دانیشتوانی کۆبانێ داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەن دەستوەردان بکەن بۆ وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا

کۆبانێ – نۆرس پرێس

حەنیفی چەند ڕۆژ جارێک لەگەڵ هاوڕێکانی لە ماڵی کەسێک کۆدەبێتەوە، شەوانی درێژی زستان بەیەکەوە بەسەر دەبەن، گفتوگۆ ئاڵوگۆڕ دەکەن و یادەوەرییەکانیان لە گەنجیدا دەگێڕنەوە، دانیشتنەکانیان بێبەش نین لە قسەکردن لەسەر ئەو دۆخە ئەمنییە ناسەقامگیرە کە كاریگه‌ری خستۆته‌ سەر هەموو لایەنەکانی ژيان.

حەنیفی عیسمەتی (تەمەن ٥٠ ساڵی) دانیشتووی گونده‌واری کۆبانێ، ترسی له‌ هێرش و هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سه‌ر شاری كۆبانێ و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای كوردستان هه‌یه‌، چه‌نكه‌ پێشتر له‌و بارودۆخەدا ژیاوه‌ له‌و كاته‌ی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر شارەکەی.

ئەو پیاوەی تەمەنی پەنجا ساڵە هیوای خواست وڵاتانی گه‌ره‌نتیكه‌ر له‌ سوریا بەتایبەت ئەمریکا سەقامگیری هەمیشەیی لە کۆبانی بكات و ڕێگری لە هێرشەکانی تورکیا بكات، كه‌ مەترسی گەڕانەوەی “ داعش” بۆ ناوچه‌كه‌ هێناوه‌ته‌وه‌.

ناوبراو و دانیشتووانی دیکە داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەکەن کار بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شارەکەیان، چونکە کاریگەری لەسەر ژیانیان هەیە و ڕێگری لە کارەکانیان دەکات.

سەرەڕای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر ده‌ركردنی داعش کە کۆبانی و ناوچەکانی دیکەی سوریا كه‌ سەدان سەرباز و خەڵکی سڤیل بونه‌ قوربانی، بەڵام بیرەوەرییەکانی ئەو شەڕە هێشتا لە مێشکی هەموو ئەو کەسانەدا ماونه‌ته‌وه‌ کە لە شەڕی کۆبانێدا ژیاون، و کاریگەرییەکانی شەڕەکە هێشتا له‌سه‌ر ڕاد دیوار وێرانكراوه‌كانی ناوچە ماون.

داعش لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2014 هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کۆبانێ دەستپێکرد و توانی زۆرینەی گوندەکانی دەوروبەری شارەکە داگیر بکات.

ڕێکخراوەکە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوورەوە گەمارۆی شاره‌كه‌یدا، ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران له‌ دانیشتوانی ناوچەکە بەرەو سنوور سوریا، و زۆربەیان پەڕینەوە بۆ تورکیا.

شەڕی کۆبانی جگە لەو وێرانکارییەی بەسەر شارەکەدا هات، چەندین دیمەنی “ترسناک” و چیرۆکی ئازاربەخشی بەجێهێشت کە لەبیرکردنیان ئەستەمە، بەپێی گوته‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ کە له‌ چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نۆرس پرێسدا باسی ده‌كه‌ن.

وێنه‌ شیکارییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان كه‌ به‌ مانگی دەستکرد گیراوه‌، ئاماژەی بەوە ده‌كات کە لە ئەنجامی شەڕی نزیکەی چوار مانگ لە کۆبانێ زیاتر لە سێ هەزار بینا و باڵه‌خانه‌ وێران و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.

لە بیست و شەشی كانونی دووه‌می 2015 هێزه‌ كوردییه‌كان و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی توانیان ڕێکخراوەی داعش لە كۆبانێ دەربکەن.

لەبەرئەوەی داعش ئەگەر بتوانێت هێزه‌كه‌ی کۆبكاته‌وه‌، مەترسی بۆ سەر جیهان دروست دەکات، “عیسمه‌ت” پێی وایە دەبێت وڵاتان بەتایبەت ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕابگرن.

لە ٢٠ی مانگی ڕابردوودا هێزەکانی تورکیا بۆردومانەکانیان بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان چڕتر كردۆته‌وه‌ و به‌رده‌وام بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ بۆردومان ده‌كه‌ن.

لە ئەنجامی ناسەقامگیری ناوچەکە و بەردەوامی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کۆبانێ گه‌نجه‌كانی ناوچه‌كه‌ کۆچیان کرد و بەشێکیشیان ناچار بوون موڵکەکانیان بفرۆشن بۆ ئەوەی ڕێگای کۆچبه‌ری بگرنە بەر، کە بەهۆیەوە ده‌یان كه‌س له‌ ڕێگای كۆچبه‌ری گیانیان له‌ده‌ستدا.

شێخۆ تەمۆ، تەمەن 60 ساڵی، خەڵکی گونده‌واری کۆبانێ دەڵێت، لەدوای داگیرکردنی شارەکه‌م لەلایەن داعشەوە، تا ئێستا سەقامگیری و به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌.

ئەو پیاوەی تەمەنی شەست ساڵه‌، به‌ داخێكی زۆره‌وه‌ ده‌ڵێت دۆخی ناوچەکە کە  به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی توركیا سەقامگیری و ئاسایشی به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌.

تامۆ داوا لە وڵاتانی زلهێز و کاریگەرەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات دەستوەردان بکەن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا، پێشیوایه‌ چارەسەری ئه‌و هێرشانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قەدەغەی فڕین بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا بسه‌پێندرێت.

دانیشتوانی کۆبانێ و گوندە سنوورییەکان کە دەکەونە سەر هێڵی بەرکەوتن لە ڕۆژئاوای كوردستان ترسیان لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا هەیە، و پێیان وایە ئەو ئۆپەراسیۆنە دەبێتە هۆی “کارەساتێکی مرۆیی” و خراپتربوونی بارودۆخیان.

حاجی شاهینی (43 ساڵ) دانیشتووی کۆبانێ، پێی وایە “قوربانیدانی دانیشتوانی ناوچەکە، به‌ هەزاران شەهید، پێویسته‌ لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەرز بنرخێنرێت، هەروەها دەبێت وڵاتانی بڕیاردەر لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چارەسەرێکی سیاسی بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سەقامگیری له‌ ناوچەکەدا بدیبێت”.

لە ژێر ڕۆشنایی هەڕەشە نوێیه‌كانی ئەنقەرە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کۆبانێ، شاهین ئاماژە بەوە دەکات کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەبێت كاربكات و وه‌ك “هاوبەشێکی ڕاستەقینە هێرشه‌كانی تورکیا ڕابگرێت”.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان