له‌رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری ڕۆژنامه‌نووسانی ڕۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندان دژی توركیا ئه‌نجام ده‌ده‌ن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری، یه‌كێتی ڕۆژنامه‌نووسانی ئازاد و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژئاوای كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كیان له‌به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌گكرتووه‌كانی شاری قامشلۆ خوێنده‌وه.
بەیاننامەکەدا هاتبوو “لەکاتێکدا كه لە ڕۆژئاوای کوردستان یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری ده‌كه‌ین، دەوڵەتی تورکیا پێشێلکارییەکانی له‌دژی ڕۆژنامەنووسان لە باکووری کوردستان و تورکیا زیاتر دەکات”.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی ڕۆژنامه‌نووسانی بێ سنوور، دەوڵەتی تورکیا لە ڕیزبەندی 165هه‌مین وڵات دایه لە کۆی 180 وڵات، لە ڕووی ئازادی پەیوەندییه‌كان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئازادی ڕۆژنامەگه‌ری لە تورکیا لە ئاستی باش نییە”.
ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كرد كه “گوشاره‌کانی تورکیا له ڕۆژئاوای كوردستان و باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا دژی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری بوو”.
دڵیار جه‌زیری، هاوسه‌رۆكی یەکێتی ڕۆژنامەوانانی ئازاد له ڕۆژئاوای كوردستان، بە نۆرس پرێسی ڕاگه‌یاند “ئامانج له ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری ئەوەیە کە پلاتفۆرمێک هەبێت بۆ ئازادی کاری میدیایی لە هەموو شوێنێک “.

ڕاشیگه‌یاند، “ئێمه پاڵپشتی له ڕۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ن و پێویسته ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش فشار بخانه سه‌ر توركیا تا ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی دژی ڕۆژنامه‌وانان ڕابگرێت”.
لۆرستان ده‌روێش، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژئاوای كوردستان، ڕایگەیاند، “بێگومان دەوڵەتی تورکیا نایەوێت ڕاستییەکان لە باکوری کوردستان ئاشكرا بكرێت، بۆیە بەردەوام پێشێلکاری له‌دژی ڕۆژنامەنووسان ئه‌نجامده‌دات”.
لۆرستان هه‌روه‌ها گوتی، “وەک ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژئاوای كوردستان، پشتیوانی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەم کە لە باکوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیر كراون و داوای ئازادكردنیان ده‌كه‌ین”.
ئەڤین ئیبراهیم، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، “ئه‌مڕۆ له‌دژی ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌نووسانی باکوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوینەوە بۆ پشتگیری‌کردن و ئازاد كردنیان”. لێره هەڵوێستی خۆمان لە دژی ئەم کارانەی دەوڵەتی تورکیا نیشان دەدەین”.
هه‌روه‌ها وتی “بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت دەوڵەتی تورکیا بە زووترین کات ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو ئازاد بکات”.