هه‌ڵوێست و هوشدارییه‌كانی روسیا شه‌رمنن سه‌باره‌ت به هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا به ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن له باكووری سوریا
ژووری هه‌واڵ – نۆرس پرێس
سه‌ڕه‌ڕای هه‌وڵه چڕه‌كانی روسیا له مانگی ئابی رابردووه‌و بۆ نزیككردنه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌و دیمه‌شق، به‌ڵام ناو به ناو به شێوه‌یه‌كی شه‌رماننانه هه‌ڵویستی خۆی ده‌رده‌بڕیت بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر ئۆپه‌راسێونێكی نوێی سه‌ربازی توركیا له سوریادا.
چاودێران پێیان وایه هه‌ڵویسته‌كانی روسیا له باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ داگیركردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له رۆژهه‌ڵات و باكووری سوریا زۆر شه‌رمنانه‌ن به به‌راورد به هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌مریكا.
بیست و شه‌شی مانگی تشرینی دووه‌می رابردوو، كۆلۆنیل “جۆ پۆتچینۆ” وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو، “ئه‌و جۆره هێرشانه، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و دانیشتوانی مه‌ده‌نی ناوچه‌كه روبه‌رووی مه‌ترسی ده‌كاته‌وه‌و ئه‌و سه‌قامگیری و ئاسایشه‌ی كه زۆر به زه‌حه‌مت به ده‌ست هێنراوه له سوریا‌و ناوچه‌كه ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
رۆژی چوار شه‌ممه سێرگی لاڤرۆڤی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا له لێداونێكدا له كۆربه‌ندی مۆسكۆ رایگه‌یاندبوو، “وڵاته‌كه‌ی به توندی كارده‌كات بۆ رێگریكردن له هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر یه‌كێتی خاكی سوریا”.
لاڤرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، “مۆسكۆ‌و ئه‌نقه‌ره‌و تاران پابه‌ندبوونی خۆیان دووپاتكردۆته‌وه، به سه‌ره‌روه‌ی و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كێتی سه‌ڵامه‌تی خاكی سوریا”، ئه‌م قسانه‌ی هاوكات بوو له گه‌ڵ پێشێلكارییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر سه‌ره‌وه‌ری و سه‌لامه‌تی خاكی سوریا له كاتی كۆبونه‌وه‌ی مانگی رابردووی (ئه‌ستانا 19) له پایته‌ختی كازاخستان.
لاڤرۆڤ ئه‌وه‌شی ئاشكراكردبوو، مۆسكۆ گرنگی ده‌دات به‌وه‌ی كه هه‌ر یه‌ك له توركیا‌و سوریا، پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی تایبه‌ت به سنوور كۆتایی پێ بهێنن، له رێگای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنی ئه‌ده‌نه”، به‌ڵام توركیا پروپاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌كات كه رێككه‌وتنی ئه‌ده‌نه كه ساڵی 1998 له نێوان توركیا‌و سوریادا مۆركراوه، رێگه ده‌دات به هێزه‌كانی توركیا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له قوڵایی خاكی سوریادا ئه‌نجام بده‌ن، دژ به‌وانه‌ی مایه‌ی مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئاسایشی توركیا.
هه‌روه‌ها هه‌ڵویستی روسیا جۆرێك له ته‌موو مژاویی پێوه دیاربوو، سه‌باره‌ت به هێرشه ئاسمانییه‌كانی كۆتایی مانگی رابردووی توركیا بۆ سه‌ر باكووری سوریا، چونكه سه‌ڕه‌ڕایی هوشدارییه‌كانی به‌رپرسانی مۆسكۆ، به‌ڵام له چاو لێدوانه‌كانی واشنتن زۆر لاوازبوون.
دیمیتری بیسكۆف وته‌بێژی كریملین له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاندبوو، داوا له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین ده‌ست هه‌ڵگرن له‌هه‌ر هه‌نگاوێك كه ببێته هۆی تێكدانی سه‌رقامگیری ره‌وشه‌كه‌و زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخی ئاشایس.
لێدوانه رۆژنامه‌وانییه‌كانی توركیا باس له‌وه ده‌كه‌ن، روسیا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه داواكارییه‌كانی ئه‌نقه‌ره جێ به‌جێبكات بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له باكووری سوریا ئه‌نجام نه‌دات و واده‌یه‌كی دیاریكردووه بۆ جێ به‌جێكردنیان، به گوێره‌ی چه‌ند راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی.
ئارام حه‌نا وته‌بێژی وته‌بێژی فه‌رمی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات “هه‌سه‌ده” رایگه‌یاند، چاوپێكه‌وتن و كۆبونه‌وه‌كانیان له گه‌ڵ روسیادا به‌رده‌وامن و به گرنگ وه‌سفی كرد.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، روسیا ته‌نها به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێداون كه له هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامبێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌شنه‌كردنی ره‌وشه‌كه له چوارچێوه‌ی پاراستنی سه‌قامگیری و رێگریكردن له هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك.
له‌لایه خۆیه‌وه مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات “هه‌سه‌ده” داوای له روسیا كرد وه‌كو وڵاتێكی زامنكه‌ری رێككه‌وتنی ئاگربڕی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا كه له ساڵی 2019 له‌گه‌ل توركیا رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه “به‌رپرسیارێتی خۆی هه‌ڵبگرێت بۆ راگرتنی په‌ره‌پێدانی سه‌ربازی توركیا له ناوچه‌كه‌دا”.
عه‌بدی وتیشی: روسیا به‌رپرسه له راگرتنی هێرشه‌كان و پێویسته هه‌ڵوێستی توندتری هه‌بێت به گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌ی سوتچی ساڵی 2019، كه بواریدا به جێگیركردنی هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا‌و روسیا له ناوچه‌كه‌دا، بۆیه پێوسته له‌سه‌ر ئه‌وانیش رێگری بكه‌ن له هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی توركیا.