچ سوودی نەبوو.
شیلان ئاهێکی هەڵکێشا و دەڵێت: “سەبارەت بە کوڕە ناوەنجییەکەم، رەشاد، ئەو تووشی نەخۆشی فرەجووڵە بووە، ئەمەش وا دەکات نەتوانم کۆنترۆڵی بکەم، پێویستی بە سەنتەری پزیشکی و چارەسەرکەری شارەزا هەیە کە تایبەتمەند بن لەم جۆرە نەخۆشییەی منداڵان، سەبارەت بە منداڵە بچووکەکەشم کە ناوی (مەها) یە، تووشی ئۆتیزم بووە، بۆیە لە قوتابخانە وەرنەگیرا هەرچەندە ساڵی شەشەمی تەواو کرد.
مێردەکەی شیلان کرێکارە، کاری کاسبی رۆژانە دەکات بە مووچەیەک، ئەویش توانای دەستەبەرکردنی چارەسەر یان دەرمانی بۆ منداڵەکانی نییە، شیلان دەڵێت: “ئێمە بەتەواوی ناتوانین یارمەتی منداڵەکانمان بدەین، مووچەی مانگانەمان نییە بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی ژیانمان بکات. تەنها شتێک کە هاوسەرەکەم بەدەستی دەهێنێت لە خواردن و خواردنەوە و کاروباری ماڵەوە خەرجی دەکەین”.