گرانی پێداویستیەکانی خوێندن بارگرانیەکی تری پەنابەرانی رۆژئاڤایە لە هەولێر

هەولێر – نۆرس پرێس

عیماد موسا، ئاوارەی رۆژئاوای کوردستانە، لە کەمپی کەوەرگۆسک لە شاری هەولێر، نزیکەی 125 هەزار دیناری داوە بۆ كڕینی پەڕاوی قوتابخانە بۆ چوار منداڵەكەی، هەروەها جانتا و جلوبەرگیش دەكڕێت، كە تێچووەکەی نزیكەی 300 هەزار دینار دەبێت (نزیک بە 200 دۆلاری ئەمریکی).

ئەم تێچووانەش بۆ پەنابەرەکەوە زۆرن و بۆ ئەو و بەشێکی زۆری پەنابەرانی سووری و رۆژئاوای کوردستان، ناگونجێن، بەتایبەتی کە لە ئێستادا بێکارە، دوای ئەوەی ماوەیەک لەمەوبەر لە دوکانێکی مریشک فرۆشی کارەکەی راگیرا، بۆ دابینکردنی بژێووی پشت بە خێزانەکەی دەبەستێت، کە وەک بەرگدروو کار دەکات بۆ بەڕێوەبردنی بژێوی ژیانیان.

بڕیارە لە سێزدەی ئەم مانگەدا ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەست پێبکاتەوە، بەڵام گرانی نرخی پێداویستیەکانی خوێندن شۆکێک بوو بۆ بنەماڵەی خوێندکارەکان، بەتایبەتی ئاوارەی کامپەکان.

نرخی پەڕاوگەکان بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش بارگرانی لەسەر خێزانەکان دروستکردووە، بەتایبەتی ئەوانەی زیاتر لە خوێندکارێکیان هەیە.

سەدان خێزانی پەنابەری رۆژئاڤا و سوریا لە کامپەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەژین و بەشێکیشیان بە دەست سەختی دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانەوە دەناڵێنن، ئەمەش لەبەر کەمی هەلی کار و گرانی نرخەکان.

ئەو پەنابەرە کوردەی رۆژئاوای کوردستان کە ناوی “ئازاد ئەحمەد”ە دەڵێت، گرانی نرخەكان “گیرفانی ئێمەیان تەکاندووە، پەڕاو و پێنووس و جانتاكان هەموویان زۆر گرانن، جگە لە نرخی جلوبەرگی قوتابخانە، لەبەرامبەردا داهاتمان لاوازە، هەلی كاریش كەمە “

ئازاد خاوەنی چوار منداڵە و دەبێت هەموو پێداویستیەکانی قوتابخانەکەیان بکڕێت، ئەمەش دەیخاتە بەردەم ئاڵنگاریەکەوە کە چۆن پارەکەیان دەستەبەر بکات، بە تایبەت کە ئەویش بێ کارە.

نرخی پەڕاوی خوێندن بە بەراورد بە ساڵی پێشوو نزیكەی دوو هێندە زیادی كردووە، ئەمەش بارگرانیەکی زۆری بۆ سەر خێزانە ئاوارەكان دروستکردووە، لە کاتێکدا بۆ ئامادەکردنی تەنها یەک خوێندکار بەلایەنی کەمەوە پەنجا هەزار دینار تەنها بۆ پەڕاو و جانتا، پێویستە، با جل و بەرگیش لە لایەکی ترەوە بوەستێت.

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ماڵباتە پەنابەرەکان هەوڵ دەدەن بگەڕێن بە دوای هەرزانتریندا و چاوپۆشی لە کوالێتییەکە بکەن، ئەمەش لەلایەن عەبدولوەهاب عەبدیەوە هەستپێکراوە، کە خاوەن پەڕاوگەیە لە کامپی کەوەرگۆسک.

عەبدی وتی، “خێزانەکان ناچارن پێداویستیەکان بکڕن، بۆیە هەندێکیان بەدوای نرخێکی هەرزاندا دەگەڕێن، بۆ نموونە پەڕاوێک دەکڕن کە نرخەکەی هەزار دینارە، لەبری ئەو کوالێتییە مامناوەندەی کە بە سێ هەزار دینار دەیفرۆشین”.

خاوەنی پەڕاوگەکە ئاماژە بەوە دەکات کە نرخەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان، ئەمەش بارگرانییە نەک تەنها لەسەر خێزان و خوێندکاران، بەڵکو لەسەر خاوەن پەڕاوگەکانیش، ” ناتوانن بە نرخێک بفرۆشن کە لەگەڵ گیرفانی ئاوارەکان و کەمی داهاتیاندا بگونجێت”.

ئامادەکردنی: سوها کامیل  –  داڕشتنه‌وەی‌: سۆزدار محەمەد