هەفتەیەکی خوێناوی دوای پەرەسەندنه سه‌ربازییه‌كانی تورکیا لە رۆژئاوای كوردستان
تەلتەمەر- نۆرس پرێس
لە ماوەی هەفتەی کۆتایی مانگی تەموزدا دو هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوه‌و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربون، ئەمەش پاش ئەوە دێت هێزەکانی تورکیا و فراکسیۆنە گروپه‌كانی سه‌ر به ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر، هێرشه‌كانیان چڕكردوه‌ته‌وه.
بەپێی ئامارە مەیدانییەکان، کە لەلایەن نۆرس پرێس-ەوە تۆمارکراوه، زیاتر لە 400 گولـلەی تورکیا ئاراسته‌ی گوندەکانی نزیك له هێڵەکانی بەریه‌كکەوتن كراوه‌و زۆربه‌ی ئه‌و گوندانه‌ش ده‌كه‌ونه باکوری شارەکانی حەسەکە و رەققە.
پەرەسەندنه سه‌ربازییه‌كانی تورکیا دوای کۆبونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ ڕوسیا و ئێران‌دا دێت كه له 20ی ته‌موز له تاران به‌ڕێوه‌چو.
بۆردومانی بێ‌وچان
رۆژی 22ی ئەم مانگە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا خاڵێكی هێزەكانی سوپای سوریای لە گوندی “زۆرمەغار” لە گونده‌واری رۆژئاوای كۆبانی كردە ئامانج و زیانەكانیش تەنیا بە مادی بون.
دوای ئه‌وه به ڕۆژێک، تۆپخانەکانی تورکیا بە دەیان گولـلە حەوت گوندی شارۆچكه‌ی تەلتەمریان تۆپبارانكردو لە ئەنجامدا زیانی مادی بە موڵک و ماڵی دانیشتوان گەشت، هەروەها بەهۆی بۆردومانەکەوە وێستگەی كاره‌بای ناوچه‌كه له كاركه‌وت.
ئەنجومەنی پاسەوانی خابوری ئاشوری (هێزێکی سەربازی ئاشوری سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتی) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تۆپبارانی تورکیا بۆ سەر گوه‌نده‌واری شارۆچکەکە سێ شه‌ڕڤانیان برینداربون.
لە 24ی تەموزدا هێزەکانی تورکیا نزیکەی 20 گوندی گونده‌واری شارۆچکەی ته‌لتەمر و زەرکان (ئەبو راسین)یان بە تۆپ و موشەک بۆ ماوەی چەند سه‌عاتێك تۆپبارانكرد.
تۆپبارانه‌كه بوە هۆی لەدەستدانی گیانی هاوڵاتییەکی سیڤیل و ئەندامێکی هێزەکانی حکومەت، جگە لەوەی دە کەسی دیکەش برینداربون، کە منداڵ و بەساڵاچویان تێدابو، شوانێکیش له‌و تۆپبارانانه‌دا برینداربو، 30 سه‌ر له مەڕەکانیشی له ده‌ستدا.
هەمان ئێوارە سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێس-ی ڕاگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا چه‌ند خاڵێكی سه‌ربازی سەر بە تورکیایان لە گوندەکانی ئەلمەحمودی، تەلمحەمەد، تەلعەلۆ، لە باکوری تەلتەمر و هێڵه‌كانی به یه‌كگه‌یشتنی سوپای سوریا به ئامانج گرت، تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر زیانه‌كانی ئه‌و بۆردومانه ئاشكرانه‌بوه.
لە 25ـی ئەم مانگە تۆپخانەکانی تورکیا گوندەکانی گونده‌واری تەلتەمریان کردە ئامانج، بە تایبەتی گوندەکانی ئاشوری “تەل تەویل و تەل جومعە” لە باکور و ڕۆژئاوای شارۆچکەکە، کە کەمینەیەکی مەسیحییان تێدایە.
هه‌مان رۆژدا گونده‌كانی “ئه‌سه‌دییه، خدراوی، ته‌لحورمه‌ل، خه‌ربه‌لشه‌عیر، ته‌لوه‌رد” له شارۆچكه‌ی زه‌ركان تۆپبارانكران و زیانی مادی له تۆپبارانه‌كه کەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە درۆنێكی خۆکوژی سەر بە تورکیا لە بەردەم بەنزینخانەی ته‌راد لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی لە دەروازەی باکوری شارۆچکەی عەین عیسا هاوڵاتیانی سیڤیلی کردە ئامانج و بەهۆیەوە دو هاوڵاتی مەدەنی بە سەختی برینداربون، کە یەکێکیان به‌ناوی ئه‌حمه‌د خدر، ته‌مه‌ن 21 ساڵ، بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.
کاردانەوەی توڕە
سەرەڕای ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا، کە بەدرێژایی هەفتە ئەنجامیانده‌دات و پێشێلی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2019 لەگەڵ ڕوسیا و ئەمه‌ریکا ده‌كات، بەرپرسانی تورکیا بەردەوامن له هەڕەشەکانیان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە 24ی تەمموز لەڕێگەی تویتێکەوە داوایكرد له هاوپەیمانی دژی داعش هێرشه‌كانی توركیا ڕابگرن، ئه‌و داوایه‌ش دوای هێرشێكی توركیا هات بۆ سه‌ر ئۆتۆمۆبێلێك، كه سێ سەرکردەی ژنی “هەسەدە” لە گونده‌واری قامشلۆ تێدا بو.
ئه‌وه‌شی وت، به ئامانجگرتنی ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه، “پێشێلكارییه‌كه شه‌ڕی داعش تێكده‌دات”.
لە تویتێکی نوێشدا کە دوێنێ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، عەبدی رایگەیاند، “چڕی هێرشی درۆنه‌كانی تورکیا زیادیکردوە، ئه‌و هێرشانه کۆمەڵگای رۆژئاوای كوردستان و ئه‌و دامەزراوانه‌ی دەکه‌نه ئامانج كه کاردەکەن بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە”.
عه‌بدی ئەنجامی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیای لە 20ـی تەمموزی ئەمساڵەوە ئاشکراکردو ڕایگەیاند، “9 شه‌ڕڤانی هەسەدە و 4 ئەندامی ئاسایشی ناوخۆ و 13 هاوڵاتی مەدەنی” شه‌هیدبون.
به‌هۆی هێرشە چڕەکانی تورکیا، دانیشتوانی شارۆچکەی عەین عیسا لە 24ی مانگ، لەبەردەم بنکەیه‌كی ڕوسیا ناڕەزاییان دەربڕی و بێدەنگی ڕوسیایان سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە سه‌ركۆنه كرد، به‌وپێیەی ئەوان گەرەنتی ئاگربەسته‌كه‌ن.
رێكخراوەكانی ژنان-یش لە حەسەكە دانیشتنێكی ناڕەزایییان لە بەردەم یەكێك لە بنكەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە رێكخست و داوایان لە ئەمه‌ریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هێرشەكانی توركیا دابنێن.
26ی تەموز دانیشتوانی شاری كۆبانی و گونده‌وارییه‌كه‌ی، لەبەردەم بنكەی روسیا لە نزیك شارۆچكەی سەرین لە باشوری كۆبانی ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر بە كار و پێشێلكارییەكانی توركیا لە ناوچه‌كه‌یان.
مستەفا ئیتۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی كه‌رتی کۆبانی بە نۆرس پرێس-ی راگەیاند، “داوامان لە لایەنی روسی کرد هەڵوێستی بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هەبێت، بەرپرسیارێتیەکانی خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئەم ناوچەیە جێبەجێ بکات”.
هه‌مان رۆژ نوێنەرانی پێكهاتە خۆجێییه‌كان و چالاكانی خێڵەكان لە حەسەكە و گونده‌وارییه‌كه‌ی، لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، توركیا پابەند نییە بە ئیدارەی نێودەوڵەتییەوە، بەردەوامە لە گه‌مه كردن به ئاسایشی ناوچەكەو كار بۆ زیندوكردنەوەی (داعش) دەكات.
نوێنەرانی خێڵەکان ئه‌وه‌شیان وت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی “بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە ناوچەکانمان جێبەجێ نەکردوە”.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه هێز و لایەنە سیاسییە چالاكەكای رۆژئاوای كوردستان، داوایان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و روسیا كرد گەمارۆی ئاسمانی بەسەر ناوچەكەدا بسەپێنن، “بۆ رێگریكردن لە هه‌ر هێرشێی نوێی توركیا كە زیان بە ملیۆنان كه‌س له دانیشتوانی ناوچه‌كه بگەیەنێت”.
ناڕەزایی ناوخۆییه‌كان
به‌هۆی تۆپبارانه به‌رده‌وامه‌كانی تورکیا بۆ سەر هێڵه‌كانی به یه‌كگه‌یشتن، شاری (سه‌رێكانی) کە لەژێر کۆنترۆڵی توركیا‌و گروپه‌كانی لایه‌نگریدایه، له‌م هەفتەیەدا چه‌ند ناڕەزاییه‌كی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ی تێدا به‌ڕێوه‌چو دژ به پشێوی دۆخی ئەمنی.
هەفتەی ڕابوردوش لەسەر کڕینی نان لە شارەکە ناكۆكی دروستبو، دواتر ناكۆكییه‌كه بۆ پێکدادانی چەکداری لە نێوان گروپه‌كان سه‌ریكێشاو چه‌ند كه‌سێك له دانیشتوان برینداربون.
دوای ئەم ڕوداوە، له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌وه چه‌ند بانگه‌وازێك بۆ ئه‌نجامدانی ناڕه‌زایی كرا‌و له 23ـی ئه‌م مانگه‌شدا خۆپیشاندانه‌كه به‌ڕێوه‌چو و داواكرا گروپه چه‌كداره‌كان له شارۆچكه‌كه بچنه ده‌ره‌وه، كه له 2019وه ده‌ستیانگرتوه به‌سه‌ریدا.