هەنگاوەکانی داهاتووی ناتۆ، سوید و ئۆکرانیا دوای فینلەند

هێلسنکی – نۆرس پرێس

دوابەدوای سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیادا، یەکەم هەنگاوی ئەمریکا بەرەو رێککەوتن بوو لە گەڵ حکومەتی نوێی تورکیا، دەربارەی دۆسیەی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، کە ئەوان و هەنگاریا دوو لەمپەرن لەبەردەم ئەو بەئەندامبوونەدا.

دوێنێ پێنجشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە سوێد رایگەیاند، “لە دیدی ئەمریکاوە، ئێستا کاتی ئەوەیە کە سوێد ببێتە ئەندامی ناتۆ.”

ئەمڕۆ هەینی، ئەنتۆنی بلینکن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناتۆ لە هێلسنکی پایتەختی فینلەندا رایگەیاند، کە”ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی سەروەری خاکی ئۆکرانیا بپارێزن و لە هێرشەکانی مۆسکۆ دووریخەنەوە”.

گوتیشی “لێناگەڕێین وڵاتانی دراوسێی رووسیا بکەونە ژێر مەترسی هێرشەکانی پوتینەوە”.

دوێنێ پێنجشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکیدا لە ئەکادێمیای هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە کۆلۆرادۆ رایگەیاند: “ئێستا ناتۆ بە وزەتر و یەکگرتووترە لە دەیەکانی رابردوو، بە بەئەندامبوونی فینلاند لە رێکخراوەکە، ناتۆ، بەهێزتر بووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا، سوێد دەبێتە ئەندامی ناتۆ، من بەڵێنتان پێدەدەم.”

هاوکات، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە ئۆسلۆ رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات و هەڵدەدات تورکیا رازیبکات ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پەسند بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.

تورکیاش وەکو ئەندامێکی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند کە ئامادەن داواکاریی فینلاند و سوێد بۆ بوونە ئەندامی رێکخراوەکە پەسند بکەن بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بە تایبەتی سوێد، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکاتەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تەنیا بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بوو.

لەمبارەوە، مەولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، لە پەیامێکیدا لە هەژماری خۆی لە تویتەر، وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی سوید، تۆبیاس بیلسترۆمی دایەوە، کە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە ئۆسلۆ پایتەختی نەرویج دابووی.

لە پەیامەکەی چاوشئۆغڵودا هاتووە: “پەیامێکی زۆر روون بۆ دۆستە سویدییەکانمان، بەرپرسیارێتییەکانتان لە یاداشتنامەی سێقۆڵی بەجێبگەیه‌نن و هەنگاوی کرداری بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بگرنەبەر، ئەوکات پرسەکانی دیکە چارەسەر ده‌بن”.

بیلسترۆم لە پەیامێکیدا لە تویتەر سەبارەت بە کۆبوونەوەکە گوتبووی: “کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە ئۆسلۆ، پاڵپشتییەکی بەهێزی وڵاتانی ئەندام سەبارەت بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ نیشاندا. ئەمە، پەیامێکی روونە بۆ تورکیا و هەنگاریا سەبارەت بە دەستپێکردنی پرۆسەی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ”.

دوێنێ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە کۆبوونەوەیەکی نافەرمیدا لە ئۆسلۆ بەیەکگەیشتن و تاوتوێی ئامادەکارییەکانی لووتکەی ڤیلنیوس دەکەن کە لە 11-12 تەمموز ئەنجامدەدرێت.

ئەمڕۆش لە هێلسنکی پایتەختی فینلەندا، ئەندامە نوێکەی ناتۆ، بۆ هەمان مەبەست و بۆ تاوتوێکردنی بەئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ کۆبوونەوە.

دوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی رابردوو، سوید و فینلاند کە هەردووکیان سنووری ئاوییان لەگەڵ رووسیادا هەیە، بڕیاریان دا بۆ پاراستنی خۆیان پەیوەست بە ناتۆوە بن.

لە سەرەتاوە تورکیا دژی ئەندامەتی هەردوو وڵات بوو دەنگی بۆ پەسەندکردنی داواکەیان نەدا.

پێشتر سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتین گوتبووی: ”پەیوەست بوونی سوید و فینلاند بە ناتۆ هیچ مەترسییەکی بۆسەر رووسیا نابێ، به‌ڵام ئەگەر ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ژێرخانی سەربازی لەو دوو وڵاتە بەهێز بکات، مۆسکۆ وەڵامی دەداتەوە”

لە لایەکی دیکەوە و لە کۆبوونەوەکەی ئۆسڵۆدا، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ” ناتۆ دەرگای بۆ ئۆکراینا لەسەرپشتە، هەموو هاوپەیمانان لەگەڵ ئەوەدان کە دەرگاکە واڵابێت، تەنیا هاوپەیمانان و خودی ئۆکراینا دەتوانن بڕیار لەبارەی ئەندامبوونی وڵاتەکەوە بدەن، رووسیا مافی ڤیتۆکردنی نییە، هەموو هاوپەیمانەکان رازین بۆ ئەندامبوونی ئۆکراینا.”

هاوپەیمانێتیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە: هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.