قامیشلۆ – نۆرس پرێس
پێشانگای کاری دەستی لە ژێر دروشمی “ئیرادە ژیان دروست دەکات” لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان بۆ یارمەتیدانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەڕێوەچوو.
هەرچەندە باری تەندروستیان سەختە، بەڵام سەرجەم بەرهەمەکانی نێو پێشانگاکە کاری دەست و داهێنەری خاوەن پێداویستی تایبەتی شاری قامیشلۆ و کۆبانێیە.
دامەزراوەی نوودەم بۆ کەمئەندامان بۆ یارمەتی و پشتیوانی ماددی و مەعنوی و پاڵپشتی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەم دەستپێشخەرییەی رێکخست.
بەرهەمەکانی نێو پێشانگەکە لەلایەن 20 بۆ 30 خاوەن پێداویستی تایبەت ئامادەکراون.
هونەری کارەکانیان دوخی تەندروستی و ژیانیان و هەروەها ساتەکانی هێز و دڵخۆشیان لە ژیانیاندا لێکدەداتەوە.
ئەندامی رێکخراوی نوودەم، فەهیمە عیماد، بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، “لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە، ویستمان هێز و مۆڕاڵ بەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانە ببەخشین بۆ ئەوەی بتوانن بە هێزێکی زیاتر و بەردەوام پەرە بە تواناکانیان بدەن و بەرەنگاری سەختییەکانی ژیان ببنەوە”.
ئەندامی رێکخراوی نوودەم هەروها دەلێت، لە ئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەو کەسانەن و ئامادەکاری بۆ ئەم پێشانگەی دەکەین و بە دڵنیاییەوە ئەم پێشانگە بۆ ماوەی 2 رۆژ بەردەوام دەبێت”.
فەهیمە ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم جۆرە چالاکییانە متمانە و هێز بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەبەخشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی کارەکانیان و دڵخۆشییان”.
موحسین خاوی، کە خاوەن پێداویستی تایبەتە لە تەمەنی 16 ساڵیەوە کاری فۆتۆگرافەری دەکات دەڵێت: “ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە بەرەو پێشکەوتنمان دەبەن و بەمەش هێزمان بۆ ژیان و هونەری کاری دەستی زیاد دەکات”.
محیسن گوتی: “ئامانجمان ئەوەیە لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە پشتگیری زیاتر بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت بکرێت”.