حەسەکە.. هەڕەشەکانی تورکیا مەترسی هەڵهاتنی ئەندامانی داعشیان لە زیندانەکان زیاترکردووە

حەسەکە – نۆرس پرێس

بە دووری لە 400 مەتر زیاتر لە زیندانی سناعەوە لە حەسەکە کە ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ی تێدایە، عەبدوڵڵا لەگەڵ خێزانەکەی دەژی، ئەمەش وای لێدەکات لە حاڵەتێکی بەردەوامی دڵەڕاوکێدا بێت ترسی ئەوەی هەیە دەستگیرکراوەکانی ئەو رێکخراوە هەڵبێن و دزە بکەنە ناو گەڕەکەکانی شارەکەیەوە، وەک ئەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر روویدا.

ترسی عەبدوڵڵا محەممەد (47 ساڵ) دانیشتووی گەڕەکی ئەلزهور لە ماوەی رابردوودا زیادی کردووە لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژ بە ناوچەکانی باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان و بۆردومانکردنەکانیشیان زیادیان کردووە.

دانیشتوانی شاری حەسەکە بەدووری نازانن ئەگەر تورکیا ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەستپێبکات، داعش هێرش بۆسەریان ئەنجامبدات، بەو پێیەی پێیان وایە شانەکانی “داعش” سوود لە هەلومەرجی هێرشەکانی تورکیا وەردەگرن، بۆ ئەوەی دەستبەسەرکراوان لە ژنان و منداڵانی کامپی هۆل بڕفێنن، لەکاتێکدا “هەسەدە” هەڵمەتە سەربازییەکەی دژ بە شانەکانی رێکخراوەیی راگرت.

ئەو پیاوە چل ساڵە، زیندانەکە بە “بۆمبێکی کات بۆداڕێژراو” باس دەکات، ترسی خۆی لە هەڵهاتنی ئەندامانی “داعش” لێی دەردەبڕێت، ئەگەر تورکیا ئەوەی هەڕەشەی لێدەکات جێبەجێی بکات.

دوای ئەوەی تورکیا لە 20ی مانگی رابردووەوە بۆردومانی ناوچەکانی باکووری سوریای پەرەپێدا، شانەکانی رێکخراوەکە سودیان لە سەرقاڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە وەرگرت، بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان.

هەینی رابردوو رێکخراوەکە لە رێگەی ئاژانسەکانی نزیکەکانیەوە وێنەی ئەندامەکانی بڵاوکردەوە کە چەک و زرێپۆشی و چەکی سووک و مامناوەندیان لە سوریادا هەڵگرتووە.

دوای سێ رۆژ، دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، وێنەیەکی دیکەی ئەندامانی خۆی لە سوریا بڵاوکردەوە.

ئەم وێنانە جیاواز بوون لە وێنەکانی پێشوو، بەو پێیەی چەکدارەکان بە جلوبەرگی رێکخراوەکەوە و چەکی سوکەوە دەرکەوتن و پشتێنی بۆمبڕێژکراویان لەبەردابوو و لە دیواری ژوورەکاندا دروشمەکانی داعش هەڵواسرابوو.

“محەمەد” کە سەرۆکی خێزانێکی هەشت کەسییە، ترسی ئەوەی هەیە کەسێک لە بنەماڵەکەیدا زیانی پێ بگات یان ناچار بێت لە ماڵەکەی خۆی هەڵبێت، وەک ئەوەی کاتێک شانەکانی رێکخراوەکە لە سەرەتای ساڵی 2019ەوە هێرشیان کردە سەر زیندانەکە لەمساڵدا روویدا.

لە بیستی مانگی یەکی ساڵی رابردوودا، شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە لە هەوڵێکدا بۆ بە رفاندنی زیندانییەکان هێرشیان کردە سەر زیندانی سناعە.

لە ئەنجامدا، پێکدادان لە نێوان “هەسەدە” و شانەکانی رێکخراوەکەدا لە دەوروبەری زیندانەکە و گەڕەکەکانی دەوروبەری سەریهەڵدا، لە ئەنجامی دزەکردنی ئەندامانی “داعش” کە هەڵهاتبوون بۆ ئەو گەڕەکانە.

رووداوەکانی زیندانەکە کە نزیکەی دە رۆژی خایاند، بووە هۆی کۆچی بەرفراوانی دانیشتوانی گەڕەکەکانی دراوسێ و وێرانکردنی دەیان ماڵ و دوکان، ئەمە جگە لە وێرانکردنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، نانەواخانەکان، سایلۆکانی دانەوێڵە، زانکۆ فورات و گەراجی گوێران.

“محەمەد” کۆتایی بە قسەکانی دەهێنێت و دەڵێت: ” ئێمە لە دۆخێکی راستەقینەی تیرۆردا دەژین و نازانین لە چ ساتێکدا دەتوانین خۆمان دەرباز بکەین”.

ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان چەند زیندانێکی تایبەت بە ئەندامانی ڕێکخراوەکە لەخۆدەگرن و ژمارەی دەستبەسەرکراوەکانیشیان بە هەزاران کەس دەخەمڵێندرێت، دیارترینیان زیندانی شەدادی و زیندانی ئەلسینایە لە گەڕەکی گوێران لە شاری حەسەکە.

سالم بە پێچەوانەی کەسانی پێش خۆی، ماڵەکەی 5 کیلۆمەتر لە زیندانەکەوە دوورە، بەڵام ئەویش، لە دڵەڕاوکێدایە، بەهۆی چڕبوونەوەی ئەم دواییەی ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرەکانی رێکخراوی “داعش” لە گوندەواری دێرەزوور، دوای ڕاگەیاندنی کوشتنی سەرکردەی رێکخراوەکە، حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی و دانانی ئەبو الحسێن ئەلحوسێنی ئەلهاشمی ئەلقوڕەشی کە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا بوو بە خەلیفەی رێکخراوەکە.

ئامادەکردنی: ژیندار عەبدولقادر –  داڕشتنەوەی: سۆزدار محەمەد