درەختە بڕاوەکانی عەفرین لە بازاڕەکانی “تەحریر شام”دا دەفرۆشرێن

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوای لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە نرخی ئەو جۆرە درەختانەی کە لە بازاڕەکانی شاری دانا لە باکووری ئیدلب بەردەستن، عەللاوی بڕیاریدا ئەو درەختە هاوردەکراوەی عەفرین بکڕێت، ئەوەش بەهۆی هەرزانتربوونی نرخەکەی بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە.

عەللاوی ئەلبەرجەس تەمەن 32 ساڵ دەڵێت، ئەو بڕە دارانەی لە درەختەکانی عەفرینەوە دێن؛ لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە بازاڕەکاندا کەم بوو، لە لایەکی دیکەوە جۆری دیکە هەبوون کە بە زۆری کێبڕکێیان لەگەڵ دەکرد، بە تایبەت داری فستق و قەیسی و هەنجیر و گوێز و ئەوانی دیکە.

بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، زیادبوونی بەرچاو لە بڕی ئەو دارانەدا دەبینرێت کە لە عەفرینەوە هاوردە دەکرێن.

بە وتەی بازرگانانی شاری ئیدلب، رێژەی هاوردەکردنی دار لەلایەن هەیئەی تەحریر شامەوە (بەرەی نوسرەی پێشوو) بۆ دارەکانی عەفرین؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپەکانی “جەیش وەتەنی”ی لایەنگری تورکیا، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، بە ڕێژەی 30% زیادی کردووە بە بەراورد بە تێکڕای دابینکردن لە مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ساڵی پاردا.

ئەوان زۆر دڵنیابوون و بە “نۆرس پرێس”یان راگەیاند، کە” هەیئە ” قۆرخکاری لەسەر کڕینی داردا دەکات لە عەفرین، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتا داگیرکەرەکەی لەوێ، هاوردەی دەکەن بۆ ئیدلب، لە بەرامبەردا سنووردارکردنێک هەیە بۆ هاوردەکردنی دار لە تورکیاوە.

دوابەدوای داگیرکردنی عەفرین لە لایەن توركیا و لایەنە دڵسۆزەكانیەوە ساڵی 2018، کردەی نادادپەروەرەكانی داربڕین كاریگەری لەسەر دار زەیتوون و دارستانەكان كردووە.

ئاماری بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان باس لەوە دەکەن کە دوای داگیرکردنی عەفرین لە لایەن تورکیا و هاوپەیمانەکانیەوە، نزیکەی دوو ملیۆن درەخت لەلایەن گروپەکانی سەر بە تورکیاوە لە رەگەوە هەڵکێشراون.

مانگی ئابی پار، پێشەنگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنە و گرتەیان بڵاوکردەوە؛ تیایدا گۆڕانکاری گەورە لە ڕووپۆشی ڕووەکیدا، لە ناوچەی عەفرین، هەروەها دیمەنی گروپەکانی سەر بە تورکیا، بڕینی دارەکانی درەختی دارستانەکانی دەوروبەری دەریاچەی مەیدانکی، لە گوندەواری عەفرین نیشان دەدات.

لەو کاتەدا فایز ئەلدەغیم، کە رۆژنامەنووسێکی خەڵکی “گرێ سپی”یە، لە هروپەڕی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا بەڵگەی بڕینی هەزاران دار لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، لەناو دارستانی دەریاچەکەدا، بڵاوکردەوە.

ئەلدەغیم لە تۆمارەکەدا دەڵێت، بڕینی سەدان دار لە دەوروبەری دەریاچەکە کردارێکی تاکەکەسی نییە؛ لەو شوێنەی کە بە بولدۆزەر ئەنجامدراوە و یەکەمجار نییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو درەختانەی ماونەتەوە، زەحمەتە بە ئاسانی بە چاو بدۆزرێنەوە، لەوانەیە تووشی پرۆسەیەکی نوێی بڕین ببنەوە.

لە کۆتایی مانگی ئابدا، کۆبوونەوەیەک لەنێوان نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئابووری و لیژنەی دارایی حکومەتی رزگاری و هاوتاکانیان لە گروپی فویلەق شام و سوڵتان موراد، لە عەفرین بەڕێوەچوو.

بە وتەی سەرچاوەیەک لە لیژنەی دارایی لە وەزارەتی ئابووری حکوومەتی رزگاری، باڵی مەدەنی تەحریر شام؛ لە نێوان هەردوو لایەن رێککەوتن لەسەر هاوردەکردنی 300 تۆن دار لە هەفتەیەکدا لە ماوەی مانگی ئەیلول/ تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، بە نرخی 110 دۆلار بۆ هەر تۆنێک وهاوردەکردنی دار لە عەفرینەوە بۆ ئیدلب قەدەغە دەکرێت، تەنها لە رێگەی “هەیئە”وە نەبێت.

لە کاتێکدا بەپێی هەمان سەرچاوە، لە ماوەی مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا ناوچەی ئیدلب هەفتانە 200 تۆن داری لە عەفرینەوە بۆ هاوردەکراوە و بە نرخی 100 دۆلار بۆ هەر تۆنێک فرۆشراوە.

ئەم ژمارانە دەرخەری زیادبوونی روونی بڕی ئەو دارانەن کە ئەمساڵ لە عەفرینەوە هاوردە دەکرێن؛ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

میهیار ئەللابودی، بازرگانی دار لە شارۆچکەی بنش لە گوندەواری ئیدلب دەڵێت، بەهۆی کەمکردنەوەی بڕی دار لە تورکیاوە لەلایەن “هەیئە”وە، لە ئێستادا هاوردەکردن لە عەفرینەوە بووە بە پێویستی.

نرخی تەنێک داری عەفرین، لە نێوان 160 بۆ 180 دۆلاردایە؛ لە دارەکانی زەیتون و هەنجیر و گوێز و ئەوانی تر، بەپێی کوالیتی، لە کاتێکدا نرخی تەنێک داری  (توێکڵی فستق، قەیسی و گوێز) 230 دۆلاری تێپەڕاندووە.

“هەیئە” هاوردەکردنی داری تورکی لە دەروازەی باب ئەلهەواوە، کەمکردوەتەوە؛ ئەوەش بەمەبەستی زیادکردنی داهاتی لە فرۆشتنی داری عەفریندا، بە گوتەی بازرگانان.

بازرگانەکان لایەنەکانی ئەلعەمشات و سوڵتان موراد وفەیلەق شام تۆمەتبار دەکەن بە بەرپرسیارێتی لە بڕینی درەختەکانی عەفرین؛ بۆ گۆڕینی بە دار لە وەرشەکانی تایبەت بە خۆیاندا.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سوزدار محەمەد