خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵات بەردەوامن و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هۆشداری دەدات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی نایە سیازدەهەمین رۆژەوە،  ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هۆشداری دەدات لەوەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران فەرمانیان بە تەقەکردن لە خۆپێشاندەران کردووە.

سەرتاسەری ناوچەکانى ئێران بووەتە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان لە دژی كوژرانی ژینا ئەمینی و لە سیانزەهەمین ڕۆژیشدا دروشمەكانی “ژن، ژیان، ئازادی” و “نەمان بۆ دیكتاتۆر” خاڵی هاوبەشی خۆپیشاندانەكان بوون، بەپێی نوێترین ئامارەكانیش تا ئێستا زیاتر لە 80 خۆپیشاندەر شەهیدکراون.

دوێنێ هاوشێوەی ڕۆژانی دیکە لە ناوچەکانى باكووری ئێران تا باشووری ئەو وڵاتە و لە ڕۆژهەڵاتەكەیەوە تا ڕۆژئاواكەی خۆپیشاندانەكان دژی كوژرانی ژینا ئەمینی بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوام بوون.

لە شارى سنە بە پێشەنگی ژنان لەچەند ناوچەیەكی شارەكە بە دروشمەكانی “ژن، ژیان، ئازادی” و “نەمان بۆ دیكتاتۆر” خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

لە تارانی پایتەختیش وەك رۆژانی ڕابردوو خۆپیشاندانەكان چەند ناوچەیەكی ئەو شارەی گرتەوە و دروشمی ڕووخان بۆ كۆماری ئیسلامی بە بەردەوام وترایەوە.

لە مازندەران و گیلان، كە دوو پارێزگای باكووری ئێرانن و زۆرترین ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكان لەو دوو پارێزگایەدان، هاوشێوەی رۆژانی ڕابردوو خەڵك لەسەر پێ بوون.

لە شاری مەشهەد، كە یەكێكە لە شارە ئایینیەكانی ئێران، بێ وچان لە ماوەكانی رابردوودا خۆپیشاندان بەڕێوەچووە و لە رۆژی سیانزەهەمینیشدا بە هەمان جۆش و خرۆشەوە ناڕەزایەتییەكان بەردەوام بوو.

بە هەمان شێوەش لە قوم و لە ناوەڕاستی ئێران، لە پارێزگای كرمان، كە زێدی چەند كەسایەتی سەرەكی سیاسی و سەربازی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، لەوانە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی، سەرۆككۆماری پێشووتری ئێران و دەیان وەزیر و كاربەدەست و فەرماندەی سەربازی دیكە، لە چەند شارێكی ئەو پارێزگایەشەوە دەنگی ناڕەزایەتی دەبیسترێت و دوێنێ هێزەكانی ئێران تەقەیەكی زۆریان لە خۆپیشاندەرانی كرمان كرد.

لە یەزد و سیستان و بەلوچستان و چەند ناوچەیەكی خوزستان، تەورێز، ورمێ و كرماشانیش خۆپیشاندان بەردەوام بوون.

لە بەندەر عەباسی باشوری ئێرانیش خۆپیشاندەران ناڕەزایەتیان دەربڕی و دروشمی ژن، ژیان ئازادی سەرەكی ترین دروشمی خۆپیشاندانەكەی ئەو شارەبوو.

ئەمڕۆ، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی Amnesty International لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە: “بەرپرسانی ئێران هەموو ئامڕازێکیان بۆ سەرکوتکردنی بێبەزەییانەی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان خستووەتە کار، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ کپکردنەوەی هەر بەرهەڵستکارییەک لەبەرامبەر دەسەڵاتدا”.

 رێکخراوەکەی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەشڵێت، بەبێ “هەڵوێستێکی یەکگرتووی کۆنکرێتی” لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، کە وەکو خۆی دەڵێت خۆی لە راگەیێندراو و سەرکۆنەکردن دەرباز بکات: “ژمارەیەکی بێپایانی دیکەی خەڵک مەترسیی کوشتن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی سێکسی و دەستگیردنیان لەسەرە”.

ئەمنستی باس لەوەش دەکات کە پێداچوونەوەیان بە وێنە و ڤیدیۆکاندا کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە “زۆربەی قوربانییان بەهۆی تەقەکردنی راستەوخۆوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون”. باس لەوەش دەکات بەڵگەنامەی دزەپێکراویان دەستکەوتووە کە رۆژی 21ـی ئەیلوول لەلایەن فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانەوە فەرمان بە پۆلیسی هەموو پارێزگاکان دراوە بۆ ئەوەی “بەتووندی رووبەڕووی خۆپێشاندەران ببنەوە”.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا، ئەمنستی دەڵێت، بەڵگەنامەیەکیان دەستکەوتووە کە رۆژی 23ـی ئەیلوول فەرماندەی سوپا لە سنووری پارێزگای مازندەران فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە بۆ ئەوەی “بێ بەزەییانە رووبەڕووی هەر پشێوییەک لەلایەن تێکدەران و دژبەرانی شۆڕش ببەوە و تا ئەو راددەیەی دەبێتە هۆی مردن لەگەڵیان بڕۆن”.

ئەمنستی دەشڵێت، گیانلەدەستدانی 52 خۆپێشاندەری پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام ئاماژە بەوەش دەدات کە ژمارەکە بەرزترە. هاوکات، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەی سەرەکیی لە ئۆسڵۆی نەرویجە لەدوایین ئاماردا دەڵێت 83 کەس لە سەرتاسەری ئێران لە گرژییەکانی نێوان خۆپێشاندانەکان و هێزە ئەمنییەکاندا کوژراون.

لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكان، توندوتیژی هێزە سەربازی و سەركوتكەرەكانی ئێران و هەڵمەتەكانی گرتنی چالاكوانان و خۆپیشاندەرانیش بەردەوامە.

بەپێی نوێترین ئاماری ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە، تائێستا لانیكەم 83 كەس كوژراون، زۆرترینیان لە پارێزگای مازەندەرانن كە 26 خۆپیشاندەری تیایدا كوژراوە، لە گیلانی دراوسێی مازندەرانیش 11 خۆپیشاندەر ژیانیان لەدەستداوە.

هەرچی پارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیشن بە پێی ئامارەكانی ئەو ڕێكخراوە 24 خۆپیشاندەریان شەهیدکراوە ، بە جۆرێك لە ورمێ 11، لە سنە 1، لە كرماشان 1و لە ئیلامیش یەك خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە سەربازیەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.