هەولێر – نۆرس پرێس
راپەڕینی ساڵی 1991کە بە راپەڕینە مەزنەکە ناسراوە، راپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان بوو دژ بە رژێمی بەعس بە پاڵپشتیی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی کە ئەوکات لەدژی حکومەتی بەعس خەباتیان دەکرد و لە چیاکانی کوردستان دژ بە رژێم ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجام دەدا.
راپەرین بە فەرمی لە پێنجی ئازاری ساڵی 1991 لە دەڤەری راپەڕین و شاری رانیەوە دەستی پێکرد و تاوەکوو 21ـی ئازار و ئازادکردنی شاری کەرکووک بەردەوام بوو.
راپەڕین بووە هۆی دەرکردنی هێزەکانی بەعس لە کوردستان و دروستبوونی دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردی و رووداوەکانی دواتریش بوونە هۆی ئەوەی وڵاتانی جیهان چاویان بکەوێتە سەر گەلی کورد و کۆمەڵێک پارێزراویی بۆ دەستەبەر بکەن.
لە ئەنجامی راپەڕینی ئاداری 1991، گەلی کورد لە باشووری کوردستان بووە خاوەن قەوارەیەکی سەربەخۆ، دواتر پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ بەرهەم هات.
راپەڕینی ڕانیە
لە 5ی ئازاری 1991دا لە شاری ڕانیە و لە کاتژمێر نۆی بەیانیدا خەڵکی شارەکە کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەر یەکە سەربازی و حکوومییەکانی ڕژێمی بەعس و تاوەکوو کاتژمێر سێی عەسر شارەکەیان لە چەکدارانی ڕژێم پاککردەوە. دواتریش ناوچەکانی حاجیاوا و چوارقوڕنە و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران.
لەو ململانێدا زیاتر لە 50چەکداری بەعس کوژران و 10 هاوڵاتی شەهید بوون، لەدوای ئەم هەڵمەتە شاری رانیە بە دەروازەی راپەڕین ناسێنرا.

راپەڕینی بازیان و دەشتی بتوێن و پشدەر
لە 6ی ئازاری 1991دا ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازادکران، لە پشدەریش سەربازگەکانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەری خوارەوە کۆنتڕۆڵکران، تەنها فەوجی قادراوای پشت سەنگەسەر نەبێت کە شەڕی مان و نەمانیان کرد و بووە هۆی شەهیدبوونی چەندین پێشمەرگە و هاوڵاتی و کوژرانی دەیان سەرباز و گیرانی فەوجەکە. هەمان ڕۆژ لە بیتوێن تیپی ٤٤ـی چواڕقوڕنەی ڕژێم دەورەدران و هەر زوو کۆنتڕۆلکران، دواتر پێگەکانی سەرکلکەی کۆڵین و حاجیلە و بەرزایەکانی دۆڵە ڕەقە بەبێ ڕووبەڕووبونەوە خۆیان بەدەستەوەدا، ڕژێم تیپێکی لە کۆیە بردە گردەجان بۆ پاڵپشتی تیپی چوارقوڕنە و ناوچەکەی تۆپبارانکرد، هەر هەمان ڕۆژ ئەوێش گیرا و ژمارەیەک سەربازی ڕژێم کوژران.
راپەڕینی سلێمانی
لە 7ی ئازاری 1991دا جەماوەری شاری سلێمانی راپەڕی و هەڵیان کوتایە سەر بنکەی حامیەی پۆلیس و سەرا و ئازادیان کرد، هەروەها بۆ بەیانی واتە هەشتی ئازار ئەمنە سوورەکەی سلێمانی و سەر بازگەی سەلام و پێگەکانی سەر چیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆل کرد و بە هەزاران سەرباز خۆیان دا بەدەستەوە و پارێزگاری سلێمانی (شێخ موعتەسەم بەرزنجی) و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم کوژران.
راپەڕینی دەوروبەری سلێمانی
لە 8ی ئازاری 1991دا ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ، هەڵەبجەی شەهید، عەربەت، کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی زەڕایەن، ڕزگاری (سموود)، نەسڕ، باریکە، پیرەمەگروون و ئەلڵایی دەستی پێکرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک کۆنتڕۆلکران چەندان شەهید دران و چەندین کەس لە پیاوانی رژێم کوژران.
هەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم ڕەبییەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بێ کوشتار خۆیان ڕادەستی گەل کرد، قەڵای سووسێی ڕژێم گیرا و بەرەو دوکان چوون و لەلای دۆڵی خەلەکانیش جەماوەر بەرەو بەنداوی دوکان دەهاتن بۆیە بۆ ئێوارە ئەم ناوچەیەش بەتەواوی کۆنتڕۆل کرا.
راپەڕینی کۆیە و شەقڵاوە
لە 9ی ئازاری 1991دا جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ئەگەرچی حکوومەت سوپایەکی زۆر لە هەیبەت سووڵتان هەبوو و لە هەشتی ئازاردا چەند تیپێکی زرێپۆشی زیادەی هێنایە ئەوێ و لە هەوا و زەوی بەرگرییان لە خۆیان دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ناو کۆیە ئازادکرا، دواتر لە هەموولاوە هەیبەت سوڵتان دەورەدرا و کۆنتڕۆڵ کرا و سوپاکەی ڕادەستبوو. هەمان ڕۆژ ناوچەی شەقڵاوەش ئازادکرا، بۆ ئێوارەکەی کۆمەڵگەی زۆرەملێی باسرمە پاککرایەوە، لە هەمان ڕۆژ کفری و باوەنوور و بەرزاییەکانی ئازادکران.
لە 10ی ئازاری 1991دا جەماوەری مەسیف، تەقتەق، رەواندوز، قەرەهەنجیر، ئاغجەلەر، هەریر، باتاس، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران، مێرگەسوور و سەرجەم ئەو ناوچانە ڕاپەڕین و لە چەند کاتژمێرێکدا ئازادیان کردن.
راپەڕینی هەولێر
لە 11ی ئازاری 1991دا جەماوەری شاری هەولێر هەر لە بەیانییەوە لە گەڕەکەکانی شۆڕش، مەلایان و برایەتی بەرەو بارەگاکانی ڕژێم چوون، لە کاتژمێر ٩ی بەیانی جەماوەر ڕژانە سەرشەقام و کۆڵانەکان و چوونە سەر بارەگا و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، لەوانە دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس.
تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە کۆنتڕۆڵکران، تەنها پیاوەکانی ڕژێم لە بەڕێوبەرایەتی ئەمن و مەنزومەی شیمال بەرگرییان کرد، بۆیە کوژراوێکی زۆریان لێکەوت، لە هەمان ڕۆژدا راپەرین لە سەرجەم کۆمەڵگە و ناوچەکانی دەوربەری هەولێریش دەستی پێکردبوو، لە دێگەڵە پێداهاتن هەموو بان و بەزراییەکانی سوپا و پادگاکانی رژێمی تادەگاتە کەسنەزان پاککرانەوە، ئۆردوگاکانی قوشتەپە، شاوێس، پیرزین، مەلائۆمەر، جدیدە و تۆبزاواش ڕاپەڕین و دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ ئازادکران، دواتر کۆمەڵگەی زۆرەملێی خەبات هەڵیان کوتایە سەر بازگەی ئاسکی کەلەک و هەر زوو کۆنتڕۆڵیان کرد و دواتر کۆمەڵگەکانی کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر ئازادبوون، ئێوارەی هەمان ڕۆژ فەیلەقی ٥ی سەربازگەی هەولێر کۆنتڕۆل کرا، بۆ بەیانیی ١٢ی ئازار پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین، کانی قڕژالە، ڕێیگوێر و مەخموور گیران و خۆیان بەدەستەوەدا.
راپەڕینی جەلەولا، مەخموور، ئاکرێ، خانەقین و شێخان
لە 12ی ئازاری 1991دا جەماوەری جەلەولا راپەرین و تاوەکوو ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد کرد، بەڵام دواتر ڕژێم بە چەکی ئاسمانی و زەمینی تۆپبارانی کردن و چەندین هاوڵاتی شەهید کرد. هەمان ڕۆژ ناحیەی مەخموور و ئاکرێ و ناحیەی بجیل و سورچیایەتی و بەردەڕەش و دینارەتی زێبار ئازاد کردن. دواتریش شێخان و سەرزێی خازر و خانەقین ئازاد کران.
راپەڕینی زاخۆ، پردێ، جەبارە و کۆڵەجۆ
لە 13ی ئازاری 1991دا جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین، سەرەنجام ناو شاری زاخۆ و کۆمەڵگای هیزاوە و دەرکارعەجەم ئازادکران و راپەرین گەیشتە دەشتی سلێڤان و چیای بێخێر و ژوێ، پاشان لە سنووری کەرکووک شارۆچکەی پردێ ئازادکرا و لە گەرمیانیش کەلار و ناحیەی جەبارە و کوڵەجۆ ئازادکران.
راپەڕینی دهۆک
لە 14ی ئازاری 1991دا جەماوەری دهۆک لە گەڕەکی بەرۆشکێی لای سەرەوە سەریانهەڵدا و بەتێکڕا دەوری دەزگاکانی رژێمیاندا و هێرشیان کردە سەر، تا نیوەڕۆ هەموویان گیران، بەڕێوبەرایەتی ئەمن شەڕێکی درێژخایەنیان کرد و زۆربەیان کوژران، بەڵام دواتر تیپەکەیان خۆی بەدەستەوەدا. بەمەش ناوچەکانی زاوێتە، مانگێش، باگێرا، سەرسەنگ، ئەنیشک، بامەڕنێ، دێرەلوک، ئامێدی، سیریێ، شێلادزێ، باتوفە، بێ گۆڤا پشتاوپشت بوون، بۆ ڕۆژانی دواتر ناوچەکانی تر تا دەگاتە کانی ماسی و ناوچەی بەروای بالا و رێکان ئازاد کران، بۆیە پێگەکانی سەر چیاکانی گارا و مەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ خۆیان بەدەستەوەدا.
ئازادکردنی کەرکووک
پاش ڕزگارکردنی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستانەوە، تاکە شار کە مابووە ڕزگار بکرێت، شاری کەرکووک بوو، بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە و بە هاوکاریی یەکتر و ڕێکخستنەکانی ناوشار و جەماوری کەرکووک ئامادەکارییان کرد و سەرەنجام لە 21ی ئازاری 1991دا سەرجەم شاری کەرکووکیش ئازاد کرا.
ڕزگارکردنی شاری کەرکووک زۆری نەخایاند و پاش ماوەیەیەک حکوومەت بە چەک و چۆڵی زۆری و هێزێکی دڕندەوە و بە یارمەتیی ڕێکخراوی موجاهیدین هێرشی کردەوە سەر کەرکووک و داگیری کرد. دواتریش کۆڕەوی گەورەی کوردی بەدوا هات.

راپەڕینی قامیشلۆی رۆژئاڤا
بە هەمان شێوە لە بەهاردا لە رۆژئاوای کوردستان و پاش 13 ساڵ لە راپەرینە مەزنەکەی باشوور، لە شاری قامیشلۆ راپەڕینی قامیشلۆ سەری هەڵدا، راپەرینی قامیشلۆ لە 12 ئاداری 2004 لە یاریگای جیهاد لەکاتی یاری نێوان یانەی جیهادی قامیشلو و یانەی فتوە دەستیپێکرد، هۆکارەکەشی ئەوە بوو زۆربەی هاندەرانی یانەی فتوە سەر بە رژێمی ئەوکاتی حافز ئەسەد بوون و کوردیان خۆشنەدەویست، بۆیە دەستیان بە جنێو و ئیهانەتکردنی هاندەرانی یانەی جیهاد کرد و سەرکردەکانی کوردیان بە خیانەتکار و نۆکەری ئەمەریکا ناودەبرد. بەوەش نەوەستان و پەلاماریان دان و چەند کەسێکیان لێ بریندار کردن.
کوردەکان ئەمەیان پێ قبوڵ نەکرا و دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و راپەڕین دەستیپێکرد، دواتر تەشەنەی کرد بۆ شارەکانی دیکەی وەکو عامودە و دێرک و سەرێکانی و تربەسپی و کوبان و عەفرین، و لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت لە هەموو شارەکانی کوردستانی رۆژئاوادا نەما و وردە وردە ئاگری راپەرین گەیشتە گەڕەکەکانی کورد لە شارە گەورەکانی سوریا وەکو گەڕەکی شیخ مەقسود لە حەلەب و گەرەکی زۆرئاڤا لە شام و چەند گەرەکی تر. ئەم راپەرینە چەند بریندار و شەهیدی لێکەوتەوە، کە ژمارەی شەهیدەکان گەیشتە 50 کەس و بریندارێکی زۆریش هەبوو. هەروەها لە زۆر پایتەختی وڵاتانی ئەوروپا هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی سوریا لەلایەن چالاکوانانی کورد و ئاڵای بەعس و سوریایان هێنایەخوارەوە و ئاڵای کوردستان لەسەری بەرز کرایەوە.