کۆبانی.. جیاوازی نرخ و کەمی چاودێری

کۆبانی – نۆرس پرێس

“زیاد” بە نێو دوکانەکانی کۆبانیدا دەسوڕێتەوە تا کیسەیەک شەکر بکڕێت و لە هەر دوکانێکدا کە داوای لێدەکات جیاوازی لە نرخەکەیدا دەبینێت، دواجارهەرزانترین نرخ دەکڕێت.

پیاوەکە بۆی دەرکەوتووە کە جیاوازی نرخ لە نێوان دوکانەکاندا بۆ نرخی کیسەیەک شەکر دەگاتە پێنج هەزار لیرەی سوری.

زیاد ئیبراهیم، ​​تەمەن 37 ساڵ، خەڵکی شاری کۆبانیە، رایدەگەیەنێت، لە بازاڕەکانی کۆبانی جیاوازی لە نرخی بەشەخۆراک لە فرۆشگایەکەوە بۆ فرۆشگایەکی دیکە هەیە.

خاوەن دوکانەکان بانگەشە بۆ نزمی نرخی لیرەی سووری دەکەن، بەو پێیەی کەلوپەلەکانیان بە دۆلاری ئەمریکی هاوردە دەکەن، نرخی دۆلار بەرامبەر بە لیرەی سووری پێنج هەزار لیرەی تێپەڕاند بەرامبەر بە یەک دۆلار.

زیاد بە نۆرس پرێسی راگەیاند: نەبوونی رێکخستنێک لە بازاڕدا، کێشەکانی زۆرێک لە دانیشتوانی کۆبانی کەڵەکە کردووە.

ئەو ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت “نامانەوێت شاهانە بژیم، تەنها بنەما سەرەتاییەکانی ژیانمان دەوێت، بارودۆخی ئابووریمان خراپە، نەبوونی چاودێری ئێمەی خستۆتە ژێر رەحمەتی بازرگانەکانەوە”.

ئەو پیاوە مانگانە 260 هەزار لیرەی سوری داهاتیەتی، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات وەک کەسێک کە داهاتی سنووردارە، تێدەکۆشێت بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی، لەنێوان نرخە “ناجۆرەکان”دا، کە بەپێی باری دەروونی فرۆشیارەکە دەگۆڕێت”، دەڵێ مووچەکەم تا ناوەڕاستی مانگ بەش ناکات.

نرخەکان بارگرانی دەخەنە سەر ئەو کەسانەی کەم دەرامەتن و مووچە بە لیرەی سووری وەردەگرن، چونکە بازرگانان و خاوەن دوکانەکان نرخی کەرەستەکانیان بە دۆلارەوە دەبەستنەوە و لەگەڵ خراپبوونی لیرە نرخەکان بەرز دەبنەوە و نرخەکان وەک خۆیان دەمێننەوە کاتێک دراوی سوریا کەمێک بەرز دەبێتەوە.

ئیبراهیم داوای پێویستی سەپاندنی کۆنترۆڵ و چاودێری دەکات کە خەڵەتاندن و قۆرخکاری سنووردار دەکات، هەروەها یارمەتیدەرە لە کۆنترۆڵکردن و دابەزاندنی نرخەکان، لە کاتێکدا کە شاری کۆبانی دابەزینێکی بەرچاو بۆخۆوە دەبینێت لە رۆڵی دابینکردن لە بازاڕەکاندا.

لەبارەی ناتەبایی نرخەکان، هێڤیدار حەسۆ، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی دابینکردن لە هەرێمی فورات دەڵێت، “بەڕێوبەرێتی دابینکردن لە رۆژئاوای کوردستان یاسایەکی یەکگرتووی پاراستنی بەکاربەری بۆ هەموو ناوچەکان دەرکردووە، هەروەها باس لەوە دەکات کە پێویست ناکات نرخەکان وەک یەکبن، بە ئامانجی پاراستنی بەکاربەر و دروستکردنی کێبڕکێ لە بازاڕەکاندا لە نێوان بازرگانەکاندا.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، ” ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی دابینکردن جوڵەی مەیدانی وەرزییان دەبێت، هەروەها لیستی نرخەکان بەسەر بازرگانەکاندا دەسەپێندرێت تا رێنمایی بکرێن بە دانانی نرخی فرۆشتن، ئەوانەش کە سەرپێچی دەکەن بە دەستکاریکردنی نرخ، سزا دەدرێن بە بڕێک کە لەوانەیە بگاتە 6 ملیۆن لیرە.”

حەسۆ ئاماژە بەوە دەکات، “لە ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتی دابینکردن نرخەکانی دیاری دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە بازرگانەکانن کە نرخەکانیان دیاری دەکەن، رۆڵی دابینکردنەکەش بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی کوالێتی و کێش و تایبەتمەندی و تێپەڕاندنی نرخە سووڕاوەکان”.

لە لایەکی دیکەوە حاجی بەرهۆ (38 ساڵ)، فرۆشیاری کۆگایی خەڵکی کۆبانیە، بۆچوونی ئەم لەگەڵ “حەسۆ” جیاوازە و دیدگای خۆی دەخاتە روو، “لە راستیدا یاساکە بەسەر فرۆشیاری کۆگاییدا سەپێنراوە، بەڵام بۆ تاکفرۆشەکان نا”.

بە وتەی “حاجی” لە سەرەتای دەستپێکردنی یاسای پاراستنی بەکاربەرانەوە، نرخەکان “زۆر” بۆ ئەوان وەک فرۆشیاری کۆگایی دابەزیوە، بەو پێیەی “دەرگای کێبڕکێ لە بازاڕەکاندا کرایەوە”، بەڵام بۆ دوکاندارەکان نرخەکانی فرۆشتن وەک خۆی ماونەتەوە لای تاکفرۆشەکان.

جگە لەوەش ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی هەندێک لە کەرەستەکانی خۆراک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەرزبووەتەوە و دواتر دابەزیوە، بەو پێیەی پێشتر جۆرێک لە “رۆنی رووەکی” دەفرۆشت بە 28 دۆلار بۆ هەر پاکەتێک، لە کاتێکدا لە ئێستادا بە 24 دۆلار دەیفرۆشێت، بەهەمانشێوەش بۆ پێداویستییە خۆراکیەکانی تر.

ئامادەکردنی: سامر عوسمان – داڕشتنەوەی : زانا ئەلعەلی