قامیشلۆ – نۆرس پرێس
كەمال عاكف، گوتەبێژی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، پێویستیان بە هەنگاوی كردەیی هەیە بۆ كۆتایی هێنان بە دۆسییەی داخستنی كامپەكان كە خێزانەكانی داعشیان تێیدایە.
ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دۆسییە “بارگرانییەک لەسەر ئێمە وەک بەڕێوبەری خۆسەری پێکدەهێنێت، پێویستمان بە جیهان هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تەماشای ئەم دۆسییە بکات و تەنها لە ناوچەکانماندا سنووردار نەکات”.

لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە لە بەڕێوبەری خۆسەری لە وەڵامی پرۆژەیاسایەکدا هات کە دوو سیناتۆری ئەمریکی بە ناوەکانی جەین شاهین و لیندسی گراهام لە 30ی مانگی رابردوودا پێشکەشیان کردبوو، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کێشەی بڵاوبوونەوەی شانەکانی داعش لە سووریا و چارەسەرکردنی گرفتی کامپەکان کە پێشەنگیان کامپی هۆلە.
پرۆژەیاسا پێشنیازکراوەکە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاردەکات بۆ سەرکردایەتیکردنی پرۆسەیەکی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی کە دەبێتە هۆی داخستنی کامپەکان، لەنێویاندا کامپی هۆل، دوای چۆڵکردنی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە ئەمنی و مرۆییەکانی لەوێ.
بەڵام عاکەف روونی کردەوە کە ئەو پێشنیازە “نوێ نییە، ئێمە پێشتر ئەم تێزانەمان بیستووە لە رێگەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانەوە کە لەگەڵ هەندێک وڵاتی ئەوروپی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ئەنجام دەدرا، بەڵام پێویستمان بە هەنگاوی کردەیی هەیە”.
ئاماژهی بهوهشكرد: “ههر بابهتێك پێویستی به چارهسهركردنی ئهم پرسه ههبێت، ئێمه له بەڕێوبەری خۆسهر ئامادهین كۆتایی بهم دۆسییە و كارهساته نهرێنییهكانی به تایبهتی له رووی ئایدۆلۆژییەوە، كه ئێستا به شێوهیهكی بهرفراوان بڵاوە.”
مانگی رابردوو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە رۆژئاڤا، هەڵمەتێكی ئەمنییان لە كامپی هۆل دەستپێكرد، كە 24 رۆژی خایاند، لەو ماوەیەدا 226 كەسیان دەستگیركرد، كە 36 ژنی توندڕەو کە گومانیان لێدەكرێت سەر بە شانەكانی داعش بن، دوای کۆتایی هاتنی هەڵمەتەکە راگەیەندرا.
لەو کاتەدا هێزە ئەمنییەکان 25 تونێلیان دۆزیەوە، لەگەڵ بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی.
بە وتەی ئەو بەرپرسە لە بەڕێوبەری خۆسەر، هەڵمەتەکە نیشانی دا ” تا چەند بنەماڵەكانی رێكخراوەكە پابەندن بە ئایدۆلۆژیای داعشەوە و هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەك بێت زیندووی بکەنەوە، سوودمەندن لە بەشێك لەو پشتیوانییە هەرێمییانەی لەبەردەستیاندایە و هەروەها لە هەندێک ناوچە کە لەلایەن تورکیاوە لە سوریا داگیرکراوە.”
سیناتۆر گراهام هاوڕایە لەگەڵ بۆچوونی ئەو بەرپرسەی بەڕێوبەری خۆسەر و دەڵێت “زیاتر نیگەرانە لەوەی داعش جارێکی دیکە هێز لە سووریا پەیدا بکاتەوە، بەمەش تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام دەبێت.”
لە پێشکەشکردنی پێشنیارەکەدا، سیناتۆرەکە زیادی کرد، “هاوینی ڕابردوو سەردانی کامپی هۆلم کرد، تەنها ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە دۆخی مەیدانی نیگەرانکەر و مەترسیدارتر دەبێت.”
لەگەڵ کۆتایی هاتنی هەڵمەتی ئەمنی لە کامپی هۆل، ئاسایشی رۆژئاڤا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کار بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی داعش بکەن، هەروەها هاوکاری بکەن لە دۆسییەی کامپی هۆل، هەروەها داوای کرد کە وڵاتانی بیانی هاوڵاتیانی خۆیان بگێڕنەوە بۆ وڵاتانی رەسەنی خۆیان.
گوتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەكانی دەرەوە هۆشداری دەدات لە گەڕانەوەی ئەو رێكخراوە و دەڵێت، “ئەگەر زۆر زوو ئەم بابەتە چارەسەر نەكرێت، پاڵپشتی و هاوكاری بەڕێوبەری خۆسەر و هێزەكانی سوریای دیموكرات نەکرێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا، ئەوا بەم زووانە رووبەڕووی گەڕانەوەی داعش دەبینەوە، بۆیە دەبێت هاوکاری جددی لەم رووەوە هەبێت.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، ” دۆسییەی خێزانەکانی رێکخراوەکە ئاڵۆزە و پێویستی بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بەو پێیەی ژمارەی ئەندامان و خێزانەکانی رێکخراوەکە زۆرن.”
جیهان حەنان، بەڕێوەبەری کامپی هۆل لە نووسراوێکیدا بۆ نۆرس پرێس، رایگەیاند، دوای هەڵمەتی ئەمنی لە کامپەکەدا ئارامترە و سەرجەم رێکخراو و کۆمەڵە مرۆیی و فریاگوزاریەکان دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە لەناو ئەو کامپەدا.
بەڵام حەنان جەختی لەوە کردەوە کە “ئەگەر چارەسەرێکی یەکجاری و گونجاو بۆ دانیشتوانی کامپەکە نەدۆزرێتەوە، ئەوا لێکەوتەی کارەساتبار دەکەوێتەوە و زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت.”
هەروەها هۆشداریدا لە “عەقڵیەتی توندڕەویی دانیشتوانی کامپەکە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە کاتی هەڵمەتەکەدا بڕێکی زۆر چەک لەناو کامپەکە و دەرەوەی کامپەکەدا دۆزراوەتەوە”.