بۆردومانەکانی تورکیا دانیشتوانی گوندێک لە کۆبانی هەراسان دەکات

کۆبانی – نۆرس پرێس

لە کاتێکدا “هەم خەلیل” خەریک بوو مۆتۆڕی ئاوەکە بۆ ئاودانی کێڵگەی گەنمەشامییەکەی ئیش پێ بکات، تۆپێکی تۆپخانەکانی تورکیا بەر گوندەکەی کەوت و لە ئەنجامدا چەندین پارچە  بە پشتیدا چەقی.

خەلیل بەدری، تەمەن (18 ساڵ)، کە خەڵکی گوندی قەرە موغە لە گوندەواری کۆبانی، بە نۆرس پرێسی وت، “کاتێک گوێم لە دەنگی تۆپەکان بوو، بە رێگاوە بووم بۆ کێڵگەکە، بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ گوندەکە ، بەڵام گولە تۆپێک لە نزیکم کەوت و پارچەکەیەکم بەرکەوت.”

زەویە کشتوکاڵیەکەی “بەدر” تەنیا 300 مەتر لە سنووری توركیاوە دوورە و ئەو گەنجە لە مێژە ترسی هەیە لە دەستپێكردنی بۆردومانی توركیا بۆ سەر گوندەكەی.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوارەم جارە تۆپخانەکانی تورکیا گوندی قەرە موغ لە گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانی تۆپباران دەکەن بە دوشکە و قەناس و هاوەن و بەهۆیەوە هاوڵاتییانی مەدەنی دەکەن بە قوربانی.

گوندی قەرە موغ، 20 كم لە رۆژهەڵاتی كۆبانی، تەنیشت سنووری توركیایە، لە ماوەی ساڵی 2022دا چەندین رووداوی خوێناوی بەخۆیەوە بینیوە، لەنێویاندا برینداربوونی هەشت كەسی مەدەنی لە خێزانێك بەهۆی بۆردومانێکەوە.

نۆرس پرێس چەند وێنەیەکی دەستکەوتووە کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دوێنێدا تۆپبارانی گوندەکە کراوە، لەکاتێکدا دانیشتووانەکەی خەوتوون.

دووبارە بۆردومانەکانی تورکیا بووە هۆی دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوانی گوندەکانی هێڵی بەرکەوتندا.

مەحمود مستەفا تەمەنی 27 ساڵە، پێیوایە ئەو بۆردومانە بێ جیاوازیەی تورکیا جیاوازی ناکات لە نێوان کەسانی سڤیل و سەربازیدا، بۆیە خەڵکی گوندەکە لە کاتی دەستپێکردنی بۆردومانەکەدا تووشی شڵەژان دەبن و تا کۆتایی هاتنی لە ماڵەکانیان دەمێننەوە.

بە گوتەی دانیشتووانی گوندەکە  بەردەوام بە تۆپ و هاوەن و چەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێنە ئامانج.

لە هەشتی مانگی یەکی ساڵی رابردوودا، بۆردومانی تورکیا بۆ سەر گوندەکە بووە هۆی برینداربوونی منداڵێک “عەبدۆ حەنیفی” و بووە هۆی بڕینەوەی قاچێکی، دوای ئەوەی بە سێ هاوەن ماڵەکەیان کرایە ئامانج.

لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، هێزەکانی تورکیا بە چەند گولەیەک هەمان ماڵیان کردەوە ئامانج و بەهۆیەوە ئەندامانی خێزانەکەی بریندار بوون.

لەبەرامبەر ئەمەدا “مستەفا” ترسی لە منداڵ و خێزانەکەی هەیە، و بە نۆرس پرێس دەڵێت “ئەوان پڕۆژەی قوربانییەکانن کە لەسەر زەوی دەڕۆن، نازانیت کەی تۆپێک بەسەرتدا دەکەوێت”.

مستەفا هیچ بیرۆکەیەکی نییە سەبارەت بە ڕادەی زیانەکانی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ماڵەکانی خەڵکی گوندەکە.

ئامادەکردن: سامر عوسمان –  داڕشتنەوەی : زانا ئەلعەلی