هەولێر..بڕینی یارمەتیە نێودەوڵەتیەکان لە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان، باری گوزەرانیان دەشێوێنێت
هەولێر- نۆرس پرێس
پەنابەرانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان هەست بە دڵەڕاوکێ لە داهاتویان، دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتیەکان یارمەتی ماددی و خۆراکیان لە زووربەیان بڕی.
هەرچەندە زۆرێک لەو خانەوادە پەنابەرانە پشتیان بەو کەمە یارمەتیە دەبەست بۆ دابین کردنی گوزەرانیان، بەڵام وەستانی ئەو یارمەتیانە دەبنە بارگرانی بۆ ژیانیان و روبەڕووی گوزەرانێکی تەڵخیان دەکاتەوە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە باری ئابوری نالەبارە.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە سوریا، هەرێمی کوردستان بووە بە لانکەیەک بۆ ئاوارەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان کە نزیکەی 10 کامپی پەنابەران تایبەت بەو ئاوارانە هەن کە 5 لە هولێر و 4 لە دهۆک و یەکێکیان لە سلێمانیە.
بە گوێرەی دواهەمین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ژمارەی پەنابەران، نزیکەی چارەکە ملیۆنێک بەنابەری سوری لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.
لە سەرەتای هاتنی لێشاوی ئەم پەنابەرانەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند رێکخراوێکی فریاگوزاری هەڵدەستان بە یارمەتی ئەو پەنابەرانەی لەو کامپانەدا هەبوون، هەروەها ئەرکی دابینکردنی پەروەدە و خوێندن وئاو و کارەبایان خستبووە سەر خۆیان، ئەمە جگە لە پێدانی یارمەتیەکی مانگانە بە بڕی 24 هەزار دینار بۆ هەر کەسێکی خانەوادەکان و یارمەتی خۆراک.
بەڵام وردە وردە ئەم هاوکاریانەیان کشانەدەوە، سەرەنجام بە تەواوی هاوکاریەکانیان وەستاند و ئەم وەستانی یارمەتیانەش کامپی قوشتەپەشی گرتەوە.
زۆرێک لەو پەنابەرانەی کامپی قوشتەپە لە لێدوانیاندا بۆ نۆرس پرێس باسیان لەوە کرد کە پێشتر دەیانتوانی تا رادەیەک خۆراکی خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن، بەڵام ئێستا هیچ هیوایەکیان لێوە دیار نییە، بە تایبەتی کە لە نێو ئەو ئاوارانەدا خەڵکانی نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەت هەن، هەروەک ژنانی بێ مێرد و خاوەن منداڵیش کە هیچ یەک لەمانە بە بی بوونی ئەم یارمەتیانە ناتوانن پێداویستی ژیانیان دابین بکەن.