ئەنجامی کۆتایی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا تاوەکو نووسینی ئەم وتارە روون نەبووەتەوە، بەڵام سیماکانی قۆناخی داهاتوو و ئەگەرەکانی روونتر کردووە، دەرئەنجامەکانی داهاتوویش تەمومژاوین، تورکیا لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەچێتە دۆخێکی ناسەقامگیری و لایەنی براوە کە پێدەچێت خودی ئەردۆغان بێت، ناچار دەبێت رووبەڕووی بارودۆخێکی نائاسایی بێتەوە، کە ناتوانێت پشت لە پرسەکانی نێوخۆی تورکیا بکات یاخود لە رێگەی پرسەکانی دەرەوە پرسەکانی نێوخۆییش پەردەپۆش بکات.
لە نێوان بارودۆخی ئابووری و کێشەی پەنابەران و پرسی کورد؛ ئەم بابەتە هەوڵ دەدات پرسی سێیەم لە نێوانیاندا بخاتەڕوو، کە لە ژێر ناونیشانی “پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی”دا دەگرێتەوە، لەگەڵ هەموو کاریگەرییە راستەقینە و پرسە دروستکراوەکانی، هەروەها پەیوەندییە شاراوە و ئاشکراکانی نێوان ئەم پرسە و هەڵبژاردنەکان دەبێتە دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە لقەکانیشی.
لە ناوەڕاستی ساڵی 2015دا سەردەمی رازیبوون و ئاسوودەیی ئاشکرا بۆ پارتی داد و گەشەپێدان کە 13 ساڵ خایاند کۆتایی هات و تەنها بە رێژەی ٪41 لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا 49% بوو، ئەمەش وڵاتی خستە حاڵەتێکی نادڵنیایی سیاسی و سەرلێشێواوی سیاسی توندەوە، جگە لەو ئاماژانەی کە باسیان دەکەین، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر خاڵە سەربازییە کوردییەکان، هەروەها هێرشی دواتر بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی لەلایەن یەکەکانی کوردەوە بۆ سەر هێزەکانی تورکیا ئاماژە و نیشانەیەک بوون بۆ کۆتایی هاتنی ئاگربەست و هیوایەک کە نزیکەی دوو ساڵی خایاند.
ئێوارەی 21ی ئازاری 2013، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە ئەو ڕۆژە هەزاران کورد لە شاری ئامەد کۆبوونەتەوە “بۆ گوێگرتن لە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان – لە زیندانەکەی خۆیەوە لە ئیمرالی- دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدار، بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە شەڕەکەدا کە 30 ساڵی لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا خایاند، پەیامەکە لەلایەن سیاسەتمەداری تورکیا، سری سورەیا ئوندەرەوە بۆ جەماوەرە چاوەڕوانکراوەکە خوێندرایەوە، ئەویش بە “سەرەتای سەردەمێکی نوێ” ناساندی و داوای لە چەکدارانی پەکەکە لە نێوخۆی تورکیا کرد “بۆ بەرەکانی دەرەوەی سنور” بکشێنەوە بۆ چیای قەندیل، لە رێگەی چیای مەتینا.
بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2015دا، لایەنێکی سیاسی کە نوێنەرایەتی کوردەکانی تورکیا دەکرد (هەدەپە) توانی 13.12%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بە 80 پەرلەمانتارەوە لە پەرلەمان، لە سەر حیسابی پارتی داد و گەشەپێدان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەم ئەنجامەش ئاکەپە زۆرینەی رەهای خۆی لە ناوچە کوردیەکان لەدەستدا.
ئایا ئەو ئەنجامانە و فاکتەر و دەرەنجامەکانیان هۆکاری گۆڕانی باری دەروونی ئاشتیانە، و خراپتربوونی “قەیران” گرژییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بوون؟! لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی لۆمۆند لەو ماوەدا لە راپۆرتێکدا رایگەیاند “پارتی کرێکاران بەنیازی ئەوە نەبووە چەک دابنێت. پارتی کرێکاران وای دانابوو کاتێک شەڕەکە لە تورکیا کۆتایی هات، گەریلاکان بەرەو شوێنێکی تر جوڵە بکەن، بۆ سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیهادییەکان؟ سەرجەم گەریلاکان بە جۆش و خرۆشەوە وەڵامیان دایەوە: “بەڵێ” ئەگەر لە باکوری کوردستان / تورکیا / چارەسەرێکی سیاسی بدۆزرێتەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لێرە دادەنیشین و هیچ ناکەین”، وەک ئەوەی گەریلا خەلیل گوتی: “پێویستە بەرگری لە گەلی کورد بکەین” هەر ئەمەش بوو بناغەی کێشەیەکی دیکە، کە لێرەدا لەم بابەتەدا جێگەی باسکردنی نییە.
بەڵام هێنانەوەی دەستەواژەی “پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی” کارێکی سروشتی بووە و لە بۆردومانەکانی باکووری عێراقدا (هەرێمی کوردستان) نەوەستێت، بەڵکو بگوازرێتەوە بۆ باکووری سوریا (ناوچەکانی هەسەدە).
ئەمەش هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاسۆی یەکلاکردنەوەی “پرسی کورد” لە تورکیادا رویدایەوە، گرژی لە دەرەوە و نێو سنوورەکان – هەردووکیان – دەبنە ئامرازەکانی سیاسەتی ناوخۆ و هەڵبژاردن.
سەرەڕای درێژی مێژووی گرژی نێوان تورکەکان و کورد، بەتایبەتی دوای دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە و بەکارهێنانی پەیوەندیی تورک-نەتەوەیی لەگەڵ عەلمانیەت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نەتەوەیی و هەوڵی توانەوەی هەمووان گەلانێ نێو تورکیا لە ژێر ناوی یەک نیشتمانی / یەک نەتەوەدا، لە بەرامبەردا لە کۆتایی سەدەی رابردووەوە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وازی هێنا لە بەرزکردنەوەی دروشمی کوردستانی ئازاد و یەکگرتوو لە بەشەکانیدا کە بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە، سەرنجی لەسەر خۆبەڕێوەبەری و مافە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکان بووە.
لە ساڵی 2015دا، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەسەر ئەو گۆڕانکاری و پرۆسانەی گونجاندن و مۆدێرنیزاسیۆن، پشتی بە خەباتی ئاشتیانە و بە رێبازی پەیوەستبوون بە یەکێتیی ئەوروپا دامەزرا، کە مافەکانی کوردی لە مەرجەکانی خۆیدا هێشتەوە، تاوەکو ئەوکاتەی لە هەڵبژاردنی 2015دا سەرکەوتنی گەورەی خۆی بەدەستهێنا. دوای ئەوە ناوی لێنرا (دروستکەری پادشا)، چونکە دەنگەکانی هەڵبژاردن و پەرلەمانی بوو بە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەژموونی حزبێک بەسەر حزبێکی دیکەدا لە زۆرینەی دەسەڵاتدار یان ئۆپۆزسیۆن و ئاستی دەسەڵات و هەژمونیان.
رێبازێکی تیژ لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد لە تورکیادا هەیە، کە بەهۆی توندی ململانێ هەڵبژاردنەوە خراپتر دەبێت، ئەم پاڵنەرە زیاتر لە دەرەوەی سنوورەکان دەبیندرێت، لە شێوەی دەستێوەردان لە خاکی عێراق بۆ لەناوبردنی پارتی کرێکاران، هەروەها شەڕ لە نێو خاکی سوریا کە ئاڵۆزتر و توندوتیژترن، بەهۆی گواستنەوە لە چەمکی نێوان پرسی کورد/تورکیا و پرسی کورد/سوریا. ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە هاوینی 2016 بە بەناو “قەڵغانی فورات” دەستیان پێکرد و داعش و بوونی لە ناوچەی نێوان جەرابلوس و عەزاز و تەنانەت بابیش لە باشوور کردە ئامانج، دواتر ئۆپەراسیۆنی “چلە زەیتون”، بۆ کۆنترۆڵکردنی دەڤەری کوردی عەفرین رایگەیاند؛ لە کۆتاییدا ئۆپەراسیۆنی “کانی ئاشتی” لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019، کاتێک ناوچەی نێوان سەرێ کانی گرێ سپی کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆلی هێزەکانی سوریا دیموکرات دابوو.
رەنگە ئەم ئاڵۆزییانە پێویستیان بە جیابوونەوە هەبێت، هەرچەندە بە شێوەیەکی رێژەییش بێت، هەر ئەمەش بە شێوەیەکی سروشتی و بابەتیانە وردە وردە روودەدات، بەڵام لایەنەکانی لێرە و لەوێ نایانەوێت گرێکان هەڵبوەشێننەوە و تێوەگلاون لە بەردەوامبوونیان، بە هۆکارێک کە هەندێکیان ئایدیۆلۆژین.
لە کۆتاییدا و بە شێوەیەکی کاتی: ئەوەی توەکو ئێستا دڵنیابووەتەوە ئەوەیە کە پارتی داد و گەشەپێدان و سەرۆکەکەی بەشێکی زۆری دەنگ و جەماوەری خۆیان لەدەستداوە. خولی دووەم توندتر دەبێت، بەڵام ئەوەی بەدوایدا دێت گەرمتر و گرژتر دەبێت. بەڵام دەنگی کورد لە پێشبڕکێیەکدا دەبێت لەگەڵ کاتدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامەکەی بە بۆچوونی زۆرینەی رەهای چاودێران لە بەرژەوەندی ئەردۆغان دەبێت.
ناوچەکە و جیهان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا لە ژێر چاوەڕوانیدا بوون، ئێستاش هەروایە. هەر لایەنێک دەتوانێت رێگای گرژی بگرێتە بەر لە پێناو باشترکردنی دەنگەکانی، یان ڕێگای ئاشتی و سازان و بەرژەوەندی گشتی. کورد لێرە رۆڵێکی گرنگ و “دروستکەری پادشا” هەیە، بەتایبەتی ئەگەر بتوانێت رێژەیەک کۆبکاتەوە کە بگاتە ئەو رێژەیەی کە لە ساڵی 2015دا بەدەستی هێناوە، یان زیاتر لەو رێژەیە.