شەهید بوونی پێنج خۆپیشاندەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

کاردانەوەکان بەرامبەر بە شەهید کردنی کچە کوردەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژینا ئەمینی، لە سەرانسەری جیهان و ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دا بەردەوامن و پۆلیس و رژێمی ئێران بە فیشەک و کوشتن وەڵامی خۆپیشاندەران دەدەنەوە.

بە گوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئێستا پێنج کەس شەهیدکراون و نزیکەی 100 کەسیش برینداربوون.

وەک ئاژانسەکان لەزاری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بڵاویانکردەوە، شەهیدەکان دوانی لە دیواندەرەن و دوو لە سەقز و شەهیدێکی خۆپیشاندەر لە دێولان.

دوێنێ، دووشەممە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە مەرگی ژینا ئەمینی دووکان و بازاڕی بەشێکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داخران، بەڵام لە زۆر شوێن ناڕەزایەتیش هاتە ئاراوە.

لە هەندی لە شارەکان ناڕەزایەتی لە ئێوارەوە دەستیپێکرد و تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بوو. لە ناڕەزایەتییەکاندا بەپێی زانیارییەکان و راپۆرتی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، جگە لە برینداربوونی نزیکەی 100 کەس، نزیکەی 200 کەسیش دەستبەسەر کراون.

شەوی رابردوو دانیشتووانی شاری بیجاڕ لە پارێزگای سنە لە دژی مەرگی گوماناوی ژینا ئەمینی و پۆلیسی رەوشت ناڕەزاییان دەربڕی. بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە گوللە وەڵامیان دانەوە.

ئەم ناڕەزایەتییانە رۆژی سێشەممە بەشێکی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشی گرتەوە. “ژن، ژیان، ئازادی” ئەمە درووشمی سەرەکی خۆپێشاندەرانە کەوا ئەم خۆپێشاندەرانە لە پاوە دەیڵێنەوە.

رۆژی دووشەممە لە شاری دیواندەرەی سنەش دوو خۆپێشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران. لە شاری سەقزیش دوو کەس و لە دێولانیش خۆپێشاندەرێک کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکان شەوی رابردوو لە شاری مهاباد هێزە ئەمنییەکان کۆڵان بە کۆڵان بەشوێن خەڵکدا گەڕاون، لە شاری دیواندەرەش بەهەمانشێوە.

ئینتەرنێت لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕدراوە، یان هێندە لاواز بوو کە پەیوەندیکردن و ناردنی وێنە و ڤیدیۆ زۆر ئەستەم بووە.

ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا و دامەزرێنەری سپەیس ئێکسە، گوتوویەتی: داوایان کردووە لە گەماڕۆکان ببەخشرێت، بۆ ئەوەی ئینتەرنێتی ستارلینک بۆ خەڵکی ئێران دابین بکەن.

مەرگی ژینا ئەمینی پرسیاری لەسەر پۆلیسی رەوشتی ئێران دروستکردووە. زۆر کەس و لایەن خوازیاری نەمانی ئەم پۆلیسە بوون. بەڵام پێناچێت پەرلەمان هەنگاوی  لەو شێوەیە بنێت.

تادێت کاردانەوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی لەجیهاندا زیاتر دەبێت و وڵاتان و سەرکردە سیاسییەکانی دنیا ئیدانەی ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. لەتازەترین کاردانەوەشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەردەبڕێت و داوا لە حکومەتی ئێران دەکات کۆتایی بە سەرکوتکردنی سیستیماتیکی ژنان بهێنێت.

لەوبارەیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تویتەر لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی نووسیویەتی “ئەمریکا و خەڵکی ئێران خەمبارن بۆ گیانلەدەستدانی مەهسا [ژینا]. داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین کۆتایی بە سەرکوتکردنی سیستماتیکیی ژنان بهێنێت و رێگە بە خۆپێشاندانی ئاشتییانە بدات.” دەشڵێت:  دەبوو ئێستا ژینا ئەمینی لەژیاندا بمایە، بەڵام لەبری ئەوە ئەمریکا و گەلی ئێران ماتەمین و دڵتەنگن بەو رووداوە

 پێشوتریش ئەدریان وەتسن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە راگەیه‌ندراوێکدا لە بارەی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمین دەڵێت، پێشێلکاریی ئاشکرای ئازادییەکانه‌ و ده‌بێت لێپرسینەوە لەو کەسانە بكرێت کە بەرپرسیار بون لەو کارە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دەڵێت: روداوەکە ناخ هەژێنە و بیرمان لای کەسوکاریەتی و گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی سوکایەتییه‌ بەمافەکانی مرۆڤ.

جێگای ئاماژەیە ژینا ئەمینی ئێوارەی رۆژی 13-09-2022 لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لە لایەن پۆلیسی تارانەوە بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران گوێزرایەوە. ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستی تێکچووە و بەو هۆیەوە جەڵتەی دڵ و مێشک لێی داوە و  دوای سێ رۆژ گیانی لەدەستداوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: بەهزاد ئەحمەد