ئیلهام ئەحمەد
لە پێنجەمین ساڵیادی داگیرکردنی شارەکانی سەرێ كانیێ و گرێ سپی لەلایەن تورکیا، لە نێوان واقیعێکی ئاڵۆزی ناوچەییداین، دیاریترینیان ململانێی غەززە و باشووری لوبنانە، واقیعی سوریاش جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو ململانێیە نییە، بەو پێیەی هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی وڵات.
بە درێژایی ئەو ساڵانەی قەیرانی سوریا، تورکیا ڕۆڵێکی نەرێنی بینی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر چارەسەری سیاسی هەبوو. پاڵپشتی بێ سنوور لە ڕێکخراوە توندڕەوەکان، و تیرۆریستانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بۆ ئەم وڵاتە راكێشا. دواهەمین ئەو ڕێکخراوانەی کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات هەمان ئەو میلیشیانەن کە دەستیان بەسەر ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای كوردستان و سوریادا گرتووە، وەک سەرێ كانیێ، جەرابلوس، گرێ سپی و عەفرین، کە تۆماری پێشێلکارییەکان بەرفراوانن و ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە، هاوکات دەركردنی زۆرەملێ دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکە و نیشتەجێکردنی بنەماڵەی چەکدارەکانی یەکەم هەنگاوەکانی ئەنقەرە بوو دوای داگیرکردنی ئەم ناوچانە، ئەمە چكە حاڵەتەکانی دەستدرێژی كردن و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە.
نەبوونی چارەسەری سیاسی لە سوریا، رێگری لە خەڵکی ئاوارەی ناوچەكە دەكات بگەڕێنەوە، لە ترسی پێشێلكاری ئەو میلیشیانە كە لەدژی ئەوانەوە ئەنجامی دەدەن، هەرچەندە ئێمە چەندین جار ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەری ئاشتیانە لەگەڵ تورکیا دەربڕیوە، و هەمیشە بەدوای پەیوەندییەکی باشدا دەگەڕێین لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکڕیزی و سەروەری سوریا، بەڵام بە پێچەوانەوە هیچ ئاماژەیەكی ئەرێنیمان پێنەگەیشت لە تورکیاوە، بەڵکو بەردەوام بوو لە لێدان و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچەکە، و تاوانی لە دژی کەسانی بێتاوان وەك منداڵان و ژنان لە ناوچەكەدا ئەنجامدرا، هێشتا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی نێودەوڵەتی بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای كوردستان.
ئێمە پابەندین بۆ بەوەی كە دەبێت ئاوارەكان بە گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانە بگەڕێنەوە سەر خاكی رەسەنی خۆیان ، و ئەمە بە پرسێکی بنەڕەتی دەزانین کە لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەكەدا تاوتوێ دەكەین، بەهەمان شێوە پێویستە هێزەکانی تورکیا خاکی سوریا بەجێبهێڵن، ئەمەش بەدڵنیاییەوە دەبێتە یەکەم هەنگاوی چارەسەر لە سوریا، و پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەکانی كە كاریگەرییان هەیەی لە چارەسەری سیاسی لە سوریا، ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان بگێڕن و بەرپرسیارێتی خۆیان دەربڕن و پشتگیری لە خاوەن مافەكان بكەن.
پێنجەمین ساڵیادی هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و هیوادارین سەرۆکی داهاتوو ڕۆڵی ئەرێنی هەبێت بەرامبەر سوریا. واشنتۆن و روسیا سەرپەرشتی ڕێککەوتنی ئاگربەستیان كرد لە ناوچەكەدا، بەڵام بە داگیرکردنی خاكی رۆژئاوای كوردستان و سوریا و ئاوارەكردنی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە کۆتایی هات، ئێمە متمانەمان بەو ڕۆڵە نێوەندگیریی هەبوو کە نوێنەری ئەمریکا لەو کاتەدا دەیگێڕا، ئامادەیی خۆشمان دەربڕی بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنەكە، بەڵام وا دیاربوو توركیا نیازی لەشکرکێشی هەیە كە خاكی رۆژئاوای كوردستان و سوریا داگیربكات، ئەمڕۆش دەبینین تورکیا دەستبەرداری ئەو نیازەی نەبووە، توركیا رۆژئاوای كوردستان وەکو کارتێکی فشار بەکار دەهێنێت لە دژی هەموو ئەو لایەنانەی کە داوای پابەند بوون بە ڕێککەوتنەكەی لێ دەكەن، تورکیا ماوەیەکە هەوڵ دەدات لەژێر باڵی ناتۆدا دەربچێت، لە ڕاست و چەپ دەست دەوەشێنێت، لەلایەك فشار دەخاتە سەر ناتۆ لەلایەك بۆ سەر ڕووسیا بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئامانجەکانی بگات، و داگیرکردنی خاكی رۆژئاوای كوردستان وسوریا لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانە بوو.
ئەمڕۆ دەبینین کاتی ئەوە هاتووە پێداچوونەوە بەو سیاسەت و ئیمتیازانەدا بکرێت کە وڵاتان پێشكەشی توركیایان كردووە، لە پێناو پاراستنی پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە. ئێمە پێمان وایە گرنگە تیشک بخرێتە سەر کێشەکانی گەلانی ناوچەکە و کار بۆ جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکرێت و تورکیا ناچاربکرێت دەستی لە سوریا بکشێنێتەوە، و رێگە بدات سوریاییەکان خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای نێودەوڵەتی دەکەین بڕیار لەسەر پرسی گەلی سوریا بدەن، بۆ ئەوەی مافەکان بگەڕێننەوە بۆ خاوەنەكانیان. خەڵکی سەرێ كانیێ و گرێ سپی و عەفرین و غوتاو دەرعا، و شارەکانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان و سوریا پێویستە بە شکۆمەندانە بگەڕێنەوە بۆ خاوەنەكانیان، و لەدەست ئەو گروپ و میلیشیانە رزگار بكرێت.