سەردانی سێ وەزیری کشتوکاڵی وڵاتانی عەرەبی بۆ سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ماوەی مانگێکە، دەرگە داخراوەکەی دیمەشق بە رووی شاندە سیاسی و بازرگانییەکانی وڵاتانی عەرەبیدا کراوەتەوە، دوای سەردانی وەزیرانی دەرەوەی میسر و ئوردون بۆ پایتەختی سوریا، شاندەکەی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ لە وڵاتانی دراوسێی  سوریا سەردانی ئەو وڵاتەیان کرد.

رۆژی دووشەممە، 27ی ئازاری 2023، وەزیرانی کشتوکاڵی هەر یەک لە وڵاتانی (عێراق، لوبنان، سوریا و ئوردون) لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لە ژێر دروشمی “بەرەو بەدەستهێنانی کامڵبوونی ئابووری لە سەر ئاستی هەرێمی” کوبونەوە، پرسی قەیرانی کەمی خۆراک تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان بوو.

حکومەتی سوریا کە بەدوای هەموو دەفەتێکدا دەگەڕێت، بۆ دووبارە باشکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لە سەر ئاستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانەوە، پێشوازی لە شاندی وڵاتانی دراوسێی کرد.

باشکردنی پەیوەندییەکان

بەرێوبەری پێشووی وەزارەتی کشتوکاڵی سوریا بۆ ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاند، بەهۆی شەڕی سوریاوە زیانێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی گەیشتووە، بەڵام ئەم سەردان و پێکەوە کارکردنە دەبێتە هۆکارێک بۆ دووبارە باشکردنی پەیوەندییەکان.

سەبارەت بەو ئاڵنگاریانە کە لە ئێستادا رووبەرووی کەرتی کشتوکاڵی وڵاتانی ناوچەکە بووەتەوە، یەکێک لە ئامادەبووانی کۆبونەوەی وەزیرانی کشتوکاڵ رایگەیاند: “سەردانی وەزیران و لێدوانەکانیان لە چوارچێوەی قسەکردن تێناپەڕێت، ئامانجە سیاسییەکەی زیاترە لە ئامانجە کشتوکاڵییەکەی.”

لەهامان کاتدا، یەکێکی دیکە لە بەشداربووی کوبوونەوەکە روونیکردوە، کە قسەکردن سەبارەت بە دەستهێنانی ئاسایشی خۆراک تەنها قسە دەبێت، ئەگەر هاوڵاتیان نەتوانن بە کردار لە وەرزە جیاوازەکاندا سەوزە و میوە بە نرخێکی گونجاو بەدەستبخەن.

کەمی باران بارین و وشکە ساڵی و قەیرانی دارایی و ئەمنی بەشێکی دیکەی مژاری کۆبوونەوەی وەزیرانی کشتوکاڵ بووە کە بە بڕوای ئەوان دەبێت کاری لەسەر بکرێت.

بە گوێرەی گوتەی وەزیرەکان، دەروازە سنورییەکان، بە تایبەتی لە نێوان ئوردون و لوبناندا، کە بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی سوریاوە داخران، زیانێکی گەورەیان بە ئابوری هەر یەک لەوڵاتانی ئوردون و لوبنان گەیاندووە.

لەم بارەوە عەباس حاج حسێن، وەزیری کشتوکاڵ لوبنان ئاماژەی بەوەکرد  بەکارهێنانی گواستنەوەی دەریایی، لە جیاتی گواستنەوە لە ناو خاکی سوریاوە، شکستی هێناوە.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا

کاریگەری گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا لە سەر کەرتی کشتوکاڵ، پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەی وەزیران بوو.

حەسان قەتنا، وەزیری کشتوکاڵی سوریا راگەیاند، کە ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان کەمبووتەوە هەروەها سەرچاوەکانی ئاویش رووی لە کەم بوون کردووە، جەختیکردوە کە بەدەستخستنی بەرهەمە سروشتیەکان قورس بووە و ئەگەر ئیرادەیەکی هاوبەش نەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سەختییانە بە یەکگرتوویی، ئەوا ناتوانن بەرگەی ئەم کێشانە بگرن.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری  کشتوکاڵی لوبنانی عەباس حاج حسێن، سەرنجی خستە سەر قەیرانی کەمی خۆراک و  گوتی: “رووبەوبوونەوەی ئەم دیاردەیە بە تەنها ناکرێت”.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، پرسی کەمی خۆراکیان گەڕاندەوە بۆ بوونی شەری نێوان ئوکرانیا – روسیا هەروەها دروستبوونی پەتای کۆرۆنا و بەرزبوونی نرخی گواستنەوەی کەلوپەلەکان کە کاریگەری کردۆتە سەر داهاتی گشتی وڵاتان.

کاری هاوبەش

ساڵی رابردوو زنجیرەی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی کشتوکاڵی “سوریا، ئوردون، لوبنان و عێراق” لە بەغداد دەستپێکرد، دواتر لە بەیروت و عەمان کوبوبونەوە.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەوەکردەوە کە پێویستە هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوانیاندا هەبێت بۆ بەدیهێنانی یەکگرتنی کشتوکاڵی لە نێوان ئەو وڵاتانە و ئەوانەی لە وڵاتانی دیکەی عەرەبیەوە پەیوەندییان پێوە دەکەن.

لەلای خۆیەوە عەباس عەلاوی، وەزیری کەشتوكاڵی عێراق گوتی: “عێراق کار لە سەر زیادکردنی بازرگانی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکات، هەروەها عێراق ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن لە کەرتەکانی کشتوکاڵی وئاژەڵدا.”

بەگوێرەی گوتەکانی خالید حەنەفیات، وەزیری کشتوکاڵی ئوردون، لەکۆبوونەوەکانی داهاتوودا، باس لە پرسە هەڵواسراوەکان دەکەن بە تایبەتی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان هەر چوار وڵاتدا.

کەرتی کشتوکاڵی و جەنگی سوریا

لە 32٪ رووبەری سوریا بۆ کاری کشتوکاڵی گونجاوە، هەروەها سوریا بە وڵاتێکی کشتوکاڵی دادەنرێت، پێش سەرهەڵدانی شەری سوریا لە 2011، لە ٪ 25 هەناردەی سوریا بریتیبووە لە بەرهەمەکانی کشتوکاڵی، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا سوریا ناچار بووە زۆرێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە تایبەتی گەنم هاوردە بکات.

لە ساڵانی 2000 تاوەکو 2010 بەرهەمی ساڵانەی سوریا لە گەنم زیاتر بوو لە 4 ملیۆن تۆن، بەڵام ئێستا ئەو رێژە دابەزیوە بۆ کەمتر لە 2 ملیۆن تۆن گەنم لە یەک ساڵدا.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە سەرەتای دەستپێکی شەڕ لەو وڵاتە، بەبڕی 18 ملیار دۆلار زەرەر و زیان بە کەرتی کشتوکاڵی سوریا گەیشتووە.