لە رۆژئاوایی کوردستان، بازرگانان بەرهەمی جۆیان قورخکردووە

فەتاح عیسا – کۆبانێ

عیدان و زۆربەی جوتیارانی ناوچەی کۆبانێ و رۆژئاوایی کوردستان بەهۆی بریارەکەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر سەبارەت بە وەرنەگرتنی بەرهەمی جۆی جووتیاران لە نێوان فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بەهەرزانی یان هەڵگرتنی بۆ کاتێکی دیکە دوودڵ ماونەتەوە.

عیدان حاج رەمۆ، تەمەن 60 ساڵ، جووتیارێکی خەڵکی گوندی دۆنغزە لە گوندەواری کۆبانی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بەرێوبەرایەتی خۆسەر نرخی کڕینی جۆی بە 35 سەنت دیاریکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا بریاری دا وەرینەگرێتەوە، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ بازرگانان بۆ قورخکردنی بازاڕ، وکڕینی یەک کیلۆ جۆ لە جوری نایاب بە 20 یان 22. سەنت.

جووتیارانی کۆبانێ گلەیی ئەوە دەکەن کە بازرگانانی دانەوێڵە پابەند نین بەو نرخەی کە لەلایەن بەرێوبەرایەتی خۆسەری دیاریکراوە بۆ کڕینی جۆ، هاوکات بازرگانان هۆکاری دابەزینی نرخی جۆ بۆ ئاڵۆزی رێکارەکانی گواستنەوەی جۆ لە نێوان هەرێم و ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر دەگەڕێننەوە.

بازرگانی ناوخۆیی

حاج رەمۆ کە نزیکەی 30 هێکتاری چاندووە، نیوەی بە گەنم و ئەوی دیکەشیان بە جۆ، باس لەوە دەکات، هەفتەیەک بەر لە ئێستا بەروبوومی جۆی خۆی دروێنەکردووە و ناچار بووە لە چادرێکدا هەڵیبگرێت تاوەۆو ئەو کاتەی بازرگانەکان نرخێکی باشتر بۆ کڕین پێشکەش بکەن.

هەندێک لە جووتیاران بۆ چاندنی زەویەکانیان، پارەیان قەرز کردووە “هەر بۆیە ناچارن لەم کاتەدا بەروبوومەکە بفرۆشن، بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدەنەوە، ئیتر بە 20 یان 22 بێت ناچارن بیفرۆشن”.

بە گوتەی حاج رەمۆ، بازرگانی جۆ تەنیا لە ناوچە ناوخۆییەکان سنووردارە، بۆنمونە بڕێک لە جۆی کۆبانێ بۆمەنبەج دەگوازرێتەوە، بەڵام بە گشتی نرخی چۆ  بە هەرزان دادەنرێت.

عەبدولقادر، تەمەن 50 ساڵ، جووتیارێکی خەڵکی گوندی بۆغاز لە گوندەواری باشووری کۆبانی دەڵێت، بەرهەمی جۆ ئەمساڵ زۆر باشە، دەشڵێت، ئەوان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بەرهەمی وەرزی ئەمساڵ بوون بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان دوو ساڵی رابردوو، بەڵام کەمبوونەوەی نرخی کڕینی جۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر جووتیاران هەبووە.

کاریگەری بڕیاری بەرێوبەرایەتی خۆسەر

عەبدولقادر پێی وایە، بەرێوبەرایەتی خۆسەر، دوای دیاریکردنی نرخی کڕینی جۆ، نەدەبوو وەرنەگرتنی جۆ ڕابگەیەنێت، “چونکە پێش بریاری وەرنەگرتنی جۆ، بازرگانەکان بە نرخێکی باش دەیانکڕی، بەڵام دوای دەرچوونی بریارەکەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر، بازرگانەکانیش نرخی کڕینی جۆیان کەمکردووە، ئەمەش وایکرد کە کاریگەری نەرێنی لەسەر جووتیاران هەبێت.

جووتیاران بەراوردێک لە نێوان نرخی یەک تۆن تۆوی جۆ، کە لە سەرەتای وەرزی چاندنیدا کە گەیشتە 500 دۆلار، لەگەڵ نرخی ئێستای دەکەن و دەڵێن “تێچووی یەکسانە بە نرخی 2 تۆن بەراورد بە کاتی کڕینی تۆو”.

ئاستەنگیەکانی بەردەم بازرگانان

سەعدون موسلیم، خاوەنی کۆمپانیای “رۆژهات” بۆ بازرگانی دانەوێڵە لە کۆبانێ دەڵێت: “نرخی جۆ لە کۆبانێ هەرزانە، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە بەرێوبەرایەتییەکە ڕووبەڕووی بازرگانان دەبێتەوە بۆ بەبازاڕکردنی ئەو بەرهەمە”.

موسلیم ئاماژەی بەوەشکرد، بازرگانەکان دەتوانن هەزاران تۆن جۆ بکڕن، بەڵام هیچ ئاسانکارییەک نییە بۆ بەبازاڕکردنی پرۆسەی گواستنەوەی جۆ لە هەرێمێک بۆ هەرێمێکی دیکە، چونکە وەرگرتنی مۆلەتی گواستنەوەی یەک بار جۆ پێویستی بە کۆکردنەوەی چەند واژۆیەک هەیە لە ژمارێیەک شوێنی جیاواز هەیە”.

ئەو بازرگانە ترسی ئەوەی هەیە بڕێکی زۆری جۆ بکرێت و دواتر بەرێوبەرایەتی خۆسەر ڕێگری بکات لە گواستنەوەی جۆ لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە، ئاماژە بەوەش کرد کە جووتیاران و بەخێوکەرانی ئاژڵەکان لە کۆبانی پێداویستیەکانیان لە جۆ هەڵیانگرتوووە.

دەشڵێت بازرگانان دەیانەوێت جۆ بگوازنەوە بۆ  ناوچەکانی مەنبەج و دێرەزوور و رەقە و جزیرە، بەڵام “رووبەڕووی ئاڵۆزی زۆر دەبنەوە و ئاسانکارییان بۆ ناکرێت”.

موسلیم پێیوایە دابینکردنی ئاسانکاری بۆ بازرگانەکان هانیان دەدات بۆ کڕین و هەڵگرتنی دەیان هەزار تۆن جۆ، هەروەها دەبێتە هوکاری باشترکردنی نرخی ئەو بەرهەمە.

موسلیم باس لەوە دەکات کە بەرێوبەرایەتی دەتوانێت رێگری لە هەناردەکردنی جۆ لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بکات، لە رێگەی قەدەغەکردنی هەناردەی جۆ لە دەروازەکانی سێماڵکا، ئوم جەلود و تەبقا و رێگەدان بە بازرگانی و بازاڕکردنی لە نێوان ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر بەبێ مامەڵە ئیداری و ئاڵۆزییەکان بێت.

بازرگانانی کۆبامء لە ئێستادا بۆیان نییە جۆ هەناردە بکەن بۆ هیچ ناوچەیەک جگە لە مەنبەج، گواستنەوەی جۆ بۆ مەنبەجیش پێویستی بە واژۆکردنی چەندین شوێن هەیە، هاوکات بازرگانانی کۆبانی بۆیان نییە جۆ بۆ ناوچەکانی جەزیرە و دێرەزوور بگوازنەوە.