قامیشلۆ – نۆرس پرێس
هونه‌رگه‌ی وڵات لە رێگەی کارە هونەریەکانییەوە دەنگی ره‌سه‌نی کورد و خەباتی گەلی کورد لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا به‌شێوازێكی سه‌رده‌میانه زیندوو ده‌كاته‌وه.
ئه‌و هونهرگهیه له ساڵی 2013ەوه له‌شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان دامه‌زرا، كه کلتوری هه‌رێمی جه‌زیرێ تێدا کۆکراوەتەوە و پێشكه‌شی هونه‌ردۆستان كرا پاشان دەستی بە پەرەسەندن کرد، ئێستا كار بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی کلتوری هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات.
هونه‌رگه‌ی وڵات جیاواز له‌گه‌ل كاره هونه‌رییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، كاری تایبه‌ت بە خۆی ده‌كات كه تایبه‌ته به هونه‌ری ره‌سه‌ن و مێژووی كورد.

جگە لەوەش به‌دوای ئه‌و ده‌نگه ره‌سه‌نانه ده‌گه‌ڕێت، كه باوباپیرانی کورد لە مێژوودا گۆرانیان دەگوت، هه‌روه‌ها گۆرانییه‌كانی په‌یوه‌ست به شۆڕش و به‌رخودان كاری سه‌ره‌كی ئه‌و هونهرگهیهیه.
له‌مێژووی هونه‌ری كوردیدا ئه‌وه یه‌كه‌م هونهرگهیه كه به‌و كوالێتی و شێوازه هونه‌رییه، مێژووی كۆنی كوردی و ده‌نگی ره‌سه‌ن به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و به‌شێوازی كلیپ پێشكه‌شی بكات.
دەلیل میساد، بەرپرسی هونه‌رگه‌ی وڵات، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانمان جۆراوجۆرن و ئه‌و كلیپه‌ی له‌و كۆتاییانه‌دا بڵاومانکردەوە بە ناوی “لە لوتکەدا” چیرۆکی سێیەم، پاڵەوانی كورد ده‌گێڕێته‌وه”.
دەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، “هونه‌رگه‌ی وڵات هەوڵێکە بۆ بنیاتنانی ئاراستەیەکی نوێ لە هونەری كوردیدا،چ لەسەر ئاستی دامەزراوەکان بێت یان لەسەر ئاستی تاکەکان، هەموو دامەزراوە هونەرییەکانمان بۆ ئەو مەبەستە پێکەوە کاردەکەن بۆ ئه‌وه‌ی بەرهەمی باشتر به‌رهه‌م بێنین”.
ده‌لیل دەڵێت، “هەر بەرهەمێک، پێویستی بە ئامادەکاری تایبەت هەیە، ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر كلیپی ” لوتکەدا” ده‌كه‌ین، چونكه ئەو جلوبەرگانەی لە کلیپەکەدا بەکارهێنراون جلوبەرگی ناوچەیەکی دیاریکراو نین، هه‌موو پێداویستییه‌كانی ئه‌و كلیپهمان به تایبه‌تی دروستكردووه، چونكه به‌رهه‌مه‌كه باس له شۆڕش و مێژوو ده‌كات.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی ئاماژەی بەوەشکرد، “دەرهێنەر و تیمی بەشداربوو، له‌سه‌ر بنه‌مای مێژوو و ده‌نگی ره‌سه‌نی كوردی ئه‌و كلیپه‌یان به‌رهه‌مهێناوه و له‌گه‌ڵ شۆڕشی كوردی گونجاندوویانه”.
دەلیل ده‌ڵێت، “کاری ئێمە وەک هونه‌رگه‌ی وڵات، دروستکردنی بەرهەمی هونەرییە و بە شێوازێكی جیاواز کاردەکەین و ئامانجمان زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی هونەری كوردییه”.