دوای گەیشتنی بۆ دیمەشق.. عەبدوڵڵاهیان بینای نوێی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی دەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و لەگەڵ گەیشتنیشیدا بەشی کونسوڵخانەی نوێیەکەی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کردەوە, ئەویش دوای ئەوەی ئیسڕائیل لە حەفتەی رابردوو بۆردومانی کرد.

لە یەکی ئەم مانگەدا ئیسرائیل بینایەکی سەر بە باڵیۆزخانەی ئێرانی لە دیمەشق بۆردومانکرد و بەتەواوەتی وێرانی کرد، و دوو فەرماندەی دیاری سوپای پاسدارانی ئێران و پێنج ئەفسەری دیکەی کوشت.

ئاژانسی سانای حکومی بڵاویکردەوە، “بە ئامادەبوونی فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، بینای نوێی بەشی کونسوڵخانەی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق کرایەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیران ئەلمیقداد و عەبدوڵڵاهیان سەردانی یەکێک لەو بریندارانەیان کرد کە لە هێرشەکەی ئیسرائیل برینداربو.

داڕشتنەوەی: سەعد یازجی