دۆخی کارەساتباری تەندروستی لە گوندەواری باکووری رەققە
رەققە– نۆرس پرێس
“مەریەم” ترسی زۆری هەیە، درەنگانی شەو لە خەو هەڵسێت بەسەر دۆخی تێکچووی هاوسەرە نەخۆشەکەیدا، کە رەنگە ئەمە ژیانی لێ بسێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی دووری مەودای نێوان گوندەکەی و نزیکترین نەخۆشخانە لییانەوە.
(مەریەم محەمەد 42 ساڵ) دانیشتووی گوندی “حەزیمە”یە لە باکووری شاری رەققە، باکووری سوریا، بەهۆی مەودای دوور و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی لە لگوندەوارەکە، ناچارە هاوسەرەکەی بباتە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە.
دانیشتوانی گوندەواری رەققە بەگشتی و گوندەواری باکووری شارەکە بەتایبەتی، بەدەست خراپی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و نەبوونی بنکەی تەندروستی لە گوندەکان و نەبوونی چارەسەر و دەرمانەوە، دەناڵێنن، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی ئەو رێکخراوە تەندروستییانەی کە هاوکاری کەرتی تەندروستی دەکەن.
“مەریەم” دەڵێ، هاوسەرەکەی تووشی نەخۆشی دڵ بووە، پێشتریش تووشی جەڵتەی مێشک بووە، ئەمەش وای لێدەکات بەردەوام لە ترسی دووبارەبوونەوەی جەڵتەی مێشکدا بژی.
دەشڵێت، لە گوندەکەیدا تەنها یەک بنکەی تەندروستی هەیە، کە فریاگوزاری سەرەتایی دابین دەکات، جگە لەو دەرمانانەی لەبەردەستدان بۆ سەرجەم نەخۆشەکانی گوندەکانی دراوسێ، سەرەڕای چڕی دانیشتوانی گوندەکە و گوندەکانی دەوروبەری.
بە لەبەرچاوگرتنی خراپی تەندروستی هاوسەرەکەی و نەبوونی دەرمان لە “بنکەی تەندروستی حەزیمە”، ژنان ناچارن دەرمان لە دەرمانخانەکان بکڕن، ئەوەش سەراڕای گرانبوونی نرخەکانیان وخراپی باری ژیانیان، هەروەها رۆڵی پزیشکیش سنووردارە لە بینینی نەخۆش و نووسینی رەچەتە بۆیان.
بەهۆی وێرانبوونی نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان لە جەنگی داعشدا، کەرتی تەندروستی رەققە بەدەست چەندین ئاستەنگیەوە دەناڵێنێت و پشتیوانیی رێکخراوە مرۆییەکانیش کەمیان کردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کارمەندانی ناوەندە پزیشکییەکان، لە پزیشک و پەرستار، بەهۆی نەبوونی لە مووچەوە.
ژنە چل ساڵانەکە دەڵێت، ئەگەر دەرمانێک لە کلینیکەکەدا بەردەست بێت، ئەوا تەنها ئازارشکێنە، بە بۆچوونی ئەو ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرینگیدان تەنها بە ناوەند و بنکە تەندروستییەکانی شارەکان و فەرامۆشکردنی گوند و گوندەوارەکان.
ئەو دەشڵێت، “ئێرە دابڕێنراوە”، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستی گوندنشینەکان بە بنکەی تەندروستی کە بە درێژایی رۆژ پێشوازی لە دانیشتووان بکات. ئاماژەکردن بە تێکچوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە گوندەوارەکان و نەهامەتی دانیشتوانەکەی بەهۆی دووریانەوە لە شارەکە.
دوای کارەساتی ئەو بوومەلەرزەیەی کە ماوەیەک لەمەوبەر سوریا و تورکیای گرتەوە، پشتیوانی بۆ هەندێک رێکخراو کە پێشتر هاوکاری بنکە تەندروستییەکانی گوندەوارەکانیان دەکرد وەستا و ناوەندی گوندی “ئەلعەبارە” لە باکووری رەققە یەکێک بوو لەو ناوەندانە.
زۆربەی دانیشتوانی گوندەکە و گوندەکانی دەوروبەری، لە “ئەلکاڵتە” لە باکوورەوە تا “شنینە” لە باشوور، پشتیان بەم ناوەندە بەستبوو، لەگەڵ ناوەندەکانی “حەزیمە” و “خنیز”.
مەجید ئەلحەمود (تەمەن 64 ساڵ) دانیشتووی گوندی “ئەلعەبارە”، ناچارە دەرمانەکەی لە دەرمانخانەکان بکڕێت، لە کاتێکدا پێشتر بە خۆڕایی لە بنکەی تەندروستیەکانی ئەو گوندە وەریدەگرت، کە دوو هەفتە لەمەوبەر کارەکانیان وەستاند.
دەڵێت “نەخۆشخانەکە خزمەتگوزارییەکی باشی پێشکەش دەکرد” و راوێژکاری پزیشکی لێبوو، سەرەڕای کەمی دەرمان تێیدا، بەڵام ئەو کارتێکی نەخۆشی هەبوو کە هەموو مانگێک ئەو دەرمانانەی کە پێویستی بوو، لەوێ وەریدەگرتن.
ئاماژەی بەوەشکرد، داخستنی دەرمانخانەکە نەهامەتی زۆرێک لە دانیشتوانەکەی زیاتر کرد، لە بەر گرانی نرخی دەرمان و پشکنینی پزیشکی لە کلینیکە تایبەتەکاندا.
دانیشتوانی گوندەواری رەققە گلەیی لەگرانی نرخی چاوپێکەوتنی پزیشکان و ماوەی چاوەڕوانی درێژخایەن، لەبەردەم نەخۆشخانە و کلینیکەکاندا دەکەن، کە ناچاریان دەکات لە کاتێکی زووەوە لە ماڵەکانیان دەرچن.
بە پێچەوانەی بۆچوونی “مەجید”ەوە، جاسم ئەلسەعید، دانیشتووی گوندی “حلوعەبد” لە باکووری شاری رەققە پێی وایە لەکارراگرتنی بنکەی تەندروستی “ئەلعەبارە” هیچ جیاوازییەکی بۆ ئەو دروست نەکردووە.
جاسم دەڵێ “تەنها هەندێک جۆری دەرمانی ئازارشکێنی دابین دەکرد و زۆربەی کاتەکان پزیشکەکان نەخۆشەکانیان رەوانەی کلینیک و نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکرد”.
“جاسم” ناچارە هەموو هەفتەیەک سەردانی پزیشک بکات، چونکە تووشی بەردی گورچیلە بووە، هەروەها توانای ئەوەی نییە تێچووی دەرهینانی ئەو بەردە بە نەشتەرگەری بدات وئەمەش بارگرانی لەسەرشانی ئەو پیاوە دروست کردووە.
بە وشەیەک پڕە لە دڵشکاندن و پەشیمانی، دەڵێت، “دۆخی تەندروستی گوندەوارەکە زۆر کارەساتبارە، ئێمەش مرۆڤی هەژارین کە توانای خەرجی چارەسەرکردنمان لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا نییە”.