کۆبوونەوەکانی رووسیا و تورکیا دەربارەی سوریا و گومانی ئۆپۆزسیۆن

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

کۆبوونەوەی هاوپەیمانانی رووسیا و تورکیا لە بارەی سوریا کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە ئیستەنبوڵ گرێدرا، بەهۆی  ئاڵۆزیی گۆڕەپانی سەربازی و سیاسیی ئەو وڵاتە، شتێکی نوێی نەهێنایە ئاراوە.

لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا شاندێکی رووسیا ، بە سەرۆکایەتی سێرگی ڤێرشینین جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سەردانی تورکیای کرد.

رۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “دانوستان لە نێوان سێدات ئۆنال جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و هاوتا رووسییەکەی سێرگی ڤێرشینین لە ئەستەنبوڵ سەبارەت بە ڕرەوشی سووریا ئەنجام دراوە”.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوولا لەمیانی ئەو دانوستانانەدا جەختیان لە گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی و یەکگرتوویی سیاسی سوریا کردووەتەوە، ئەمە جگە لە پێویستی گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسیدا بۆ قەیرانەکانی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای “نەخشەڕێگا” کە لە بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.

ئۆپۆزسیۆن گومانی هەیە

هەینی رابردوو، سەرۆکی لیژنەی دانوستانەکانی سوریا، بەدر جەمووس، رایگەیاند کە رووسیا بە تەنیا ناتوانێت چارەسەرێک بۆ قەیرانەکانی سوریا بدۆزێتەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو کۆبوونەوە و رووداوانەی کە لیژنەکە لە ماوەی رابردوودا ئەنجامیاندا، جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری سیاسی سوریا “تەنها لە رێگەی مێزی دانوستانەوە لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پێی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش بەدەست دێت”.

جەموس ئاماژەی بەوەشکرد، “بارودۆخەکە رێگە نادات بیرۆکەی ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەسەر سوریا بخرێتەڕوو، چونکە ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە پێویستی بە بوونی رووسیا هەیە، بەو پێیەی یەکێکە لە لایەنە چالاکەکانی سەر خاکی سوریا، بەشداریکردن لە هەلومەرجی ئێستادا مەحاڵە”.

بەڵام سویسرا جەختی لەوە کردەوە، ئەو سزایانەی یەکێتی ئەوروپا بەسەر رووسیادا سەپاندوویانە لەگەڵ کاری نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی مۆسکۆ لە جنێڤ، لەوانەش کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری سووریا، ناکۆکی نییە.

بەپێی ئاژانسی “تاس”ی رووسیا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، پیێر ئالین ئێلچینگەر، رایگەیاند، وڵاتەکەی “هەوڵ دەدات بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو شاندە فەرمییەکانی رووسیا دەتوانن بێنە جنێڤ بۆ ئەوەی لە باشترین بارودۆخدا کاربکەن”.

کۆبوونەوە بەتاڵەکان

پێش کۆبوونەوەی رووسیا و تورکیا، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، هات بۆ دیمەشق، بۆ تاوتوێکردنی زیندووکردنەوەی رەوتی لیژنەی دەستووری.

بە گوێرەی رۆژنامەی نیمچە فەرمی، ئەلوەتەن، لە میانەی سەردانەکەدا، شاندی نێودەوڵەتیی یاوەری پێدەرسن، لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوە و پەنابەرانی سوریا، کۆبووەوە.

لە سێی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، خولی هەشتەمی دانوستانەکان لە جنێڤ کۆتایی هات، دوای ئەوەی ئەو دەستە بچووکە تاوتوێکردنی چوار بنەمای دەستووریان لە ماوەی پێنج رۆژدا تەواو کرد، کە لەلایەن گەیر پێدەرسن، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا دەستنیشانکران.

لە 17ی مانگی رابردوودا، پیدەرسن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمیقداد رایگەیاند کە رێڕەوی سیاسی لە سوریا هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، لەوانەش سەبارەت بە بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان.

جگە لەوەش بەدر جەمووس سەرۆکی لیژنەی دانوستانەکانی سوریا رایگەیاند، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەزگای دانوستانکاری ئاگادارکردووەتەوە کە کاردەکات بۆ ئەوەی “رژێمی سوریا رازی بکات بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی لیژنەی دەستوری، بەڵام رژێم بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی خولی نۆیەمدا دەبەستێتەوە بە پەسەندکردنی شوێنی کۆبوونەوەکە لە لایەن رووسیاوە”.

بێ بوونی هیچ شتێکی نوێ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، پێنجشەممەی رابردوو، لەگەڵ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی “بەرەی ئاشتی و ئازادی”، ئەحمەد ئەلجەربا، لە مۆسکۆ سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دۆخی سوریا و چارەسەرکردنی قەیرانەکان، کۆبوونەوە.

هەموو ئەو کۆبوونەوانە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، لە ئاستە جیاوازەکانیاندا، هیچ شتێکی نوێیان بۆ دۆسیەی سوریا زیاد نەکرد، ئەویش بەهۆی نەبوونی هیچ نیشانەیەک کە کۆتایی بە ئازارە درێژخایەنەکانی سورییەکان بهێنێت، بە وتەی ئەوانەی پەیوەندیدارن لەگەڵ پرسی سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : فنسە تەمۆ