هەولێر..قاوەی سوری وەک جێگرەوەی چا

هەولێر – نۆرس پرێس

لە سەرەتای ئاوارە بوونیانەوە بۆ هەرێمی کوردستانی، سوریەکان بە پەرۆش بوون بۆ پاراستنی داب و نەریتەکانیان و گواستنەوەیان بۆ کۆمەڵگاکانی کوردی و عێراقی، لەوانەش خۆشەویستییان بۆ قاوە، و لێهاتوویییان لە ئامادەکردنیدا، بۆیە توانیان ئەمە  بکەن بە یەکێک لە پیشە سەرەکیەکانی بازاڕە گشتی و گەشتیاریەکان.

لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011 هەزاران خێزانی سوری و رۆژئاوای کوردستان پەنایان بردۆتە بەر هەرێمی کوردستانی عێراق، کە زۆربەیان لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون، بەڵام لەگەڵ تێکچوونی دۆخی ئابووری سوریا، هەولێر بووەتە بۆ پەنایەک بۆ هەزاران سوری کە لە پایتەختی دیمەشق و ناوچەکانی ناوەڕاست و کەناراوەکانەوە هاتوون وبەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن.

زۆرێک لە پەنابەر و ئاوارە سورییەکان دەستیان کردووە بە کردنەوەی پڕۆژەی تایبەت، وەک چێشتخانە، کافێ، قاوەخانەی خێرا، شاورمە، فەلافل و ئەو کارانەی کە شارەکانیان پێی بەناوبانگن.

لە بازاڕەکانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، چەندین کافێی جوڵاو و جێگیری سووری هەیە، بە شێوازی خۆیان جۆرەها قاوە پێشکەش بە کڕیاران دەکەن.

هەرچەندە چا یەکەم خواردنەوەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام سوریەکان توانیان کوپێک قاوە بۆ بەیانی کوردەکان زیاد بکەن، و وابکەن  کە ئێوارەش بە هەمان شێوە تامی بکەن، بۆیە هاوڵاتیانی کورد لە هەولێر حەزیان لە قاوەی سوری کرد و ئاشنابوون لەگەڵ جۆرەکانیدا.

عەبدوڵا مەحمود نابلسی خاوەنی کافێیەکی سورییە لە نزیک قەڵای دێرینی هەولێر، جۆرەها قاوەی خێرا پێشکەش دەکات، بە نۆرس پرێس دەڵێت: ئێمە لە حەلەبەوە هاتووین، دوای ماوەیەک بۆمان دەرکەوت خەڵکی ئێرە قاوە ناخۆنەوە، بۆیە ئێمە بڕیارماندا داب و نەریت و میرات و کولتوری سوریامان بگوازینەوەو کافێیەکی بچووکمان کردەوە بۆ فرۆشتنی قاوە.

ئەو کافێیەی کە لەلایەن “نابلسی” کراوەتەوە، چەندین جۆری قاوە ئامادە دەکات، بە شێوازی سووری ئامادە دەکرێن، لەوانە قاوەی تورکی، قاوە لەگەڵ شوکولاتە، لەگەڵ فستق و چەندان جۆری تر، ئەوان حەزیان لە گەیاندنی کەشوهەوای سووری بوو کە هاوڕێی قاوەیە؛ بەر لە هەرشتێکیش بەکارهێنانی دەلەی عەرەبییە کە لەگەڵ کوپێک لەسەر قاپێک لەگەڵ پەرداخێک ئاو، بەپێی شێوازی سوری پێشکەش دەکرێت.

هەروەها مجد تالیب، گەنجێکی سوری خەڵکی شاری حەڵەبە، بڕیاریداوە کافێیەک لە گەڕەکی ئیسکانی شاری هەولێر بکاتەوە، بە نۆرس پرێسی وت:” ئێمەی سوری زۆرمان حەز بە خواردنەوەی قاوەیە لە بەیانیاندا، دوای سەرخەوشکاندنی نیوەڕوان و کاتێک میوانێکمان دێت داوەتی قاوە خواردنەوەیەکی دەکەین، ئەمەیە کە ئێمە ویستمان بیگوازینەوە بۆ هەولێر”

دەشڵێت، “ئێمە کوپی قاوەی سووریمان لە تەنیشت پیاڵەی چای کوردی دانا”.

بۆ ئاشناکردنی کوردەکان بە کەش و هەوای بەیانیانی سوریا، “تالیب” حەزی لێیە گۆرانییەکانی فەیروز لێبدات، بە دەم قاوە ئامادەکردنەوە دەڵێت: “کوردەکان دەزانن کە کوپی قاوەی بەیانی سوری دەبێت دەنگی خاتوو فەیروزی لەگەڵدا بێت”.

قاوەی سوریەکە لە هەولێر خواستی زۆری پەیدا کردووە و خەڵکی بە تایبەت دێن بۆ خواردنەوەی.

 ڕێدار مەحمود، گەنجێکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، دەڵێت: “لەگەڵ هاتنی سوریەکان حەزمان لە خواردنەوەی قاوە بوو، پێشتر چا خۆشترین خواردنەوەمان بوو”

ئامادەکردنی: سوها کامێل – داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر