دوای کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکە چی روودەدات و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆسیەجیاوازەکانی سوریا چۆن دەبێت؟

دیمەشق –  نورس پرێس

زۆربەی ئەو لێکۆلەر و شرۆڤەکارانی تورکیا کە چاودێری پرسی سوریا دەکەن، لە سەر یەک خاڵ کۆکن، کە ئەو کۆبوونەوە چوارقولییەی تایبەتە بە نزیکبوونەوەی دیمەشق و ئەنقەرە، هەرچەندە تیشک دەخاتە سەر سروشتی گۆڕانکارییە سیاسیەکان بەڵام ناتوانێت کاریگەری لەسەر پرسە گەورەکانی نێو سوریادا دروست بکات.

وا بریارە ئەمرۆ 3ی نیسانی 2023 لە شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کۆبوونەوەیەکی چوارقوڵی ” سوریا، روسیا، ئێران و تورکیا” لە سەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە ئەنجامبدرێت، ئامانجەکەش باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا دەبێت.

ئێستا زۆربەی دامەزراوەکانی راگەیاندن چاوەرێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەن، بەتایبەتی کە پێشتر دوو جار ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوە چوارقۆڵییە دواخراوە، هەروەها خالێکی دیکەی کە گرنگی دەداتە ئەم کوبوونەوەیە ئەوەیە،کە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد، لە پەراوێزی سەردانەکەی دا بۆ مۆسکۆ لە ناوەراستی مانگی ئازار راگەیاند، ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەک لە گەڵ تورکیا هیچ ئەنجامێکی نابێت تاوەکو تورکیا هێزەکانی لە نێو خاکی سوریا نەکشێنێتەوە.

رۆژی یەکشەممە، 2ی نیسانی 2023، جیگری وەزیری دەرەوەی سوریا “ئەیمەن سوسان” و سەرۆکی شاندی دیمەشق بۆ سوریا گوتی: ” لە کۆبوونەوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر پرسی هەبوونی سوپای تورکیا لە نێو خاکی سوریا دا.”

لە نێو ئە هەموو گۆڕانکارییەدا، نورس پرێس بۆچوونی ژمارەیەک رۆژنامەوان و لێکۆلەرانی تورکیای سەبارەت بە کاریگەری کۆبوونەوەکە لە هەلوێستی لایەنە بەشداربووەکان و هەروها لەسەر چارەنوسی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە ئەنقەرە پشتیوانیان دەکات، هەروەها لە سەر پەنابەرەکانی سوریا لە نێو خاکی تورکیا، و کاریگەری کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکە بۆ سەر بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریادا کرد.

رێگەکان داخراون

تاکە هۆکار بۆ دانیشتنی ئەو چوار لایەنە لە سەر یەک مێز، ئەوەیە کە دەیانەوێت هەندێک خاڵی هاوبەش لە نێوان خۆیاندا بدۆزنەوە و ناکۆکیەکان وەلابنێن، چونکە هەر لایەنێک ئامانجی  تایبەتی خۆی هەیە و دەیەوێت باوەر بە لایەنەکانی دیکە بهێنێت.

بەڵام بە بۆچوونی رۆژنامەوان و نوسەری تورکیا فەهیم تاشتکین، هەموو رێگەکان لە بەردەم دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەو چوار لایەنەدا، داخراون.

تاشتکین بە نورس پرێس راگەیاند، پۆتین ناتوانێت لە شەو و رۆژێکدا بۆشایی نێوان تورکیا و سوریا پڕ بکاتەوە، بەڵام پوتین دەتوانێت پێشنیاری ستراتیژییەکی درێژخایەن بکات کە ببێتە هۆکار بۆ دانیشتنی چوار لایەنەکە لە سەر مێزی دانووستان.

تاشتکین دەلێت: “هۆکاری هەبوونی تورکیا لە سوریا و نەخشەی سەربازی ئێستا لە سوریا چەند رەهەندێکی قوڵی لەخۆگرتووە، واتە ” دۆزینەوەی کەشێکی لەبار لەم کوبوونەوەدا تەنانەت دوای دوو ساڵی دیکەش کارێکی ئەستەمە”.

بەڵام سەبارەت بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە نێو خاکی سوریادا، کە ئەم خاڵە مەرجێکی پێشوەختەی ئەسەد بوو بۆ دانیشتن لەگەل هاوتا تورکیەکەی،  ڕووسیا پێشنیاری پەرەپێدانی یاداشتنامەی ئەدەنە و دامەزراندنی میکانیزمێکی هاوبەش دەکات، بەڵام ئەردۆغان پشتگیری لە هەموو چارەسەرێکی هاوبەش دەکات کە ببێتە هۆی داڕمانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر بە سەرکردایەتی کورد، تاشتکین دەڵێت: “ئەمە ڕێک ئەو بنبەستەیە کە زەحمەتە لە ئێستادا بکرێتەوە”.

رۆژنامەنوسە تورکەکە لەو بڕوایەدایە، کە ئەردۆغان نایەوێت بەڵێنێکی دیاریکراو سەبارەت بە کشانەوە بدات تاوەکو ئەو کاتەی نەخشەی سیاسی و سەربازی سوریا بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت بکێشێت.

هەروەها نایەوێت پشتیوانی خۆی بۆ گروپە چەکدارەکان بوەستێنێت تاوەکو چارەسەرێکی سیاسی بۆ نەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ببنە هاوبەش لە پڕۆسەی سیاسی سوریادا، بۆ دیمەشق ئەمە ڕێگایەکی قبوڵکراو نییە.

تەها غازی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، کە لە تورکیا نیشتەجێیە، پێی وایە بە لەبەرچاوگرتنی بارگرانییە قورسەکانی سەر ڕووسیا، هەوڵ دەدات لێک نزیکبوونەوەیەک لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرە بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی تورکیا بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکان لە ئەستۆی خۆی بگرێت.

بەڵام غازی لە هەمان کاتدا سەرکەوتنی مۆسکۆ لە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: “رەنگە سەرکەوتنێکی کاتی بێت، بەو پێیەی هەندێک پەیوەندیی ناوچەیی، چ لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق یان ئەنقەرە قاهیرە، هەروەها لە نێوان تورکیا وڵاتانی عەرەبی کەنداو، زیاتر لە قۆناغێکی ئاگربەستی کاتی دەچن، بە ئامانجی تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە.

بەڵام تاشکین پێیوایە گرنگە زەمینێک بۆ کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی خۆش بکرێت بۆ ئەوەی لایەنەکان دەرفەتی گفتوگۆ لەدەست نەدەن.

تاشکین گرنگی کۆبوونەوەی ئێستای بە کەم دەزانێت، چونکە ئەگەر کۆبوونەوەی بریکاری وەزیرانی دەرەوە زەمینەیەک بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە خۆش بکات، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە لێرەدا کۆدەنگی سیاسی هەیە، ئەوا پێویست دەبێت چاوەڕێی “لووتکەی سەرکردەکان” بکرێت، بەڵام لەدوای کۆبوونەوەی هەردوو وەزیری بەرگرییەوە (تورکیا و سوریا) هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە هەڵوێستی لایەنەکاندا ڕووینەداوە، ئەمەش بە واتەی ئەوەیە کە چاوەڕوانی دەرەنجامێکی زۆر گرنگ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە ناکرێت.

ئامانجی تورکیا

ئەوەی تورکیا دەیەوێت لە ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا، کۆتاییهێنانە بەو نیگەرانییەی کە هەمیشە هەیەتی، کە پرسی کوردە، ئەنقەرە گەرەنتی دەوێت کە هیچ قەوارەیەک بە سەرکردایەتی کورد لە ناوچەکەدا دروست نابێت، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی یەکەیەکی جوگرافیای سوریاشدا بێت .

ڕۆژنامەنووس موعاز ئیبراهیم ئۆغڵو پێی وایە دوژمنایەتی بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکەم ئامانجی تورکیایە، بابەتەکانی دیکە زۆر گرنگ نین بەلای تورکیاوە، چونکە ئەنقەرە دۆسەی کورد بە”گرنگترین” پرس دەزانێت.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ نۆرس پرێس، ئیبراهیم ئۆغڵو گوتی: ” ئەنقەرە گرنگی بەچارەنوسی ئۆپۆزسیۆنی یان حکومەتی سوریا و داهاتووی ئەو وڵاتە نادات، بەڵکو گرنگترین خاڵ بۆ تورکیا لە ئێستادا ئەوەیە دۆزینەوەی لێک تێگەیشتنێک لەگەڵ دیمەشق بۆ ئەوەی رێگری بکات لە دروستبوونی قەوارەیەکی کوردی لەسەر سنووری باشووری تورکیا، ئەمەش ئەو سیاسەتەیە کە نزیکەی 100 ساڵە دەبێت تورکیا  پەیڕەوی دەکات”

بە گوتەی تاشکین، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەردۆغان  ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری ناوخۆیی بووەتەوە، هەوڵدەدات زەمینێک بۆ گەڕانەوەی پەنابەرەکانی سوریا خۆش بکات، هەروها بەرژەوەندی ئەردۆغان لە ئاوەدانکردنەوەی سوریا هەیە.

فشار و مەرجەکان

تەها غازی ئاماژە بەئەوە دەدات، هەرچەندە ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە هات کە دیمەشق پرسی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا کە نێو خاکی سوریا بە مەرجی پێشوەخت دانابوو، پێدەچێت ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیەک بێت بۆ چۆکدادانی تورکیا لەبەرانبەر فشارەکان، ئەگەر هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی سوریا، چۆکدادان بۆ مەرجەکانی سوریا نەبێت ئەوە بەدلنیایەوە چۆکدادانە بۆ فشارەکانی روسیا.

غازی دەلێت: ” لەلایەکی دیکەوە مۆسکۆ ڕووبەڕووی تەنگەژەیەکی قورس بووتەوە بە تایبەتی کە شەری ئۆکرانیا پێی نایە دووەم ساڵیەوە، ئەمەش وا لە مۆسکۆ دەکات بەدوای دەروازە سیاسییەکاندا بگەڕێت، کە یەکێکیان لە سوریایە.

 مۆسکۆێش دەیەوێت بە فشارخستنە سەر ئەنقەرە و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، بارگرانییەکانی سەر خۆی کەمدەکاتەوە، بەو پێیەی ئێستا روسیا بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە زیاتر لە پرسێکی سیاسی لە ناوچەکەدا، سوریا، ئازەربایجان هەروها ئۆکرانیایش.

تاشکین، بەدوور دەزانێت ئەسەد دەستبەرداری دوو مەرجی سەرەکی بێت، هەروەها بەدووری دەزانێت کە تورکیا ئەو دوو مەرجە جێبەجێ بکات، چونکە چەندین هۆکار هەن کە هاوکاری ئەسەدیان کرد و فشارەکانی پوتینیان لە سەر ئەسەد سوککرد.

رۆژنامەنووسە تورکەکە باس لەو هۆکارانە دەکات، کە پێگەی ئەسەد لەسەر مێزی لێکتێگەیشتنەکان بەهێزتر دەکەن، کە بریتین لە “شەڕی ئۆکرانیا کە ڕووسیای تووش کردووە، کاردانەوەی ئەرێنی ئاشتەوایی ئێران لەگەڵ سعودیە لەسەر هاوکێشەی سوریا، هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ دووبارە دروستکردنەوەی پرد لەگەڵ دیمەشق،  ئەم گۆڕانکارییانەش دوای بوومەلەرزەکەی 6 شوبات هاتن، کە دەرگەی دیمەشق بە رووی وڵاتانی عەرەبی دا کردوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانرێت نکۆڵی لە کاریگەرییەکانی هاتنە ناوەوەی ئێران (لایەنگرێکی سەرەکی ئەسەد) وەک یاریزانی چوارەم لە کۆبوونەوەکەدا بکرێت، ئەمە جگە لە پێویستی ئەردۆغان  بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پرسی سوریا، بە تایبەتی کە ئێستا ئەردۆغان لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنوسازدایە.

تاشکین گوتی: “بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هۆکارانە، ئەسەد دەتوانێت پێداگری لەسەر مەرجەکانی خۆی بکات.”

چارەنووسی پەنابەرەکانی سوریا

لە کاتێکدا ئەردۆغان بەهۆی پەنابەرەکانی سوریاوە، دووچاری فشارێکی توندی ناوخۆیی بووەتەوە بە تایبەتی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ئەردۆغان پێی وایە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەم پرسە لە رێگەی ئەنجامدانی لێکتێگەیشتن لەگەڵ دیمەشق بکات.

بەڵام لەبەر هەڵوێستە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەلێن، ئێستا هیچ هەلومەرجێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی پەنابەران نییە، هەروەها سوورە لە سەر رەتکردنەوەی  ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق تاوەکو دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە، پرسی پەنابەران دوورە لە چارەسەرکردن و ئەم پرسە نابێتە بەشێکی سەرەکی لە گفتوگۆکانی کوبونەوە چوار قۆڵییەکە.

چالاکوانی کاروباری پەنابەران و مافی مرۆڤ، تەها غازی، دەلێت:” پرسی پەنابەران پەیوەندی بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی 2254وە هەیە،  کە لە یەکێک لە بڕگەکانیدا دەلێت: “ڕەخساندنی هەلومەرجێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و خۆبەخشانەی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکانی سوریا بۆ سەر زێدی خۆیان و ئاوادانکردنی  ناوچە زیانلێکەوتووەکان.”

تاشکین گوتی : “هیچ چارەسەرێکی ئەفسوناوی بۆ گەڕانەوەی پەنابەران نییە”، تەنانەت ئەگەر هەردوو وڵات لاپەڕەیەکی نوێش هەڵبدەنەوە، بەڵام پرسی پەنابەران نابێتە تەروەری سەرەکی کوبوونەوەکانی دیمەشق و ئەنقەرە.

 ڕۆژنامەنووسە تورکەکە لەو بڕوایەدایە کە زۆربەی پەنابەرەکانی سوریا مانەوەیان لە لە تورکیا بەردەوام دەبێت، مەگەر کۆتایی بە ململانێکان نێو ئەو وڵاتە بهێنرێت و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەست پێ بکات، ئەمەش دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت و ئاسایش دەستەبەر دەکات.

ڕۆژنامەنووس و نووسەر موئاز ئیبراهیم ئۆغڵو باس لەوە دەکات، کە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوو تورکیا کار لە سەر دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی و ئابوری لایەنگری خۆی لە باکوری سوریا کردووە، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر هەژمونی هێزەکانی تورکیادایە، ئەمەش مەترسیدارە بۆ دۆخی سوریا لە داهاتوودا، چونکە ئەمە بەو واتەیە دێتەوە، ئەگەر تورکیا لە نێو خاکی سوریا لە رووی سەربازیەوە بکشێتەوە ئەو لە رووی سیاسی و ئابووری کاریگەری دروستدەکات.

دۆسیەی پەنابەران لە پرسی ئەو ناوچانەی لە باکوری سوریا لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادا دانەبڕاوە، وەک ڕۆژنامەنووس و نووسەر موئاز ئیبراهیم ئۆغڵو باس لەوە دەکات کە 12 ساڵ لەمەوبەر تورکیا قەوارەیەکی لە باکوری سوریا چاند، ئەمەش ، بەو مانایەیە کە ئەنقەرە لایەنی سیاسی و ئابووری و لایەنی دیکەی چەکی دەبێت، تەنانەت دوای کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکانی باکوری سوریاش.

بە گوتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە، ئەمانە هەمان ئەو ناوچانەن کە ئەردۆغان هەوڵدەدات پەنابەرەکانی نێو تورکیا بگەرێنێتەوە ئەو شوێنانە بۆ ئەوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لەو ناوچاندا جێبەجێبکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەری تورکیا لە داهاتوودا لەسەر واقیعی سیاسی سوریا بەردەوام دەبێت، چونکە ئەنقەرە لە رێگەی چەندین بواری خزمەتگوزاری و ئابوری و سیاسی جۆرێک لە دڵسۆزی خۆی لە نێو بەشێک لە هاوڵاتیانی سوریادا دروستکردوە، لە داهاتودا تورکی کار لە سەر ئەو کەسانە دەکات.

کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان

“غازی” پێشبین دەکات کە نزیکبوونەوەی ئێستای سوریا و تورکیا کاریگەری لەسەر دۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستان نابێت، چونکە ئەو ناوچەیە لە ژێر هەژمونی ئەمریکادایە و هێزی ئەمریکی لە ناوچەکدا جیگیرکراوە.

“غازی” ئاماژە بە ئەوەدا، کە هەبوونی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان درێژکراوەی هەبوونی ئەمریکایە لە عێراق.

بە گوتەی “غازی” ئەنجامی کۆبوونەوەکە هەرچیەک بێت، کاریگەری لەسەر جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا نابێت، چونکە پێشتر رووسیا و ئەمەریکا سەبارەت بە دابەشکردنی هەژموونی جوگرافی لە سوریا لێک تێگەیشتنیان ئەنجامداوە.

جەختیشی کردەوە کە پرسی بوونی ئەمریکا لە سووریا لە دەرەوەی هەر لێک تێگەیشتنێک دەبێت، لە نێویاندا کۆبوونەوە چوار قۆڵیەکە.

تاشکین ئاماژەی بەوەشکرد، سزاکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لەسەر “ڕژێمی سوریا” پرسی ئاوەدانکردنەوەی سوریا مەحاڵ دەکات، ئەگەر تورکیا و سوریا بگەنە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە، فشارەکان لەسەر ئەمریکا زیاتر دەبن بۆ کشانەوە، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەنقەرە دەتوانێت هەستیارییەکانی ئیدارەی ئەمریکا پشتگوێی بخات.

بە واتایەکی تر “تورکیا ناتوانێت فشار بخاتە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی بکشێتەوە. بەڵام دەکرێت وەک سیناریۆیەک بڵێین ئەگەر ئاساییکردنەوەی  وڵاتانی عەرەبی و تورکیا لەگەڵ دیمەشق ببێتە هۆی پاشەکشەی ئێران لە سوریا، ئەو کاتە رەنگە ئەمریکا هەلوێستی خۆی بگورێت”.

رۆژنامەوان و نوسەرە تورکەکە دەلێت: “لە ئێستادا پێموانییە ڕووسیا و تورکیا خاونی  کارتی بەهێزبن کە بتوانن ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەربکەن بەپێچەوانەوە ئەمریکا خۆی کارتەکانی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لە هەموو شوێنێک فشار بخاتە سەر ڕووسیا.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبێر