کۆبانی.. لە داستانی بەرەنگاربووەنەوەی داعشەوە بۆ ترس لە گەڕانەوەی

کۆبانی – نۆرس پرێس

محەممەد ترسی خۆی لە گەڕانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ شارەکەی ناشارێتەوە و پێی وایە گەڕانەوەی ئەو رێکخراوە بە مانای تۆڵەسەندنەوە لە دانیشتوانی شارەکە دێت.

ئەو پیاوە تا ئێستاش بیری دێتەوە کە چۆن داعش دوای شکستەکەی بە نهێنی گەڕایەوە بۆ کۆبانی و کۆمەڵکوژییەکی ئەنجامدا، کە تێیدا نزیکەی 300 هاوڵاتی سڤیل کوژران، لەنێویاندا براکەی و حەوت لە کەسوکارەکەی.

محەمەد مەحمود جەعفەر (55 ساڵ)، برای یەکێک لەو قوربانیانەیە کە لە کۆمەڵکوژیی رێکخراوەکە لە 25ی حوزەیرانی 2015 لە شاری کۆبانی شەهید کران، پێی وایە ئەگەر رێکخراوی “داعش” زیندوو بێتەوە لە رەققە و دێرەزوور و کۆبانی ئامانجەکەی دەبێت بە “تۆڵەسەندنەوە.”

دانیشتوانی شاری کۆبانی ترسیان لە بوژانەوەی داعش لە ناوچەکە هەیە، ئەوەش دوای دەرکەوتنی شانەکانی لە شاری رەققەی پایتەختی رێکخراوەکە، هەفتەی رابردوو و دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی و هێرش و تۆڵەسەندنەوەکانی لە شارەکە کە لە کۆتایی ساڵی 2014 و سەرەتای ساڵی 2015 شکستیان پێهێنرا.

لە 26ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، داعش توندوتیژترین هێرشی لە ماوەی چەند مانگێکدا دەستپێکرد، بارەگایەکی ئاسایشیان لە شاری رەققە کردە ئامانج، بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان.

ئەم دەرکەوتنەی “داعش” ترسەکانی “جەعفەر”ی زیاتر کردووە و دەڵێت کە مەترسییە بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی و ئەگەر “داعش” خۆی زیندوو بکاتەوە، ئەوا مەترسی لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت.

لە 25ی حوزەیرانی 2015، 253 کەس کوژراون و 273 کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان منداڵ و ژن و بەساڵاچوو بوون، ئەوەش دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر شاری کۆبانی.

دانیشتوانی کۆبانی ئەو شەوەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی 526 هاوڵاتی ئەو شارە، بە “شەوی خیانەت” وەسف دەکەن.

بابەتەکە تەنها لە “جەعفەر”دا قەتیس نییە، ئەم ترسانە ئێستا هەموو دانیشتوانی شارەکەی گرتووە و ئامینە مستەفا جەلۆ (40 ساڵ) کە لە کۆمەڵکوژییەکەی کۆبانیدا هاوسەر و براکەی لەدەستدا، یەکێکە لەوانە.

جەلۆ ترسی ئەوەی هەیە داعش بتوانێت خۆی زیندوو بکاتەوە، چونکە “کۆمەڵکوژی زیاتر دژی دانیشتوانی ناوچەکە ئەنجام دەدات”.

ئەو دەڵێت، سەرهەڵدان و گەڕانەوەی ئەندامان و شانەکانی داعش لە رەققە ترسی دانیشتوانی ناوچەکە و بەتایبەتی کۆبانی بەرزدەکاتەوە کە رێکخراوەکە تێیدا شکستی هێنا.

جەلۆ دەشڵێت، “داعش” محەممەد بوزی هاوسەری (47 ساڵ) و عیزەدین مستەفا جالۆی برای (43 ساڵ)ی کوشتووە، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی 50 هاوڵاتی سڤیلی لە گەڕەکەکەیان کوشتووە، هەروەها زیاتر لە 300 هاوڵاتی سڤیلی دیکەی لە شاری کۆبانی کوشتووە.

“جەلۆ”وڵاتانی جیهان بەرپرسیار دەکات لە بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە رێکخراوی “داعش” لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی دانیشتووان بتوانن بە سەلامەتی لە ماڵەکانیاندا بژین.

دوای جموجۆڵە چڕەکانی ئەو رێکخراوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە 29ی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی “رەشەبای جەزیرە” یان لە گوندەوارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ لە باکووری سوریا راگەیاند، بۆ بەدواداچوونی شانەکانی “داعش”.

لەو بەروارەوە تا ئەمڕۆ، “هەسەدە” لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەیدا، بەپێی داتا فەرمییەکان، 143 ئەندامی دەستبەسەر کردووە.

مستەفا عەلووش (70 ساڵ) دانیشتووی شاری کۆبانییە، پێی وایە سەرهەڵدانی شانەکانی “داعش” لە رەققە، کە گوایە پایتەختەکەیان بووە، ئامانجی ئەوەیە “جارێکی دیکە رێکخراوەکە زیندوو بکاتەوە و بگەڕێتەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە”.

عەلوش پێی وایە “توانای ئەندامانی داعش بۆ ئازادکردنی دیلەکانیان کە بیانی و ئەوروپین، مەترسی لەسەر هەموو جیهان دروست دەکات، بۆیە نابێت شانەکانی داعش پشتگوێ بخرێن”.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان