منداڵێکی نەخۆشی رۆژئاوای کوردستان لە هەولێر بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت
هەولێر – نۆرس پرێس
هەر جارێک منداڵی هاوتەمەنی خۆی دەبینێت کە دەچنە قوتابخانە یان لە حەوشەی کامپەکەدا یاری دەکەن، دەست دەکات بە گریان، چونکە ناتوانێت بچێتە بۆ لایان، بۆیە دایکی یان خاڵۆی بە پەلە بە گاڵتەکردن لەگەڵیدا یاخود پێدانی تەلەفۆنەکەی بۆ سەرقاڵکردنی بە یاریکردن سەرقاڵی بکات.
عەبدوڵڵا لە رێگەی ئەو وشانەی کە بە سەختییەکی زۆرەوە دەیڵێت، داوای پێویستی رۆژانەی لە دایکی دەکات کە بریتین لە خواردن و خواردنەوە و چوون بۆ حەمام و تەوالێت و شتی تر، بەو پێیەی باری تەندروستی یارمەتی نادات بۆ ئەوەی خۆی ئەو کارە بکات.
عەبدوڵڵا شەریف تەمەن 12 ساڵ، نزیکەی پێنج ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی لە کامپی “کەوەرگۆسک” بۆ ئاوارەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە هەولێر دەژین، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا تووشی شەلەلی مێشک دەبێت، لەوکاتەوە ناتوانێت بجوڵێتەوە، وەک زیندانیەک لەو ماڵەدا و لە دوورەوە چاودێری منداڵان دەکات کە یاری دەکەن لە دەرەوە.
دایکی، مریەم ئیسماعیل دەڵێت، دوو ساڵ لەمەوبەر بە خۆ گرتنەوە بە دیوارەکەوە دەڕۆیشت، بەڵام ئێستا بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت بە پێ بڕوات، هەروەها بە سەختی پیت و وشە دەڵێ، “رۆژانە بارودۆخی خراپتر دەبێت و ناتوانم هیچی بۆ بکەم”.
ئەو دایکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو پزیشکانەی کە حاڵەتەکەیان دەستنیشان کردووە پێیان وتووە چارەسەرەکەی لە هەرێمی کوردستان بەردەست نییە، پێویستە لە دەرەوەی وڵات چارەسەرەکەی وەربگرێت، بەڵام توانای دارایی لاوازی خێزانەکە رێگری لە گەشتکردن کردووە.
منداڵەکە خەو بەوەوە دەبینێت کە جارێکی تر بە پێ بڕوات و رۆژانە لە دایکی دەپرسێت: “کەی دەگەڕێمەوە بۆ ڕۆیشتن و یاریکردن لەگەڵ منداڵەکان؟”، دایکی ناتوانێت وەڵامی پرسیارەکەی بداتەوە، بە تایبەت کە هەموو ئەو چارەسەرە جەستەییانەی کە بۆی کراوە هیچ سوودێکی نەبووە.
ئەو دایکە دەشڵێت: هیوادارم منداڵەکەم زیندوو بێتەوە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە دۆخەکەماندا بچنەوە و هاوکاریمان بکەن بۆ ناردنی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردن.
هەر لەو ماڵەدا باوکێک کە تووشی ئازاری پشت دەبێت، ناتوانێت یارمەتی ژنەکەی بدات بۆ چاودێریکردنی منداڵەکەی، کە داوا دەکات لەکاتی چوون بۆ حەمام و بۆ تەوالێت بیگوازرێتەوە یان لە ژوورێکەوە بۆ ژوورێکی تر بیگوازێتەوە.
شێندا ئیسماعیل کە خوشکی مریەمە، لە ماڵەوە لەگەڵیان دەژی، هەوڵ دەدات منداڵەکە هێور بکاتەوە و لەگەڵیدا یاری دەکات و پێدەکەنێت، زۆربەی کاتەکانی بە قسەکردن لەگەڵی و سەیرکردن و یاری لەگەڵیدا بەسەر دەبات.
شیندا سەیری خوشکەکەی دەکات و دەڵێت “دۆخی دارایی خوشکەکەم زۆر خراپە، تەنانەت توانای کڕینی دەرمان و چارەسەرەکەی نییە، هەموو پزیشکەکان پێیان وتین کە چارەسەرەکەی لە دەرەوەیە”.
شیندا لە داهاتوو دەترسێت، بە تایبەت کە باری تەندروستی خوشکەکەی بە تەواوی باش نییە، رەنگە دوای چەند ساڵێک نەتوانێت هەڵیبگرێت و بیگوازێتەوە.
ئەو دەڵێت “کەس یارمەتیمان نادات، من و خوشکەکەم هەڵیدەگرین و دەیگوازینەوە، خۆراکی پێدەدەین و دەیبەین بۆ حەمام، ئەوە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە، دەترسم کاتێک گەورە دەبێت نەتوانین هەڵی بگرین”.
هەروەها بانگەوازی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە سەیری بارودۆخی عەبدوڵا بکەن و هاوکاری بکەن لە چارەسەرکردنی و ناردنی بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵکوو بگەڕێتەوە بۆ جموجۆڵ و بتوانێت پیاسە و یاری لەگەڵ منداڵان بکات و بچێتە قوتابخانە.