پاشکەوتنی جوڵەی بازرگانی لە مەنبیج بە هۆی ئەگەری پەلاماردانی تورکیاوە
مەنبیج- نۆرس پرێس
حەمدان ئەلعیسا (تەمەن ٤٥ ساڵ)، کە بازرگانی پارچەی ئۆتۆمبێلە لە شاری مەنبیج، باکووری سوریا، بیر لە فرۆشتنی کەلوپەلی دوکانەکەی دەکاتەوە و ئامێرەکان بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە “سەلامەتتر” لە دەرەوەی شارەکە، ئەویش لە بەر مەترسی ئەگەری پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر شارەکەیان.
بازرگانەکە دەڵێت دوای هەڕەشەکانی ئەم دواییەی تورکیا، بیرۆکەی جێهێشتن و پاراستنی بژێوی خێزانەکەی لە “دزی و تاڵانکردن” بۆ دروست بووە.
بازرگانانی شاری مەنبیج ترسیان هەیە لە ئەگەری هێرشی تورکیا و لەدەستدانی بژێوی و داهاتیان، ئەمە جگە لەو ئاوارەبوونەی کە ڕەنگە دانیشتوانی شارەکە بەرکەوتەی ببن، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دوای جەژنی قوربانیان وەک بەرواری ئەنجامدانی پەلامارەکانی تورکیا، باس کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا پێشتر شارەكانی تەل رەفعەت و مەنبیجی وەك ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی دەستنیشان كردبوو.
بەپێی ئامارێکی فەرمی کە لە ژووری بازرگانی لە مەنبیج تۆمارکراوە، ژمارەی کاسبکارانی ئەو شارە گەیشتووەتە 375 وەک کاسبکاری خۆراک و بەرهەمی کشتوکاڵی و کەرەستەی بیناسازی تۆمارکراون.
لەنێویاندا نزیكەی 140 بریكاری ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگ هەن، كە 25 یان دوكانەكەیان داخستووە و دوای هەڕەشەكانی توركیا ناچاربوون كەلوپەلەكانیان بگوازنەوە بۆ دەرەوەی شارەكە، بەپێی وتەی خاوەن دوكانەكان.
خەلیل باكی (٣٩ ساڵ) کە دوكانی فرۆشتن و بەرهەمهێنانی ئامێری كشتوكاڵی هەیە لە مەنبیج، گلەیی لە كەمبوونەوەی كڕینی پێداویستی كشتوكاڵی لەلایەن جوتیارانی ناوچەكەوە دەكات.
دەشڵێت، لەو کاتەوەی تورکیا هەڕەشەکانی دەستپێکردووە، ئەویش وەک کاسبکاران و پیشەسازییەکانی دیکە ترسی ئەوەی هەیە کە کەرەستەی زۆر بکڕێت و لەدەستی بدات ئەگەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێبکات.
بارودۆخی محەممەد ئەلعەبدوڵڵا (34 ساڵ) کە فرۆشیاری پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلە لە مەنبیج، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ کەسانی پێش خۆی نییە، بەو پێیەی کارەکانی کەمی کردووە؛ ئەمەش وا دەکات بیر لە گواستنەوەی ئامێرەکانی بکاتەوە بۆ دەرەوەی شار.
دەڵێت، هەڕەشەکانی تورکیا ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات و ناچاریان دەکات بە جێهێشتنی ناوچەی پیشەسازی لە مەنبیج؛ کە ناوچەکە پێشکەوتنێکی بەرچاوی پیشەسازی و جموجوڵی بازرگانی بەخۆوە بینیبوو، لە ماوەی ساڵانی دوای دەرکردنی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە شارەکە.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، خالد ئەلعەلی (38 ساڵ)، خاوەنی فرۆشگای خۆراکە لە مەنبیج، داوا لە لە وڵاتانی بەرپرس و چالاک لە مەلەفی سووریادا دەکات هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە بوەستێنن و دانیشتووان لە کوشتن و وێرانکاری و ئاوارەبوونی زیاتر ڕزگار بکەن.