خوێندن لە گوندە سنوورییەکانی کۆبانی و عەین عیسا لە ژێر هەڕەشەی بۆردومانەکانی تورکیادا

کۆبانی/عەین عیسا – نۆرس پرێس

ته‌نها لە دووری 700 مه‌تر له‌ سنووری سووریا و توركیاوە، ئه‌حمه‌د به‌ دڵه‌ڕاوكێیه‌وه چوار منداڵه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی قوتابخانه‌ ده‌كات و چاوێکێشی لەسەر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیایە له‌ بەری ئەوبەری سنووره‌كەوە‌.

ئەحمەد حەسەن، تەمەن 38 ساڵ، کە دانیشتووی گوندی کازکانی سنووریە لە رۆژهەڵاتی کۆبانی، دەڵێت “لەژێر هەڕەشەی بۆردومانەکەی تورکیادا لەگەڵ منداڵەکانمان دەژین”.

نزیکەی 60 خوێندکار لە قوتابخانەی لە حاڵەتێکی بەردەوامی دڵەڕاوکێدا، لە گوندی کازکان دەخوێنن، ئەویش دوابەدوای پەرەسەندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکەیان لەم دواییانەدا.

لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن 2022- 2023  دوو رۆژ لەمەوبەر لە قوتابخانەکانی ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان، دۆخی وانەوتنەوە لە قوتابخانەکانی گوندە سنوورییەکان کە دەکەونە سەر هێڵە پەیوەندییەکان بەپێی گۆڕانکارییەکان لە دۆخی سەربازیدا دەگۆڕدرێت.

پرۆسەی خوێندن لەو قوتابخانانەدا لە رۆژانی بۆردومانەکەدا دەوەستێنرێت، چونکە مامۆستایان ناچارن لە ماوەی بۆردومانەکەدا دایانبخەن و لە ترسی برینداربوونی قوتابیان لێیان دووربخەنەوە.

ئەوانەی بەرپرسی کەرتی پەروەردەن ترسیان لەوە هەیە کە بەردەوامبوونی بۆردومانەکان ببێتە هۆی دواکەوتنی پرۆگرامی خوێندن.

لەو رۆژەی کە قوتابخانەکانی بەڕێوبەری خۆسەر دەرگاکانیان کردەوە (18ی ئەم مانگە)؛ هێزەکانی تورکیا گوندەکانی سەر سنووری کۆبانییان بۆردومان کرد.

لەو کاتەدا گوندەکانی زورمەغار و خەرابیسان و کوران و کولتەب بۆردومان کران؛ لە گوندەواری رۆژهەڵات و رۆژئاوای کۆبانی، چوار گولە لە دیوی تورکیاوە لە دەوروبەری شارەکە کەوتنە خوارەوە.

لە هەمان رۆژدا هاووڵاتییەکی سڤیل بریندار بوو؛ بۆردومان گوندی قەرەموغ لە رۆژهەڵاتی کۆبانی روویدا و لە گوندی جیشان لە رۆژهەڵاتی کۆبانی سێ سەربازی سوپای سووریا گیانیان لەدەستدا و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون.

هەر لەو گوندە، نەورۆز کورد، تەمەن 36 ساڵ، بە دڵەڕاوکێیەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی منداڵەکەی دەکات لە قوتابخانە، “رەنگە لە هەر ساتێکدا بۆردومانەکە رووبدات.”

کاتێک بۆردومانەکە توندتر دەبێت، “کورد” و دانیشتوانی گوندەکەی ناچار دەبن گوندەکە بەجێبهێڵن، بەڵام ئەمە کاریگەری لەسەر پەروەردەی منداڵان دەبێت، بەتایبەت کە رەنگە هەندێک خێزان دوای چەند رۆژێک یان هەفتەیەک نەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

ئەو ژنەی لە سییەکانی تەمەنیدایە، دەڵێت، لە یەکەم رۆژی خوێندندا، بەپەلە رۆیشتووە بۆ قوتابخانەی گوندەکە، بۆ ئەوەی دۆخی منداڵەکەی بزانێت، دوای ئەوەی دەنگی تۆپبارانەکانی گوندەکانی دراوسێی بیستووە.

دەشڵێت: “ئێمە لە حاڵەتێکی ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین لەکاتێکدا بۆردومانەکە روودەدات.”

لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، بەهۆی بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر کۆبانی منداڵێکی تەمەن 14 ساڵ بێسەروشوێن بوو، لە کاتێکدا کوڕێکی دیکەی تەمەن دوو ساڵان لە سەریدا بریندار بوو، ئەمە جگە لە برینداربوونی دوو کەسی سڤیل، بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکانی ئەو کاتە.

لە ئەنجامی بۆردومانە قورسەکانی سەر ئەو شارە؛ مانگی رابردوو دانیشتوانی گوندە سنوورییەكانی گوندەواری رۆژئاوای كۆبانی ناچاربوون بەرەو گوندەكانی باشوور هەڵبێن و پاش چەند رۆژێك بگەڕێنەوە.

لە شارۆچکەی عەین عیسا، دۆخەکە لە کۆبانی باشتر نییە، لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندندا، گوندەکانی سەر بەو شارە شاهیدی؛ تۆپبارانکردن لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە، کە بووە هۆی دروستبوونی حاڵەتی ترس و دڵەڕاوکێ، بەتایبەتی لەنێو بنەماڵەی خوێندکارەکان.

بەپێی ئامارەکانی لیژنەی پەروەردە لە عەین عیسا، ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار خوێندکار لە گوندەواری گرێ سپی و شارۆچکەی عەین عیسا لە مافی خوێندن بێبەش کراون، ئەمەش بەهۆی وێرانکردنی ئەو قوتابخانەیانەی کە دەکەوێتە سەر هێڵەکانی بەرکەوتن.

لە کاتێکدا قوتابخانەکانی گوندەکانی ئەلزەیدی و  تەروازیەی ناوەڕاست و تەروازییەی باکوورو سەفییان لە گوندەواری عەین عیسا، بەهۆی بۆردومانەوە داخراون.

نور ساڵح، تەمەن 30 ساڵ، دایکی چوار منداڵە کە دەچنە قوتابخانە، دەڵێت؛ بۆردومانەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکییە، ئەمەش ترس لەسەر ژیانیان زیاد دەکات.

لە ترسی بۆردومان، منداڵەکانی هەندێک جار کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی خوێندن دەگەڕێنەوە ماڵەوە.

ئەو دەشڵێت،”منداڵەکانم نانێرم بۆ قوتابخانە، کاتێک گوێمان لە دەنگی تۆپباران دەبێت”.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا / گوڵستان محەمەد – داڕشتنەوەی: سۆزدار محەمەد