گەشتی ئاوارابوونی شەوانی دانیشتوانی هێڵی بەرکەوتن لە مەنبیج
مەنبیج – نۆرس پرێس
لوئەی ئەلمەحمود تەمەن 28 ساڵ، خەڵکی گوندی عەرەب حەسەنە، 16 کم لە باکووری مەنبیجەوە دوورە، لە رۆژئاوای کوردستان، کە دەکەوێتە سەر هێڵە تەماسی نێوان ئەنجومەنی سەربازی مەنبیج و هێزەکانی تورکیا، ناچارە لە ترسی بۆردومانکردنی تورکیا هاوپەیمانەکانی، شەوانە ماڵەکەی بەجێبهێڵێت و بە رۆژ بۆی بگەڕێتەوە.
گەنجێکی تەمەن 20 ساڵان، بە شێوەزاری ناوچەکەی خۆی دەڵێت، “ئەگەر بۆردومان هەبێت ڕۆژانە زیاتر لە جارێک لە گوندەکە هەڵدێین”.
11 گوند کە 20 کم بە درێژایی هێڵەکانی تەماس درێژ دەبنەوە و لە گوندی ئوم ئەداسە لە باکووری مەنبیجەوە دەست پێدەکەن و بە گوندەکانی ناحیەی عەریما لە ڕۆژئاوای شارەکە کۆتایی دێت، چەندین جار لەلایەن هێزەکانی تورکیا و فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیاوە تۆپباران کراون.
لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، ناوچەکانی هێڵەکانی تەماس پێشهات و جموجوڵی زۆری بە خۆیەوە دیوە ، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، دانیشتوانی گوندەکانی ئەلهوشەریە و ئوم عەدەسە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مەنبیج، بە گوندەکانی (عەون ئەلدادات، عەرەب حەسەن، ئەلفەرەت، ئەلسەیادە، ئەلدەندەلیە، ئەلکەوکلی ، ئەلیانلی، قەرە ویران، ئەلبوغاز، کۆر هیوک و ئەلحەمرە) دەڕۆن تا گوندەکانی ناحیەی ئەلعەریمە لە ڕۆژئاوای شارەکە، هەموو شەوێک لە تاو بۆردومانەکان ماڵەکانیان جێدەهێڵن وئەو ناوچانە هەموو دەبڕن و پاشان بە رۆژ بە هەمان رێگادا دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
بۆردومانە یەک لەسەر یەکەکان دەبنە هۆی دروستبوونی دۆخێکی ترس لە نێو دانیشتووان، هەروەها زیانی مرۆیی و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی دانیشتووان.
ڕۆژی 9ی مانگی ڕابردوو لە بۆردومانێکی تورکیادا کە گوندی عەرەب حەسەنی کردە ئامانج، دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ئامارێکی ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبیج کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان بڵاویانکردەوە. لە ئەنجامی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی گوندەواری رۆژئاوا و باکووری مەنبیج، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 16 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، لەناویاندا 5 منداڵ و 3 ژن هەن.
بەپێی ئاماری ئەنجومەنەكە، ئەو گوندانەی دەكەونە سەر هێڵەكانی بەركەوتن لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە زیاتر لە 600 گولە هاوەن و 13 مووشەك و 10 گولە تانكیان بەرکەوتووە وزیاتر لە 30 جار تۆپباران كراون، ئەمە جگە لەوەی 7 هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و 3 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو.
لە مانگی ئابی 2016ـەوە ئەنجومەنی سەربازی مەنبیج کە سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتە، دوای شەڕی توندوتیژی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) شاری مەنبیج و لادێکانی کۆنترۆڵکردووە، هەروەک هێزەکانی حکومەتی ڕوسیا و سوریا لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019 وە لە ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە، ئەویش دوای رێککەوتنێک لەگەڵ ” هەسەدە” بۆ راگرتنی هەڕەشەکانی تورکیا بە داگیرکردنی ناوچەکە.
دۆخی حسێن ئەلعوبێد (٣١ ساڵ) دانیشتووی گوندی عەرەب حەسەن، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوانی پێشتر، بەو پێیەی ئەویش ترسی لە بۆردومان هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی بووە هۆی لەدەستدانی گیانی خەڵکی سڤیل و زیانی ماددی بە دانیشتووانەکە گەیاند ‘ موڵکەکان، لەوانە ماڵ، بەرهەمی کشتوکاڵی، و ئەوانی تر.
پیاوێکی تەمەن سی ساڵان، دەڵێت” بۆردومانەکەی تورکیا هەڕەمەکییانەیە، ئەمەش ترسی لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکانیان زیاتر دەکات.
ئەلعوبەید داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزەكانی روسیا دەكات، وەك گەرەنتیكاری ئاگربەستی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، هەڵوێستی جددییان هەبێت بۆ راگرتنی هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە بەگشتی و مەنبیج بەتایبەتی.