کامپێکی ئاوارەکان لە حەسەکە سەرەڕای گەرمای زۆری هاوین هیچ هۆکارێکی فێنککەرەوەیان نییە

حەسەکە – نۆرس پرێس

لە خێمە پلاستیکییەکەیدا، زەهرا ئەلجاسم (75 ساڵ)، بەبێ هیچ ئامرازێکی ساردکردنەوە دادەنیشێت، هەندێک جار هەوڵدەدات پارچە قوماشێک بە ئاو تەڕ بکات و بیخاتە سەر سەری بۆ ئەوەی گەرمی لە جەستە باریکەکەی کەم بکاتەوە، لە کاتەکانی تردا ، لەبەردەم دەرگای چادرەکەدا ئاو دەڕشێنێت لە هەوڵێکی بێهودەدا بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمی ناو چادرەکەی کە لە دەرەوە پلەی گەرمی لە ٤٥ پلەی سەدی تێدەپەڕێت.

ئاوارەکانی کەمپی سەرێکانییە لە رۆژهەڵاتی حەسەکە، هاوینیان بەبێ ئامرازی ساردکەرەوەی وەک پانکە و ئەیرکۆندیشن بەسەر دەبەن، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی ئەو ئاوە کەمەدا کە لەناو ئەو تانکییانەی کە لە کەرتەکانی کەمپەکەدا بڵاوبوونەتەوە، لەبەردەستدایە.

بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی کەمپەکە، کەمپەکە دوو هەزار و ٤٠٩ ئاوارەی ناوچەی سەرێکانییە لەخۆدەگرێت کە حەوت هەزار و ١٧ کەسیان منداڵن و بەسەر دوو هەزار و ٧٩٣ خێوەتدا دابەشکراون.

عەزیزە ئەلخنافەر، هاوسەرۆکی کەمپەکە وتی کورتهێنانێکی زۆر لە دابین کردنی هاوکاری بۆ کەمپەکە هەیە، بەو پێیەی تا ئێستا هیچ پانکە یان هۆکارێکی فێنککەرەوە بۆ ئاوارەکان دابین نەکراوە.

خەمی ئەو ئاوارانە بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە خراپتر دەبێت و بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی لە سوریا، پلەکانی گەرما بە تێکرایی ٣ پلەی سەدی بەرزتردەبێتەوە لە سوریا،  پسپۆڕانی کەشناسی هۆشدارییان دا لە بەرکەوتنی خۆر بە تایبەت لە ماوەی گەشتنیدا بە ترۆپک.

هەروەها لەگەڵ ئاوارەکان هاوڕا بوو، کە ئەو بڕە ئاوەی ڕێکخراوەکان بەسەر تانکەکاندا دابەشی دەکەن بەشی ئەوان ناکات، “ئەوەش سەرەڕای داواکاری زۆرمان لە ڕێکخراوەکان، کە بێهودەبوون.”

لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا، “الجاسم”، ژنێکی ئاوارەی شارۆچکەی ئەبوراسین (زەرکان) لە باکووری حەسەکە، و لەگەڵ هاوسەرە بەساڵاچووەکەی و کچە بەتەمەنەکەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، لەو کەمپەدا دەژین دەڵێ: هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە جگە لە دانبەخۆداگرتن، لەداخاندا ڕۆژێک دەگریم و ڕۆژێک پێدەکەنم.

ئەو ژنە حەفتا ساڵانە بەردەوام دۆخی ئێستای لەگەڵ پێش ئاوارەیی بەراورد دەکات، پێشتر خاوەنی خانوویەکی گڵین بوو  ، لە وەرزی هاویندا فێنک بوو و پانکەی تێدابوو، “بەڵام لێرەدا بارودۆخی من دەبینیت، من هیچم نییە”

ئەلجاسم گلەیی لە نەبوونی یارمەتییە خۆراكییەكانی كەمپەكە كرد، كە بەشی ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەی ناكات، ئەمە جگە لە خراپبوونی دۆخی ژیانیان، بەتایبەتی ئەوانیش وەك ئاوارەكانی دیكە، دوای ئاوارەبوون هەموو شتێكیان لەدەستداوە كە هەیانبووە.

لە لایەکی ترەوە داخستنی دەروازەی تەل کۆچەر هێشتا بەردەوامە، ئەمەش رێگری دەکات لە هاتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان.

بانگەوازەکانی بەرپرسانی ئیدارەیی و ئاوارەکان بەردەوامن تا ناوچەکە بێبەش نەبێت لە هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ، ئەمەش بەوە دەبیت ئەو دەروازەیەی کە زیاتر لە دوو ساڵە داخراوە، بکرێتەوە.

کەمپەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە پلەی یەکەم پشتیان بەو هاوکاریانە بەستبوو کە لە دەروازەی تەل کۆچەر وەریان دەگرت کە خوێنبەری سەرەکی ناوچەکەیە.

بەڵام داخستنی دۆخی مرۆیی بۆ ئەو کەسانە خراپتر کردووە کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەپێی لێدوانێکی پێشووی شێخموس ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە رێڤەبەری خۆسەر.

ئاوارەکان داوا لە بەڕێوبەری کەمپەکە و ڕێکخراوەکان دەکەن ئامرازی ساردکردنەوە و ئاوی سارد و جلوبەرگی هاوینەیان بۆ دابین بکەن.

لەیلا علێوی (52 ساڵ)، كە ئاوارەی گوندی ئەلعروبەی سەر بە شارۆچكەی (زەركان)ە، كاتێك ویستمان پرسیار لە بارودۆخی بکەین لە كەمپەكەدا ، لە تاو گەرما، پێی باشتر بوو لە ناو چادرەكە پرسیاری ئاراستە بکەین.

عەلیوی دۆخەکەی بە “کارەساتبار” وەسف کرد، بەو پێیەی ئاو و یارمەتی پێویست نییە، گەرما چادرەکانیان دەکاتە بارستەیەکی ئاگر.

وتیشی “له‌ رابردوودا سه‌ره‌ڕای نزمی كوالێتی هاوكارییه‌كان، لێی رازی بووین، به‌ڵام له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا بڕی كه‌م كراوه‌ته‌وه‌، ماوه‌ی سێ مانگه‌ پاككه‌روەکان وه‌رنه‌گیراون‌”.

هەندێک پەنا دەبەنە بەر کڕینی سەهۆڵ بۆ ئەوەی ئاوەکە سارد بکەن و بیخۆنەوە، لەکاتێکدا زۆرینەیان ناچارن ئاوی گەرم بخۆنەوە.

بە وتەی ئاوارەکان، هەموو ڕۆژێک لە ئێوارەوە تا ڕۆژی دووەم بێ ئاو دەمێننەوە، بەهۆی بەکارهێنانی تەواوی ئاوی ئەو تانکیانەی کە بۆ شۆردن و خواردنەوە و تەوالێت دیاری کراون، بۆیە ناچارن چاوەڕێی ڕێکخراوەکان بکەن تا جارێکی دیکە پڕی بکەنەوە.

دۆخی حوسێن ئەلسەلم (٣٥ ساڵ)یش هیچ جیاواز نییە لەوانی تر،  حوسێن ئاوارەی گوندی ئەلمەناجیرە لە گوندەواری تەل تەمر لە باکووری حەسەکە.

سەرۆکی خێزانێکە کە لە هاوسەرەکەی و شەش منداڵی پێکدێت، بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار ناتونێت بژێوی خێزانەکەی دابین بکات، تەنانەت توانای کڕینی پانکەیەکی نییە.

بە وتەی حوسێن هاوسەرەکەی پەنای بردووەتە بەر تەڕکردنی پارچە قوماشێک و دانانی لەسەر جەستەی منداڵەکان تا لە گەرما ڕزگاریان بێت “ئێمە تەنها ئەم شێوازەمان هەیە”.

ئامادەکردنی: ئیڤا ئەمین – داڕشتنەوەی: سۆزدار محەمەد