گوندەواری کۆبانی.. هێرشەکانی تورکیا دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمەکانی زەیتون

کۆبانی – نۆرس پرێس

بەرلە دوو رۆژ، محەممەد دەستی کرد بە دروێنەکردنی زەیتونەکانی، دوای ئەوەی بەهۆی پەرەسەندن و بۆردومانەکانی تورکیاوە بۆ سەر کۆبانی و گوندەوارەکانی، بەتایبەت گوندە سنوورییەکان، ناچاربوو دروێنەکردنی بۆ ماوەی نزیکەی بیست رۆژ دوابخات.

بەڵام ئەم دواکەوتنە بووە هۆی ئەوەی محمد مەلحم (52 ساڵ) دانیشتووی گوندی خورخۆری لە گوندەواری رڕۆژئاوای کۆبانی زیانی پێ بگات، بەتایبەتی کە زەیتونەکان لەگەڵ بارانبارینی ئەم دواییە کەوتە سەر زەوی و کرێکارەکانیش بەزەحمەت سەرقاڵی کۆکردنەوەیانن لەسەر زەوی.

ئەو جووتیارە دەڵێت، گولەتۆپەکان لە نزیک زەویەکەی دەکەوتنە خوارەوە، کە تەنها 2 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە، ئەمەش مەترسی لەسەر خێزانەکەی زیاد کردووە و ناچاری کردووە دورینەوەی دوابخات تاوەکو تۆپبارانەکە کەم دەبێتەوە.

لە 20ی مانگی رابردووەوە، هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان، لەنێویاندا کۆبانی و گوندەوارەکانی، بە تۆپ و فڕۆکەی جەنگی  بەبێ جیاوازی و تۆپبارانەکەش لە سەرەتاکانیدا پەرەی سەند و بەردەوام بوو، بەڵام بە خێرایی پچڕپچڕ.

ئەمەش بووە هۆی ئەوەی جووتیارانی زەیتون لە کۆبانی دروێنەکردنی بەروبوومەکانیان رابگرن، بەتایبەتی لە گوندە سنوورییەکان، بەهۆی دواکەوتنی دروێنەکردنی بەروبوومەکانەوە، زیانی زۆریان بەرکەوت.

محەمەد خاوەنی 1200 دارە زەیتونە و وەک “سەرچاوەی بژێوی” بەکاریان دەهێنێت. بەهۆی دواکەوتنی دروێنەکردنی بەرهەمەکە بۆ چەند ڕۆژێک، ناچار بووە لە سەر زەوی کۆیانکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان.

هەرچەندە کرێکارەکان بۆ دروێنەکردنی ئەو بەرهەمە گەڕاونەتەوە، بەڵام ترسیان هەیە لەوەی بکرێنەوە ئامانج، بەتایبەتی کە دەنگی تۆپباران لە نزیکەیانەوە دەبیسترێت.

کۆبانی بەناوبانگە بە چاندنی نەمامی بەردار، لە کۆتایی ساڵی 2020دا  رووبەری ئەو زەویانەی کە بە نەمامی بەردار چێنرابوون لە کۆبانی نزیکەی 585 هێکتار بووە، کە زیاتر لە 116 هەزار نەمامی لەخۆگرتبوو، نزیکەی 82 هەزار زەیتون و زیاتر لە 31 هەزار دار فستق، جگە لە نزیکەی سێ هەزار داری میوەی جۆراوجۆر.

بەوتەی ئەو جووتیارانەی بە نۆرس پرێس راگەیاند، بەرهەمی زەیتون ئەمساڵ کەمە، هەروەها رێژەی رۆنی دەرهێنراو بە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە، بۆردومانەکانی تورکیاش وەک خۆیان دەڵێن قوڕەکەیان خەستتر کردوەتەوە کە زۆربەی بەرهەمەکان دەکەونە سەر زەوی و ناتوانرێت سەرجەم ئەو بەرهەمانە لەسەر زەوی کۆبکرێتەوە.

هۆکاری دابەزینی بەرهەمی دارانە دەگەڕێننەوە بۆ وشکەساڵی و کەمی بارانبارین و ئەو بارودۆخی کەشوهەوایەی کە ناوچەکەی گرتەوە.

لە ساڵانی پێشوودا هەر 5 کیلۆ زەیتونێکی “باش” نزیکەی 1 کیلۆ زەیتی لێ بەرهەم دەهێنرا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵی و بچووکی قەبارەی زەیتونەکانەوە، هەر 8 کیلۆیەک 1 کیلۆ زەیتوون یان کەمتری بەرهەم هێنا.

لەگەڵ دەستپێکردنی دوایین هەڵکشانەکانی تورکیا، خانم عیسا (35 ساڵ) کە کرێکاری دروێنەی زەیتونە و دایکی شەش منداڵە، وازی لە کارەکەی هێنا.

دوای گەڕانەوەی بۆ کاری دروێنە، “خانم” لە ئێستادا هەوڵێکی زیاتر دەدات ، بەو پێیەی بەرهەمەکان لە سەر زەوی کۆدەکاتەوە، دەبێت کاتێکی زیاتر بۆ کارکردن تەرخان بکات، چونکە بەپێی ڕێژەی بەرهەمی کۆکراوە، زەرەرمەند دەبێت.

کرێکارانی دروێنە یان لە بەرامبەر کاتژمێرەکان یان بەپێی بەرهەمەکە کرێیان پێدەدرێت و بەرامبەر بە یەک کیلۆ زەیتوونی کۆکراوە 250 لیرە وەردەگرن.

بۆردومانەکەی تورکیا بووە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتوانی بەشێک لە گوندە سنوورییەکان و بەجێهێشتنی درەخت و بەرهەمەکانیان و دوای ماوەیەک گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان.

بە گوتەی جوتیاران، لە گوندەکانی نزیک ئەو سنوورە، بە تایبەت گوندەکانی سەفەتێک، بۆبان، سەلیم خورۆری و سوزان، بە هەزاران درەختی زەیتون زیانیان بەرکەوتووە.

عەلی مامد (تەمەن 47 ساڵ)، جوتیارێکە و خاوەنی نزیکەی 400 درەختی زەیتونە لە گوندی سوزان لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانی، باس لەوە دەکات کە دواکەوتووم لە دروێنەکردنی بەروبوومی زەیتون، بەو پێیەی کرێکاران لە ترسی بۆردومانی تورکیا نەیانتوانیوە بە کاری دروێنە هەستن.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا “مامد” دەستی کرد بە دروێنەکردنی بەروبوومەکەی، بەڵام گەشبین نییە بە بەدەستهێنانی بەرهەمی زۆر، بەتایبەتی کە زۆربەی بەرهەمەکانی زەیتون وەریونەتە سەر زەوی.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – مۆنتاژ: ئەحمەد عوسمان