رێگرییەکانی بەردەم بەئەندامبوونی سوێد و فینلەند لە هاوپەیمانی ناتۆدا

هێلسنکی – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، میدیای فەرمیی سوێد بڵاویکردووەتەوە کە دەسەڵاتدارانی سوێد داوایەکی حکومەتی تورکیایان رەتکردووەتەوە بۆ رادەستکردنەوەی چوار داواکراو، کە ئەندامی بزووتنەوەی گولەن بوون و لەلایەن تورکیاوە بەوە تۆمەتبارکراون دەستیان هەبووە لە هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەممووزی 2016.

میدیای فەرمیی سوێد ئاشکرای کردووە، لە ساڵانی 2019 و 2020، حکومەتی تورکیا ئەو داوایەی پێشکێشی حکومەتی سوێد کردووە، دوو ساڵ پێش ئەوەی هەریەک لە وڵاتانی سوێد و فینلاند بە فەرمی داوای ئەندامبوونیان لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە.

هەروەها ئەو داواکارییەی ئەنقەرە لە سوێد پێش واژۆکردنی یاداشتنامە سێقۆڵییەکەی تورکیا و سوێد و فینلاند لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو لەپەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە مەدرید بووە، تایبەت بە ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە ئەسکەندەناڤییە لە ناتۆ.

لە لایەن تورکیاشەوە، فوئاد ئۆکتای جێگری سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، گڵۆپی سەوز بۆ بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ ھەڵناکەن، سویدیش رادەستکردنەوەی چوار کەس بە تورکیا رەتدەکاتەوە.

ئۆکتای لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، تورکیا بۆ بەئەندامبوونی سوید لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ ناتوانێت گڵۆپی سەوز ھەڵبکات، لێبوردەش نابن بەرامبەریان چونکە رێگە بە چالاکییەکانی ئەو لایەنانە دەدەن کە مەترسی ئەمنی لەسەر تورکیا دروست دەکەن.

گوتیشی، سوید پابەند نەبووە بە زۆرینەی ئەو بەڵێنانەی لە رێککەوتنی سێقۆڵیدا پێیدابوون، ھەروەھا لە جدییەتی تورکیاش تێنەگەیشتووە، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت بە ئەندامبوونی لە ناتۆ وەک خەونێک دەمێنێتەوە.

ھاوکات میدیای رەسمی سوید بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی سوید رادەستکردنەوەی چوار کەسی بە تورکیا رەتکردووەتەوە، کە تورکیا تۆمەتباری کردوون بەوەی دەستیان ھەبووە لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016دا.

ساڵی رابردوو، دادگەی باڵای سوێد بڕیاری لەسەر کەیسی ئەو چوار داواکراوەی تورکیا دابوو و داواکەی رەتکردبووەوە، حکومەتی سوێدیشی بە پابەندبوون بەو بڕیارە ناچار کردووە. 

لە کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، رۆژنامەنووسی تورکی بولنت کێنێش یەکێکە لەو داواکراوە سەرەکیانەی دەبێ سوێد رادەستی بکاتەوە و یەکێک لە مەرجەکانی رازییبوونی ئەنقەرە بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ.

مانگی رابردوو، بە هەمانشێوە دادگەی باڵای سوێد داواکەی تورکیا بۆ رادەستکردنی ئەو رۆژنامەنووسە رەتکردەوە و حکومەتی تورکیاش لە بەرامبەردا ئەو بڕیارەی دادگەی سوێدی بە “پێشهاتێکی نێگەتیڤ” وەسفکرد.

مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، هەریەک لە سوێد و فینلاند، داوای ئەندامبوونیان لە ناتۆ کرد، بەڵام ئەندامبوون لەو هاوپەیمانییە سەربازییە پێویستی بە واژۆی سەرجەم ئەندامەکانییەتی، تاوەکو ئێستا 28 وڵات واژۆیان لەسەر داواکارییەکەی سوێد و فێنلاند کردووە و تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون.