هۆشداری نێوده‌وڵه‌تی له “قه‌ڵاچۆی مرۆیی” به ئه‌تۆم له پاش نیو سه‌ده له قه‌ده‌غه‌كردنی
هه‌ولێر-نۆرس پرێس
ئه‌نتۆنیۆ گۆتیرس، ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان كه‌ڕه‌نای مه‌ترسی له‌باره‌ی شه‌ڕی ئۆكرانیا‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌تۆمی له ئاسیا‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لێداو هۆشداریدا له‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی له “یه‌ك هه‌نگاوی نه‌ژماره‌وه” نزیكه بۆ “قه‌ڵاچۆی ئه‌تۆمی.”
ئه‌و هۆشدارییه دوێنێ دوشه‌ممه له كۆنگره‌ی پێداچونه‌وه به قه‌ده‌غه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆم هات كه 50 ساَڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه.
ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردنه له 26ی مانگی ئابی ئه‌مساڵدا كۆتایی دێت و ده‌بوایه كۆنگره‌كه له 2020دا بكرایه، به‌ڵام به‌هۆی كۆرۆناوه دواخرا، ئه‌وه‌ی پێشبینیش ده‌كرێت رێكه‌وتن له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی دواتر له ئاستێكی به‌رزدا نییه.
به وته‌ی گۆتیریس، ئه‌و كۆنگره‌یه كه مانگێك به‌رده‌وامی ده‌بێت، له كاتێكدا ده‌به‌سترێت مه‌ترسییه‌كی وه‌ها له ئارادایه له‌كاتی شه‌ڕی سارده‌وه، به‌و شێوه‌یه نه‌گه‌شتوه‌ته لوتكه.
ئه‌وه‌شی وت، كۆنگره‌كه، “ده‌رفه‌تێكه بۆ دانانی ئه‌و رێكارانه‌ی كه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ درخستنه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی دیاریكراو و خستنه‌سه‌ر رێی مرۆڤایه‌تی بۆ جیهانێكی خاڵی له چه‌كی ئه‌تۆم.”
هاوكات مه‌ترسی نیشاندا له‌وه‌ی چه‌كی جیۆسیاسی بگاته ئاستێكی به‌رز، كه به وته‌ی ئه‌و، ئه‌وه له كاتێكدایه 13000 جبەخانەی ئه‌تۆم له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌یه.
گۆتێرێس داواشی لە بەشداربوانی کۆنگره‌كه کرد، چەندین ڕێوشوێن بگرنەبەر، لەوانەش بەهێزکردن و ته‌ئكیدكردنه‌وه “له بنه‌ماكانی 77 ساڵەی دژ به بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی”.
کارێکی بێ‌وچان بۆ نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی بە په‌یوه‌ستبونێكی نوێوه بۆ کەمکردنەوەی جبەخانەکان و چارەسەرکردنی “بەرزبونەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا” و به‌هێزكردنی بەکارهێنانی ئاشتیانەی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، یه‌كێكی تر بو له داواكارییه‌كانی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان.
پەیمانی قه‌ده‌غه‌كردنی چەکی ئەتۆمی لە ساڵی 1970ەوە کاری پێدەکرێت و زۆرترین پابەندبون پێوه‌ی هه‌یه زیاتر له هەر پەیماننامەیەکی کۆنترۆڵکردنی چەک و 191 ئەندامی هەیە.
لەمیانی وتاری ده‌ستپێكیاندا له كۆنگره‌كه‌دا، نوێنەرانی وڵاتانی ئەمه‌ریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، بەڕێوەبەری بەرنامەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتوەکان مەترسی رودانی کارەساتی ئه‌تۆمییان وروژاند.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، کۆریای باکور ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی حەوتەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی.
وتیشی، ئێران “یان ئامادە نییە یان ناتوانێت” ڕێككەوتنێك قبوڵ بكات بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 بە ئامانجی سنورداركردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی، ئاماژەشی كرد بە ڕوسیای ئەتۆمی كە ئێستا له شەڕدایه لەگەڵ ئۆكرانیا.
بلینکن ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو، روسیا دەستی بەسەر گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپادا گرتوە لە زابۆریزیهزیا و وەک بنکەیەکی سەربازی بۆ تەقەکردن لە ئۆکرانییەکان بەکاریدەهێنێت.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، دابه‌شبونه‌كان لە دوایین کۆنفرانسی پێداچونەوەوه لە ساڵی 2015، کە بەبێ كۆده‌نگی كۆتاییهات، گه‌وره‌تر بون.
ئاماژەی بەوەشدا، هەڕەشەی ڕوسیا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە شەڕی ئۆکرانیادا رۆڵی هه‌یه لەوه‌دا “نیگەرانی جیهانی سه‌باره‌ت به رودانی كاره‌ساتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ببێت به ئه‌گه‌رێكی راسته‌قینه”.
ئانالینا باربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی له‌وه‌كرد، “گوتاری ئەتۆمی” مۆسکۆ لە دوای داگیرکردنی دراوسێ بچووکەکەیەوە “هەمو ئەو شتانە دەخاتە مەترسییەوەكه رێكه‌وتنی قه‌ده‌غه‌ی ئه‌تۆم بۆ ماوه‌ی 5 ده‌یه بەدەستی هێناوە”.
واپێدەچو پوتین لە پەیامی پێشوازی بۆ بەشداربوانی كۆنگره‌كه کە ڕۆژی دوشەممە لە ماڵپەڕەکەی خۆی بڵاویکردەوە، پاشەکشەی كردبێت له هۆشداریدانی سه‌باره‌ت به به‌كارهێنانی ئه‌تۆم و له په‌یامه‌كه‌یدا وتی، “پێمانوایە هەرگیز ناتوانرێت شەڕی ئەتۆمی سه‌ركه‌وتوبێت و ناشكرێت هه‌ڵبگیرسێنرێت، ئێمە بەرگری لە ئاسایشی یەکسانی دابەشنەکراو دەکەین بۆ هه‌مو ئه‌ندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی”.
شاندی روسی بەشداربوی کۆنگره‌كه‌ش شەوی دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بە توندی بانگه‌شه‌كه‌ی بلینکنیان ڕەتکردەوە سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ڕوسیا وێستگەی زابۆریزیهزیا وەک بنکەیەکی سەربازی بەکاربهێنێت و ڕایگەیاند، ژمارەیەکی سنوردار لە کارمەندانی سەربازی لەوێدان بۆ “دڵنیابون لە سەلامەتی و ئاسایشی وێستگەكه.”
لای خۆیەوە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ململانێی ئۆكرانیا “هێندە جدی بوە تارمایی ئەگەری روبەڕوبونەوەی ئەتۆمی، یان هه‌ر روداوێكی تر، جارێكی دیكە سەری ترسناكی بەرزكردۆتەوە”.
هۆشداریشیدا لەوەی دۆخی وێستگەی ئەتۆمی زابۆریزیهزیا، “ڕۆژ ڕۆژ مەترسیدارتر دەبێت” و داوای لە هەمو وڵاتان کرد هاوكاربن بۆ ئه‌وه‌ی تیمێک لە پسپۆڕانی سەلامەتی و ئاسایش لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی بۆ ئەو وێستگەیە بكه‌ن.
بەپێی مەرجەکانی پەیمانی ئەتۆمی، پێنج زلهێزی ئەتۆمی سه‌ره‌كی كه بریتین له “ئەمریکا، چین، ڕوسیا (یەکێتی سۆڤیەتی پێش‌و)، بەریتانیا و فەرەنسا” كۆكن لەسەر ئه‌وه‌ی رۆژێك جبەخانەکانیان لابه‌رن.
ئەو وڵاتانەشی خاوەنی چەکی ئەتۆمی نین، بەڵێنیان داوە هه‌وڵی به ده‌ستهێنانی ئه‌و چه‌كه نه‌ده‌ن، لە بەرامبەر فه‌راهه‌مكردنی به مه‌به‌ستی پەرەپێدانی وزەكه بۆ بۆ مەبەستی ئاشتییانە.
هیندستان و پاکستان، کە پەیوەست نەبون بە پەیمانی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی، بەردەوامن لە بەدەستهێنانی بۆمبەکە، کۆریای باکوریش به هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕێککەوتنەکەی واژۆ کردوه.
وەک راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان پێشبینییان كردوه، ئیسرائیل، کە ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ی واژۆ نه‌كردوه، خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمییە، بەڵام نه پشتڕاستی ئه‌وه‌ی كردوه تا ئێستا، نه ره‌تیشیكردوه‌ته‌وه.