توێژه‌رێكی ئه‌مه‌ریكی: فشاره ئابورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له توانایدایه به‌رپه‌رچی گرژییه‌كانی توركیا دژ به هه‌سه‌ده بداته‌وه
واشنتن- نۆرس پرێس
ئیرسنا تسوكرمان، توێژه‌ری ئه‌مه‌ریكی رایده‌گه‌نێت، فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له توانایدا ده‌بێت به‌رپه‌رچی فشاره‌كانی توركیا دژ به هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی بداته‌وه.
ئیرینا وتویه‌تی، ده‌ركه‌وتنی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان، گومانی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو توركیا دروستكردوه‌و وه‌ك ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریكا له داعش ده‌ڕوانێت، توركیا له‌و رێكخراوه ناڕوانێت.
ئه‌وه‌شی وتوه، كه توركیا به‌شێوه‌یه‌كی تۆكمه دژایه‌تی ئه‌و رێكخراوه ناكات و “ئه‌وه‌ش بابه‌تێكه واشنتن به‌ئه‌وپه‌ڕی جدیه‌تییه‌وه وه‌ریبگرێت.”
ئو توێژه‌ره ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌ردۆگان خۆی له دۆخێكی ئاڵۆزدا ده‌بینێته‌وه‌و روبه‌ڕوی هه‌ڵبژاردنێكی گرنگ ده‌بێته‌وه له ماوه‌ی ساڵێكداو لیره‌ی توركیش به‌رده‌وامه له روخان و هاوكارییه‌كانی وڵاتانی كه‌نداو مامه‌ڵه‌كانی له‌گه‌ڵ ئۆلیگارشی روسی نه‌یتوانیوه ئابوری توركیا رزگار بكات، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كارته‌كانی واشنتن زۆرن له‌و دۆسیه‌دا.
به وته‌ی ئه‌و توێژه‌ره، وه‌ك پێش‌و واشنتن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابوری توركیا هه‌یه به ئه‌رێنی و نه‌رێنی ئه‌گه‌ر توركیا وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نه‌داته‌وه له پێش هه‌موشیانه‌وه پابه‌ندبون به پاراستنی هاوپه‌یمانه كورده‌كان و نه‌خستنه مه‌ترسی ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان.
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، سزاکانی ماگنیسكی له رابوردودا ئه‌نكه‌ره‌ی ناچاركرد قه‌شه برۆنسۆن ئازادبكات و ئه‌مڕۆش واشنتن جارێكی تر ده‌توانێت ئه‌و كارته به‌كاربهێنێته‌وه بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سیڤیلی ناوچه‌كه له گرژییه‌كانی توركیا‌و رێگری له‌و وڵاته تا سود له قه‌یرانی ئۆكرانیا وه‌رنه‌گرێت و قه‌یران له ناوچه‌كه دروست نه‌كات و ببێته هاوپه‌یمانێكی جێ متمانه.
راشیگه‌یاندوه، ده‌كرێت رێره‌وی گرژكردنی دۆخه‌كه له‌لایه‌ن توركیاوه به سیاسه‌تێكی تێروته‌سه‌لی ئه‌مه‌ریكی بگۆڕدرێت و ناچاربكرێت وازبهێنێت له پشتیوانی گروپه تیرۆریستییه‌كان له رۆژئاوای كوردستان و له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده هاوكاربێت بۆ دژایه‌تی تیرۆر له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی سنوره‌كانی و ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه كورده‌كانی له یه‌ك كاتدا.
یەکشەممه‌ی رابوردو لیندسی گراهام، سیناتۆری ئه‌مه‌ریكی له په‌راوێزی سه‌ردانی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه توركیا‌و عێراقی گرته‌وه، باسی له‌وه‌كرد هه‌رچی له توانایدا بێت ده‌یكات بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی F16 له نێوان ئه‌مه‌ریكاو توركیادا سه‌ربگرێت.
پێشتریش له بابه‌تێكدا كه تۆڕی هه‌واڵی فۆكس نیوز بڵاویكرده‌وه، گراهام جه‌ختی له‌وه‌كردبوه‌وه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی هاوسه‌نگ له نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیادا په‌یدا بكرێت تا فه‌راهه‌می سه‌قامگیری ئه‌ركی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش بكات به هاوكاری هه‌سه‌ده.
چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی كوردی و یۆنانی به‌هۆی پشتیوانی له تێپه‌ڕاندنی مامه‌ڵه‌ی فڕۆكی ئێف شانزه، ره‌خنه‌یان له گراهام گرت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا په‌یمانگای كوردی بۆ ئاشتی له واشنتن ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندی پته‌وی فرۆشتنی فڕۆكه‌ی ئێف 16 و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌لایه‌ن توركیاوه كرد له‌گه‌ڵ ئه‌و تاوانانه‌ی جه‌نگ كه توركیا ئه‌نجامیداوه له ساڵی 1995وه به فڕۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكی.