قامیشلۆ.. هەڵمەتی بەخشین بۆ زیانیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
بە ئامانجی پێشکەشکردنی هاوکاری بە رزگاربووان و ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە له بوومەلەرزەكه‌ی رۆژئاوای كوردستان و باکوور و رۆژئاوای سوریا، دامودەزگاکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر لە قامیشلۆ هەڵمەتێکی كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌یان دەستپێکرد.
سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابورییەی سوریا، دانیشتوانی شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای كوردستان بەشدارییان لەو هەڵمەتە هاوکارییەدا کرد کە لە بەرواری 10ی شوباتەوە لەلایەن دامەزراوەکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەرەوە دەستیپێکردووە.
خەڵکی قامیشلۆ هه‌موو جۆره هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ زیانتلێكه‌وتوونی بوومه‌له‌رزه‌كه، به‌تایبه‌ت قەزای “جندێرس”ی شاری عه‌فرین کە گه‌وره‌ترین زیانی به‌ركه‌وت له سوریا، ئه‌و هاوكارییانه‌ش كه له قامیشلۆوه كۆدەکرێنەوە، بریتین لە جل و بەرگ و کەلوپەلی فریاگوزاری و ئامێری گەرمکەرەوە و هاوکاری ماڵی.

سامیا خەلیل، گوتەبێژی نووسینگەی ژنان لە پارتی یەکێتیی دیموکرات و ئەندامی کۆمیتەی كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه لە شاری قامیشلۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئەمە چه‌ند رۆژێكه ئه‌و هه‌ڵمه‌ته ده‌ستی پێكردووه و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت”.
خەلیل جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای سه‌ختی ژیان کە هاووڵاتیانی رۆژئاوای كوردستان پێیدا تێدەپەڕن، به‌هۆی قەیرانی ئابوورییەوە، به‌ڵام خه‌ڵكی ئه‌و شاره به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌شدارییان له‌و هه‌ڵمه‌تەدا كردووه.
خەلیل ئاماژەی بەوەدا کە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر لە یەکەم رۆژی بوومەلەرزەکەوە هه‌وڵیداوه هاوکاری و فریاگوزاری بۆ ئەو ناوچانه بنێرێت، جەختی لەوەش کردەوە، “سەرەڕای توانای کۆکردنەوەی بڕێکی زۆر هاوکاری له‌لایه‌ن خەڵکی ناوچەکە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە لە گەیاندنی هاوكارییه‌كان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سه‌ر به توركیا و حكومه‌تی دیمه‌شق كه رێگری ده‌كه‌ن له گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان.”
هەر لەو چوارچێوەیەدا شوکری ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کۆکردنەوەی هاوكارییه‌كان لە شارەوانی قامیشلۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دوو لیژنەیان پێکهێناوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوكاری، گوتیشی: ئامانجمان ئەوەیە كه پشتیوانی خەڵکە زیانلێکەوتووەکانمان بین.”
شوکری رایگه‌یاند، لە ماوەی چەند رۆژێکدا خەڵکی ناوچه‌كه توانیان کاروانێكی هاوکاری بنێرن و دەشڵێت: “بەڵام بەداخەوە له دەروازەکان ئاسته‌نگیان بۆ دروست ده‌كرێت، چونکە حیساباتی سیاسی رێگری لە گەیشتنی ئەو جۆرە هاوکارییانه ده‌كات، و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان كرد فشار بخەنە سەر ئه‌و لایه‌نانه بۆ کردنەوەی رێگاکان بۆ ئەوەی فریاگوزاری بگاتە خەڵکی زیانلێکەوتوو”.
لە 6ی شوباتی 2023دا بوومەلەرزەیه‌ك به گوڕی 7.9 پلە باكوور و رۆژئاوای كوردستان و سوریا و تورکیای هه‌ژاند، كه هه‌زاران قوربانی لێكه‌وته‌وه و چه‌ندین شاری وێران كرد، ئه‌وه جگە لە ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه.