کامپە هەڕەمەکیەکانی مەنبیج.. داخستنی دەروازەی تەل کۆچەر و کەمبوونەوەی هاوکاریەکان

مەنبیج – نۆرس پرێس

حوریە حەمید تەمەن 42 ساڵ، ئاوارەیەکی خەڵکی ناوچەی مەسکانە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب و لە کامپی هەڕەمەکی خریجە لە لێواری رۆژئاوای مەنبەج لە باکووری سووریا دەژی، چاودێری منداڵە نۆ ساڵانەکەی دەکات کە خاوەن پێداویستی تایبەتە هەیە و هیچ ڕێگەیەک شک نابات کە ئازارەکانی پێ کەم بکاتەوە.

ئەو ژنە چووەتە چەند ڕێکخراوێک بە مەبەستی تۆمارکردنی منداڵەکەی کە تووشی مردنی خانەکانی مێشک و ئیفلیجی ئەندامەکانی خوارەوەی بووە، بۆ ئەوەی هاوکاریی بکات، بەڵام هیچ پاڵپشتییەکی بەرچاویان پێشکەش نەکردووە تا بارگرانی خەرجییەکانی سەر هاوسەرەکەی کەم بکاتەوە، کە وەک کرێکارێک ڕۆژانە کاردەکات، و داهاتی ڕۆژانەی لە حەوت هەزار لیرەی سوری زیاتر تێناپەڕێت.

ئاوارەکانی کەمپەکانی مەنبیج گلەیی لە کەمی پشتیوانی پێشکەش کراو دەکەن لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە، بە هۆی بەردەوامی داخستنی دەروازەی تەل کۆچەر و کاریگەرییەکانی لەسەر بڕی ئەو یارمەتییانەی کە دەگاتە دەستیان لەکاتی پچڕپچڕدا.

“حەمید” بە زمانی ئاخاوتنی خۆی باس لە کەمی هاوکاری و کەمی پشتیوانی پێشکەشکراو دەکات، “ئەگەرئەو کەمە کارە نەبوایە لە برساندا دەمردین، کەس هیچی پێ نەدەداین.”

وێڕای ئاماژەدان بە چادرەکەیان کە لە پاشماوەی گوێنی دانەوێڵە دروستکراوە، ئەمە جگە لەوەی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان نییە، هەڵگرتنی خەرجییەکانی منداڵە کەمئەندامەکەیان و پێنج خوشک و براکەی دیکەی لە سەرووی توانای هاوسەرەکەیەتی.

لە بەردەوامی داخستنی دەروازە مرۆییەکان بە تایبەت دەروازەی تەل کۆچەر، بڕی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی دەگەنە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کەمیان کردووە هاوکارییەکان بەپێی بڕی ئەو پشتیوانییانەی پێشکەش دەکرێن کە دەگەنە رێکخراوە مرۆییەکانی مەنبیج.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، زۆرجار زاواكه‌ی بڕێك هاوكارییان بۆ دێنێت، “به‌ڵام ئه‌وه‌‌ به‌ رۆژێك و مانگێك چارەسەر نابێ، ئه‌گه‌ر رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان پاڵپشتی تەواوەتیمان نەکەن، دۆخه‌كه‌مان رۆژ دوای رۆژ روو لە خراپتر دەکات”

نزیكەی دوو ساڵە دەروازەی تەل کۆچەر كە دەكەوێتە سەر سنووری سووریا و عێراق داخراوە، دوای ئەوەی مۆسكۆ و پەكین دەسەڵاتی ڤیتۆیان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەكارهێنا بۆ داخستنی ئەو دەروازەیە لەبەردەم تێپەڕاندنی هاوكارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان.

محه‌مه‌د ئه‌لئەدهەم ته‌مه‌ن 39 ساڵ،‌ ئاواره‌یه‌كی ناوچه‌ی مه‌سكه‌نەیە‌ و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی كه‌ هه‌شت كه‌سن له‌ كا‌مپی هەڕەمەکی(نافه‌رمی) “خریجه‌” ده‌ژین، رایگه‌یاند كه‌ پێداویستییه‌كانیان له‌ كه‌مپه‌كه‌دا له‌و پاڵپشتییه‌ زیاتره‌ كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شیان دەکرێت.

بە نۆرس پرێسی وت، ئێستا ئەوان لەگیرفانی خۆیان ئاو لە تانکەرە گەڕۆکەکان دەکڕن، کە جاران بەخۆڕایی لەلایەن ئەو ڕێکخراوانەی لە کەمپەکاندا کاردەکەن دابین دەکرا، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو، “ڕێکخراوەکان پشتگیرییەکەیان ڕاگرت”

ئاوارەکان رۆژانە نزیکەی 2500 لیرەی سوری دەدەن بۆ کڕینی بەرمیلێک ئاو، خێزانیش هەن کە ناچارن زیاتر لەوە پارە بدەن، بەپێی ژمارەی ئەندامەکانیان و پێداویستی رۆژانەیان، ئەمە جگە لەو هاوکارییە خۆراکییە شەرمهێنەرانە، کە بەشی چەند رۆژێک زیاتر ناکەن، بە وتەی محەمەد.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد  سەرەڕای بەرزبوونەوەی پله‌كانی گه‌رما، كا‌مپه‌كه‌یان بە دەست كه‌می خزمه‌تگوزاری پزیشكیەوە دەناڵێنێت‌ و مه‌ترسی تووشبوون به‌ چه‌ندین نه‌خۆشی منداڵان له‌ ئارادان وهیچ لایه‌نێك نییه‌ هاوكاری پزیشكیان پێشكه‌شیان بكات، چارەسەرکردن لە دەرەوەی کەمپەکە پێویستی بە تێچوویەکی زۆرە کە لە توانای ئەواندا نییە.

ئیسماعیل ئەلئیبراهیم تەمەن 38 ساڵی ئاواری ناوچەی مەسكەنە، لە هەمان كەمپدا دەژی، نزیكەی دوو مانگە هیچ هاوكارییەكی پێنەگەیشتووە، جا چ خۆراك بێت یان پاكکەرەوە.

بە نۆرس پرێسی وتوو، زۆربەی ئەو چادرانەی ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێن، بە دەست و لە پاشماوەی گوێنی دانەوێڵە دروستکراون، بە هۆی سەختی کەشوهەوا کۆن بوون و داڕزاون،”چەند جارێک داوای گۆڕینیمان کردووە بەڵام ئەوانەی هانایان بۆ دەبەین بێهیوامان دەکەن”

ئیبراهیم داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات پاڵپشتی بۆ سەرجەم ئاوارەبووەکانی شار و لادێکان زیاد بکەن، هاوکات هاوکارییەکان بگاتە ئەو کەسانەی کە شایەنین، ئەمە جگە لە دابینکردنی ئەو خۆراک و چادر و کەرەستەی پاککردنەوانەی کە پێویستیان پێیەتی.

ژمارەی ئاوارەکانی کامپە هەڕەمەکییەکانی ناو شاری مەنبیج و گوندەوارەکانی گەیشتووەتە 1935 ماڵبات کە ژمارەیان 9786 کەسە، لە کاتێکدا ژمارەی ئاواری کامپە ئاساییەکان گەیشتووەتە 1012 بنەماڵە کە ژمارەیان 5190 کەسە، زۆربەیان خەڵکی ناوچەکانی مەسکەنە و دێر حافرن لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەلەب(بە گوێرەی لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە مەنبەج).

ئەسما رمۆ، هاوسەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار رایگەیاند، بەڕێوبەری ناتوانێت ئەرکی تەواوی ئاوارەکان هەڵبگرێت، بەو پێیەی ناتوانێت پشتیوانیان بۆ دابین بکات، گەورەترین بارگرانیش دەکەوێتە سەر شانی ئەو رێکخراوە مرۆییانەی کە لە مەنبیج کاردەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکە لە هەماهەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوانی کامپە فەرمی و نافەرمیەکان، کە لەڕێگەی ئەو بەرنامانەی ڕێکخراوەکان پێوەی پابەندن، هاوکارییان پێشکەش دەکرێت

ئامادەکردنی: سەدام الحسن – پێداچوونەوەی: عەمار حەیدەر