کۆبانی – نۆرس پرێس
حەوا ناچارە بەرگەی ناڕەحەتی و هەوڵێکی زۆر بگرێت بۆ سەرکەوتن بەسەر گردێکدا لە دیوی رۆژئاوای شاری کۆبانی، بۆ گەیشتن بە بنکەی تەندروستی مشتەنور، بۆ وەرگرتنی چارەسەر و دەرمانەکانی.
(حەوا عابد 70 ساڵ) دانیشتووی شاری کۆبانی دەڵێت، “دووری ناوەندی مانگی سووری کوردی جاران بۆ دانیشتوان زۆر کەم دەبووەوە، بەو پێیەی لە سەنتەری شاردا بوو”.
سەرەتای مانگی یەک، بە پشتبەستن بە بڕیارێکی لقی سەرەکی رێکخراوەکە لە جەزیرە، بەشی تەندروستی لە ناوەندی مانگی سووری کوردی لە سەنتەری شاری کۆبانی داخرا.
“حەوا” بە نۆرس پرێسی راگەیاند، گەیشتن بە بنکەی تەندروستی مشتەنور کە دەکەوێتە ناوچەیەکی بەرز و دوورەدەستەوە، ئەستەمە، ئەمە جگە لەوەی کە دوای داخستنی سەنتەری مانگی سووری کورد قەرەباڵغییەکی زۆر کەتوەتەسەر ئەو بنکەیە.
لەبەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان لە وەرزی زستاندا بەتایبەتی ئەنفلۆنزا و تێکچوونی باری ئابووری دانیشتوانی ناوچەکە، زۆربەیان ناچارن بچنە بنکەی تەندروستی مشتەنور.
“حەوا” باس لەوە دەکات کە بنکەی تەندروستی مشتەنور بەتەنها پێداویستییە تەندروستییەکانی ئەوان پڕناکاتەوە، بەو پێیەی شارەکە فراوانتر بووە و ژمارەی دانیشتووانی زیادی کردووە، هەروەها رێژەیەکی زۆر نەخۆشی تێدایە و لێشاوی سەردانکەران بۆ ئەو ناوەندە دەبێتە هۆی قەرەباڵغییەکی زۆر.
ئەو ژنە داوا دەکات ناوەندی مانگی سووری کوردی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی دانیشتووان بتوانن سوودمەندبن لە خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی داهاتیان سنووردارە، کە ئەمە بە چارەسەرێک دەزانن بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری تەندروستی.
ژمارەی دانیشتوانی شاری کۆبانی نزیکەی 40 هەزار کەسە، یەک بنکەی تەندروستیش بەشی هەموو دانیشتووانی شاری کۆبانی ناکات.
قەرەباڵغی و نۆرەگرتن
(بۆزان حمی 33 ساڵ)، کارمەندێکی خەڵکی کۆبانی، بەمەبەستی بینینی منداڵە نەخۆشەکەی کە تووشی ئەنفلۆنزای وەرزی بووە لە بنکەی تەندروستی مشتەنور، ناچارە بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک لە سەرەدا چاوەڕێ بکات، بەهۆی ئەو قەرەباڵغیەی کە دوای داخستنی ناوەندی مانگی سووری کوردی لەسەر ئەو ناوەندە دروست بووە.
“بۆزان” باس لەوە دەکات کە “سەرەڕای ئەوەی کاتژمێر 11ی بەیانی گەیشتووەتە سەنتەرەکە، بەڵام ژمارەی سەردانکەرانی بەشی منداڵان 130 کەس بووە، سەردانکەران لە چاوەڕوانیدا چەند کاتژمێرێک لە حەوشەی ناوەندە تەندروستییەکەدا، لە کەش و هەوای ساردی زستاندا، دەمێننەوە”.
بۆزان هاوڕایە لەگەڵ وتەی ئەو هاوڵاتیەی پێش خۆی، کە “داخستنی سەنتەری مانگی سووری کوردی کاریگەری زۆری لەسەر دانیشتوان هەبووە، چونکە زۆرینەی توشبووانی بەشەکانی نەخۆشی لەشمانیا و سیل و شەکرە پێشتر سوودمەند بوون لە چارەسەر لەوێ و دەرمانەکانیان بە خۆڕایی وەردەگرت”.
ئاماژە بەوە دەکات کە “ئەو کرێ زۆرەی بۆ پشکنینی پزیشکی، کە دەکاتە 15 هەزار لیرە، هەروەها گرانی نرخی دەرمان، بەو پێیەی نرخی هەر رەچەتەیەک دەگاتە 50 هەزار لیرە، بارودۆخی ئابووری سەختی دانیشتوانی ناوچەکە; ناچاریان دەکەن بێنە بنکەی تەندروستی مشتەنور”.
ئەو هیواخوازە ئەوانەی بەرپرسیارن لە داخستنی سەنتەرەکە، بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە، چونکە “زۆربەی دانیشتووانەکەی دەوڵەمەند نین و بە سەختی بژێوی ژیانیان بەڕێوەدەبەن”.
لە ئێستادا لە شاری کۆبانی تەنها یەک بنکەی تەندروستی هەیە، ئەویش “ناوەندی مشتەنور”ە، دوای 15 ڕۆژ لە داخستنی ناوەندی مانگی سووری کوردی و ئەم سەنتەرە ناتوانێ ئەو ژمارە زۆرەی نەخۆش لەخۆ بگرێت، بە گوتەی بۆزان.
ناوەندی تەندروستی مشتەنور کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەخۆڕایی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 3ی پاشنیوەڕۆ، هەروەها چوار بەشی تێدایە: “بەشی پزیشکی، شەکرە، پاڵپشتی دەروونی، و بەشی بەدخۆراکی”.
زیادبوونی ژمارەی سەردانکەران
تۆفیق شێخ ئەحمەد کە پزیشکە لە بنکەی تەندروستی مشتەنور، ئاماژە بەوە دەکات کە ناتوانن خزمەتگوزارییەکانی خۆیان پێشکەش بە هەموو نەخۆشەکان بکەن.
دەشڵێ، “ژمارەی سەردانکەرانی ناوەندی تەندروستی مشتەنور رۆژانە لە 350 بۆ 400 سەردانکەر بوون، بەڵام دوای داخستنی بنکەی مانگی سووری کوردی، ژمارەکە بووە بە 500 بۆ 550 سەردانکەر.”
دەڵێ: “لەبەردەم ئەم ژمارە زۆرەدا، ناچار دەبین هەندێکیان بۆ رۆژی دواتر دوابخەین، سەرەڕای باری تەندروستی سەختیان”.
گرانی نرخی دەرمان و تێکچوونی باری گوزەرانی دانیشتوان، ژمارەی سەردانیکەرانی تاکە نەخۆشخانەی شارەکەی زیاد کردووە، کە پشکنین و دەرمانی تێیدا بەخۆڕاییە.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا وەزارەتی تەندروستی سوریا بەرزبوونەوەی نوێی نرخی دەرمانی ناوخۆی راگەیاند، کە هەزاران جۆری دەرمان لەخۆدەگرێت، بەشێکیان رێژەی گرانبوونەکەی دەگاتە 80%.
نرخی دەرمانەکان بە رێژەی 50% بەرزکرایەوە و زۆربەی جۆرەکانی دەرمانی لەخۆگرتبوو، زیادکردنەکە لە هەندێک جۆری دەرمانی دیکەدا گەیشتە 80%، کە بەرزبوونەوەی 12 هەزار و 826 جۆری دەرمانی لەخۆگرتبوو، بەپێی ئامارەکانی سەندیکای دەرمانسازەکان.
شێخ ئەحمەد پێی وایە چارەسەری کێشەی قەرەباڵغی، کردنەوەی بنکەیەکی تەندروستی ترە لە شارەکە، یان کاراکردنی شەفتی ئێوارانە لە کاتژمێر سێ بۆ هەشتی ئێواران، بۆ ئەوەی بتوانرێت پێداویستی هەموو نەخۆشەکان دابینبکات.
داواکارییەکان
“شێخ ئەحمەد” داوای زیادکردنی ژمارەی کارمەندانی پزیشکی لە ناوەندەکە دەکات، چونکە لە ئێستادا توانای هەڵگرتنی ئەو ژمارە نەخۆشەیان نییە.
لە ئێستادا لە بەشی پزیشکی بنکەی تەندروستی مشتەنور چوار پەرستار و سێ پزیشک و مامانێک هەن، بە گوتەی شێخ ئەحمەد.
ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر نزیکەی پێنج رێکخراوی مرۆیی لە کۆبانی پشتیوانی کەرتی پزیشکییان دەکرد، بەڵام زۆربەی ئەو رێکخراوانە لە ناوچەکەوە گواستراونەتەوە.
ئەو پزیشکە هیوادارە رێکخراوە مرۆییەکان و رێکخراوی تەندروستی جیهانی کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی پاڵپشتی بۆ دانیشتوانی شاری کۆبانی کە بەدەست گرانی و بەتایبەت نرخی دەرمانەوە دەناڵێنن، بە گەڕاندنەوەی پاڵپشتی رێکخراوە مرۆییەکان بۆ هەرێم.