بۆردومانی سلێمانی… رێگری لە شەڕی دژی “داعش” و کارتێکە بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا

بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختیان لە سەر گرنگی بەیەکەوە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، بە تایبەتی دوای بەئامانجکردنی کاروانێکی سەربازی کە فەرماندەی گشتی “هەسەدە” و شاندێکی ئەمریکی لە ناو کاروانەکە بوون لەنێو فرۆکخانەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان.

 ئێوارەی ڕۆژی هەینی 7ی نیسانی 2023، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی تورکیا بە موشەک کرایە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێبکەوێتەوە.

بۆردومانەکە کاروانێکی کردە ئامانج کە لە فەرماندەی گشتی “هەسەدە” لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی دژەتیرۆر لە سلێمانی پێکهاتبوو.

 لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ نۆرس پرێس، جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی باسی وردەکارییەکانی بە ئامانجگرتنی کاروانەکەی کرد و گوتی: ” هاوبەشە ئەمریکییەکانمان و هێزی دژەتیرۆریش لەگەڵم بوون”.

لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش لەبارەی هێرشەکە رایگەیاندبوو سێ ئەمریکی لەگەڵ ئەو کاروانەدا بوون کە کراوەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش بۆردومانەکە نەگەڕاندەوە بۆ تورکیا.

سەبارەت بە هۆکاری چوونیان بۆ سلێمانی، مەزڵووم عەبدی گوتی: “ئێمە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ دەزگاکانی دژە تیرۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەش بە ئاگاداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەمیشە ئەنجامی باش بەرهەم دەهێنن لە بەرژەوەندی سەقامگیری لە هەردوو لایەنی عێراق و سوریا.”

لە ڕووی سیاسییەوە

عەبدی ئیدانەی بۆردومانەکەی کرد و گوتی: “هەڵوێستی نەتەوەییانەی یەکێتیی نیشتمانی لە پاڵپشتیکردنی براکانی لە سووریا، تورکیا بێزار دەکات و لە تویتێکدا ڕایگەیاند، “بە تووندی سەرکۆنەی بە ئامانجکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە دەکەین، ئەم پێشێلکارییانە لە عێراق و سووریا بەردەوامن و رەهەندی مەترسیداریان لەسەر ناوچەکە هەیە”.

عەبدی جەختیکردووە لە سەر هەلوێستی خۆیان و گوتی: “لە پەیوەندییە پرەنسیپییەکانمان لەگەڵ براکانمان و هاوپەیمانەکانمان لە سلێمانی بەردەوام دەبین و لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا یەکگرتووین”.

کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری ئەمریکی لە تویتێکدا بڵاوکردەوە: ” ئەم هێرشە مەترسی لەسەر ژیانی سەربازە ئەمریکییەکان و “هەسەدە” دروستکردووە.

ڤان هۆڵن ئاماژەی بەوەشکرد، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی هاوپەیمانێکی گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە شەڕی دژی داعش، هێرشەکەی بە “قبووڵنەکراو” وەسف کرد.

 سیناتۆرە ئەمریکیەکە داوای کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی “گشتگیر” بکرێت و ئەو کەس و لایەنەی “بەرپرسیار”ە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

لە بەرامبەردا فیلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دژی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەیە، هەروەها پشتیوانی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانەکانی “هەسەدە” دووپاتیکردەوە.

فیلیپ ڤێنتورا گوتی: “بە نیازین لە سوریا و عێراق بمێنینەوە تاوەکو ئەو کاتەی بەیەکجاری داعش لە ناودەبرێت.”

هەروەها بەرێوبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە راگەیەندراوێکدا، بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە ئیدانەی کرد و پێیوابوو کە تورکیا لە رێگەی ئەم بۆردومانەوە “دەیەوێت لە ڕێگەی دەستێوەردان و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتانی دراوسێ پشێویی دروستبکات”.

بەرێوبەرایەتی خۆسەر، ڕووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە “دەستدرێژی “بۆ سەر سەروەری عێراق وەسف کرد، هەروها بە “ئازادکردنی دەستی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ژێر بیانوو لاوازدا”.

بەرێوبەرایەتی خۆسەر پاڵپشتی خۆی بۆ ئیدارەی سلێمانی دووپات کردەوە، داوای کرد هەموو هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بە هەڵوێستی ڕوون ڕووبەڕووی “دەستدرێژی” ببنەوە.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق جەختی لەوە کرد کە “کە هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی رێگە بە هێزەکانی تورکیا بدات بە بیانووی بوونی هێزی دژبەر لە خاکی عێراق درێژە بە رێبازەکەیان لە تیرۆرکردنی خەڵکی سڤیل بدەن”.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوای لە حکومەتی تورکیا کرد، بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و داوای لێبووردنێکی فەرمی لە بەرامبەر ئەو کارانە پێشکەش بکات.

 سەبارەت بە کاریگەریی ئامانجگرتنی ئەندامانی هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەسەر کاری “هەسەدە” لە پرۆسەی چەسپاندنی بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، عەبدی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند: “بە دڵنیاییەوە هیچ شتێک نییە بتوانێت پرۆسەی بیناسازی و سەقامگیری ڕابگرێت، ساڵانێکی زۆرە ئێمە کارمان کردووە و بەردەوامین لەو کارە، پاراستنی گەلەکەم لە هەر هێرشێک کە تورکیا و ئەوانی دیکە هەڕەشەی ئەنجامدانی دەکەین لە پێشینەی کارەکانمانە و ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین”.

جەنەڕاڵ مەزڵووم جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هێرشەی تورکیا ئەنجامی داوە “شکستی هێناوە”، چونکە ژمارەیەک ئامانجی تورکیا لە پشتی ئەم بۆردومانە هەبووە “دەیویست شکست بە شەڕی دژ بە داعش بهێنێت، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان لاواز بکات، هەروەها دەیویست هێرشەکە وەکو کارتێک لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەکاربهێنێت”.