خوێندکارانی رۆژئاڤا لە هەولێر و خوێندن بە شێوەزاری سۆرانی
هەولێر – نۆرس پرێس
دوای نزیکەی مانگێک لە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2022-2023، خێزانە پەنابەرەکانی کوردی رۆژئاوا لە کامپی کەوەرگۆسک لە شاری هەولێر دەستیان کرد بە ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە.
ئەم هەنگاوە دوای رەتیانکردنەوەیان هات کە منداڵەکانیان بنێرن و چەندین خۆپیشاندانیان رێکخست لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە جێبەجێکردنی سیاسەتی یەکگرتن و گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی – شێوەزاری سۆرانی.

بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی نزیکەی نیوەی خوێندکاران و قەرەباڵغی کورسییەکانی هۆڵەکانی خوێندن، قوتابیان و خێزانەکانیان رووبەڕووی کەمی ستافی مامۆستایان و کتێبی پەروەردەیی بوونەتەوە.
بەپێی وتەی کادیرانی پەروەردەیی، نزیکەی 1200 قوتابی لە پۆلی یەکەم تا چوارەم دەچنە قوتابخانەکانی ناو کامپەکە، لەکاتێکدا تەنها حەوت مامۆستای زمانی عەرەبی و بیرکاری و ئینگلیزی هەن.
لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە خوێندکاران وانەیان بە شێوەزاری سۆرانی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و زانستەکان وەرنەگرتووە بەهۆی کەمی مامۆستایانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی کاتژمێرەکانی خوێندن پێش کاتی فەرمی تەواو بوونی خۆی.
جگە لە هەموو ئەمانەش، خوێندکارەکان تەنها کتێبی عەرەبی و ئینگلیزیان لەبەردەستدایە، ئەمەش پرۆسەی وانەوتنەوەیان لەلایەن دایک و باوکیانەوە قورس دەکات.
محەمەد رەمەزان، مامۆستای بیرکاری لە کامپی کەوەرگۆسک رایگەیاند، 40%ی قوتابیانی پۆلی یەک تا چوار گەڕاونەتەوە ناو پۆلەکانیان.
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هێشتا قوتابیان تووشی ئاستەنگی دەبنەوە لە تێگەیشتنی بابەتەکانی خوێندن بە زاراوەی سۆرانی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە هاوکاری وەزارەتی پەروەردە، چەند مانگێک لەمەوبەر بڕیارێکی دەرکرد بۆ گۆڕینی پرۆگرامی خوێندکارانی رۆژئاوای کوردستان لە کامپەکان لە زمانی عەرەبییەوە بۆ شێوەزاری سۆرانی، لە پۆلی یەکەمەوە تا پۆلی چوارەم، بە یەک وانە بۆ زمانی عەرەبی کە فێربوونی لە پۆلی چوارەمەوە دەست پێدەکات.
سۆرانی، یەکێکە لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی، لە ناوچەی کوردستانی عێراق بە زمانی فەرمی دادەنرێت و جیاوازە لەو زاراوەیەی کوردی رۆژئاوا قسەی پێدەکات.

بە وتەی بەڕێوەبەری کامپی کەوەرگۆسک، ئیمان جەبەلی، پێویستیان بە چل مامۆستا هەیە بۆ ئەوەی سەرجەم پۆلەکان بگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوبەری کامپەکە و قوتابخانەکە داوایان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ دەستەبەرکردنی کادری پەروەردەیی و چارەسەرکردنی کەمیی کتێب، “وەڵاممان بۆ هاتوەتەوە کە بەم نزیکانە ژمارەی پێویست لە مامۆستایان دادەمەزرێنن و کتێبیشیان بۆ دابین دەکرێت.”
دایکان و باوکانی قوتابیان هیوادارن لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزارەتی پەروەردە بەو شتە بگات کە بەڵێنی پێدابوون، بەتایبەتی کە وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندن نیوەی تێپەڕیوە.