رەقە – نۆرس پرێس
“چوار ساڵ لەمەوبەر، لە ماڵەکەمدا پەنیرمان لێنەدەبرا” ئەسعەد بە دڵتەنگی باس لەوە دەکات کە چۆن هیچ بەرهەمێکی شیرەمەنی نەکریوە، بەو پێیەی نرخەکانیان بەرزبووەتەوە و بوونەتە خۆراکی چینە دەوڵەمەندەکان.
ئەسعەد ئەلعەبودی تەمەن (67 ساڵ) دانیشتووی شاری رەقەی باکوری سوریایە، هیوای خواستبوو دوای ئەو بارانە زۆرەی رووی لە ناوچەکە کردووە، نرخی پەنیر و شیر دابەزێت، بەو پێیەی لەوەرگەیەکی زۆر هەیە بۆ ئاژەڵداری، ئەمەش مانای ئەوەیە بەرهەمە ئاژەڵییەکان زۆرن.
دانیشتوانی شاری رەقە گلەیی لە بەرزبوونەوەی نرخی “زۆر” و بەردەوامی نرخی پەنیر و شیر دەکەن، کە وایکردووە نەتوانن لەسەر سفرە و خوانەکانیان دایبنێن، دوای ئەوەی پێشتر یەکێک بوو لە خواردنە سەرەکییەکانی هەموو ماڵێک.
ئەلعەبود باس لەوە دەکات کە نرخی بەرهەمە شیرەمەنیەکان لەم رۆژانەدا گران بووە، بەهۆی پەیوەندییان بە ئاڵوگۆری دۆلاری ئەمریکییەوە، هەروەها کۆنترۆڵکردنی ئاژەڵدارەکان بە بیانووی گرانیی تێچووی عەلوە.
خێزانەکەی ئەلعەبود لە 10 کەس پێکهاتووە، پێی وایە ئەمساڵ وەرزی بارانبارین باش بووە و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی خۆراکی ئاژەڵان، هەربۆیە دەبێت نرخی پەنیر و شیر دابەزێت و لە راستیدا ئەوەش رووی نەداوە.
ئەو دەڵێت: “پێشتر هەمیشە پەنیرم بۆ خێزانەکەم دەکڕی، بەڵام ئێستا بەهۆی گرانیی نرخەکەیەوە ناتوانم، هەرچەندە کاردەکەم بۆ فرۆشتنی بە کەسانی دیکە، بەڵام خۆمان لێی بەدوور گرت و ئێستا لەبری ئەوە مرەباکان دەخۆین”.
بەخێوکەرانی ئاژەڵدارەکان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، لە ئەنجامی وشکەساڵی و نەبوونی عەلوە و کەمی نرخی ئاژەڵەکانیان، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆریان نیوەی مەڕەکانیان لەدەست بدەن.
عەلی حوسێنی تەمەن (30 ساڵ)، خەڵکی شاری ئەلسویدییە لە گوندەکانی ئەلتەبقە لە باکوری سوریا، هۆکاری گرانی نرخی پەنیر و شیر دەگەرێنێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بڕی شیرەکە کەمیکردووە.
ئەو پیاوە بە دابینکردنی بەرهەمی شیر لە گوندەکانەوە بۆ شاری رەقە، رۆژانە کاردەکات.
دەشڵێت، لە سەرەتای وەرزدا خواست لەسەر کڕین باشتر بووە بە بەراورد بە ئێستا، بەهۆی بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە شیرەمەنیەکان، ئەمە جگە دارمانی بەهای لیرەی سوریا بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان.
نرخی کیلۆیەک شیری مەڕ گەیشتە 4500 و کیلۆیەک ماست بە 3500 لیرە، هاوکات نرخی کیلۆیەک پەنیر لە نێوان 17 هەزار بۆ 20 هەزار لیرەی سورییە، بەگوێرەی گوتەکانی حوسێن، پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنەکردن بگاتە 25 هەزار لیرەی سوری.
لە کاتێکدا نرخی دۆلار گەیشتە لوتکەی 9 هەزار لیرە بۆ هەر دۆلارێک، کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی بەهار بۆ بەخێوکەرانی ئاژەڵ و چوونە ناو قۆناغی دروێنەکردن، کە شیری مەر بۆ نیوە کەم دەبێتەوە.
ژمارەی مەڕەکان لە ساڵی 2022 کەمیکردووە کە نزیکەی 30% بەراورد بە ساڵی 2021، لە ئەنجامی وشکەساڵی و گرانیی تێچووی عەلوە، بەپێی ئامارەکانی لیژنەی کشتوکاڵ لە رەقە لە سەرەتای ساڵی رابردوودا، گەیشتە نزیکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار سەر، و تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام بوو لە دابەزین.
لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی شاری رەقە و گوندەکانی بە نزیکەی 900 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت، بەڵام لە ئەنجامی هاتنی خەڵکی ئاوارە لە شارەکانی دیکەی سوریاوە، قەرەباڵغییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیووە.
زیا ئەلدین ئەلحەبیبی تەمەن (43 ساڵ) ناچارە پێداویستی ماڵەکەی خۆی لە پەنیر و شیرەمەنی لە شیری مانگا بکرێت، چونکە نرخەکەی کەمترە، بەو پێیەی نرخی شیری مانگا دەگاتە سێ هەزار لیرەی سوری.
حەبیب دەڵێت: ” لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا پەنیری نەکڕیوە و خۆی و خێزانەکەی تەنها کەمێک شیریان خواردووە کە لە شیری مانگا دەرهێنراوە، چونکە نرخەکەی کەمترە.”
دەشڵێت، گرانی تێچووی پەنیر و شیری کوالێتی باش رەنگە بەهۆی قۆرخکاریی هەندێک لە بازرگانان و بەخێوکەرانی ئاژەڵدارەوە بێت لەسەر ئەو مادەیە، بە بیانووی گرانیی تێچووی عەلوە و کرێی گواستنەوە لە گوندەکانەوە بۆ شار.
بەخێوکەرانی مەڕ و مانگا، بەرهەمە شیرەمەنی و پەنیرەکانیان لە گوندەکانەوە بۆ شار دابین دەکەن، لەوێش پارەیان لێ وەردەگیرێت لە بەرامبەر ئەو دەفرەی کە هەڵیدەگرێت یان رێژەیەک کە لەگەڵ بازرگانەکە رێککەوتوون، هەروەها بازرگان رێژەیەک وەردەگرێت بە رێککەوتن لەگەڵ بەخێوکەر کە زیاترە لە سەدا 10.