بە توانایەکی سادە، ژمارەیەك ئەکتەری کۆبانێ زنجیرە درامایەک بەرهەم دەهێنن

کۆبانێ – فەتاح عیسا

ئەکتەرانی کۆبانێ بەرهەمهێنانی زنجیرە درامای “ژیان”یان تەواو کرد، کە لە مانگی ڕەمەزاندا لە یوتیوب و فەیسبووک نمایش دەکرێت. نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر تیمی کار دەستیان کرد بە ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی زنجیرەکە کە لە 12 ئەڵقە پێکهاتووە بە توانایەکی سادە و كەم دەست بەكاری بەرهەمهێنانی كرا.

زنجیرەکە لە نووسینی جیب موشید و دەرهێنانی عەلی كتۆ و جیب مەشیدە و نزیکەی بیست ئەکتەری بەتوانای کۆبانێ بەشدارییان تێدا كردووە.

جیب موشید، سیناریست و دەرهێنەر و ئەکتەر دەڵێت، زنجیرەکە باس لە هەندێك داب و نەریتی كۆنی کۆمەڵگا دەکات کە تا ئێستاش کاریگەرییان لەسەر ژیانی گەنجان هەیە، بەتایبەتی داب و نەریتی پەیوەندیدار بە هاوسەرگیرییەوە، چۆن دایک و باوک بۆچوونی خۆیان بەسەر هاوسەرگیری کچەکانیاندا دەسەپێنن و بەڵێنی دایک و باوکان بۆ بەشوودانی کچەکانیان لە كاتی لە دایكبوون .

موشید بە نۆرس پرێسی راگەیاند، یەکەمجارە زنجیرەیەک بەم قەبارەیە بەرهەم بهێنن، بەو پێیەی پێشتر ئەکتەرانی کۆبانێ لە شانۆ بەشدار دەبوون، بەڵام بەرهەمهێنانی زنجیرەیەک کە لە 12 ئەڵقە پێکهاتووە بە یەکەمین كاری لەم جۆرە دادەنرێت لە کۆبانێ.

ئاماژە بەوەش دەکات زنجیرەکە لە پلاتفۆرمی یوتیوب و فەیسبووک نمایش دەکرێت، هەروەها ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی زنجیرەکە بە باش دەزانێت، بەو پێیەی ژمارەی بینەرەکان دەگاتە نزیکەی سەد هەزار بینەر لەسەر ئەو دوو پلاتفۆرمە و بەدواداچوون و کارلێکی بینەران هەیە بۆ زنجیرەکە و پاڵەوانەکانی.

باس لەوەش دەکات وێنەگرتنی زنجیرەکە لە شاری کۆبانێ و گوندەوارەكانیدا بووە، هەروەها ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە پەیوەندییان بە كەمی توانای ماددی و تەكنیكییەوە هەبووە، بەتایبەت بۆ وێنەگرتن، بەو پێیەی هەندێک دیمەن بە مۆبایل وێنەگیراون، دەنگ لە ڕێگەی مۆبایلەوە ریكۆرد كراوە و فلاشی مۆبایل لەبری ئامێرەکانی ڕووناکی بەکارهێنراوە.

راشیدەگەیەنێت بەهۆی نەبوونی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، ئەکتەرەکان پشت بە خۆیان و توانا کەسییەکانیان دەبەستن بۆ بەرهەمهێنان،.

موشەید باس لەوە دەکات ئامانجیان ئەوەیە لەلایەک خەندە بخەنە سەر ڕوخساری دانیشتوانی ناوچەکە، لەلایەکی دیکەشەوە پەرە بە بەهرەكانیان بدەن لە نواندن ، کە بە بەرهەمی بچووک دەستیان پێکردووە و بەردەوامیش دەبن لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی گەورەتر و باشتر .

ئەو پێی وایە دابینکردنی بودجە یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی گەورەتر، چونکە سیناریۆ و بیرۆکەیان هەیە، بەڵام تواناکان کەمن، توانا زەبەلاحەکان یارمەتیدەرن بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی گەورە.

لە بەرامبەردا مازیە ئیبراهیم، ​​خانمە ئەکتەر کە ڕۆڵی “ژیان” دەگێڕێت، ڕۆڵێكی سەرەکی دراماكەیە، دەڵێت “ژیان” لە زنجیرەکەدا لە زانکۆ دەخوێنێت، زانستی خۆشدەوێت، دەیەوێت لە ڕووی زانستییەوە پەرە بە تواكانی خۆی بدات و هاوکاری کچان بکات، بەڵام داب و نەریتەکان رێگرن.

ناوبراو لە درێژەی بە قسەکانی رایدەگەیەنێت، لە دراماكە لە كاتی لە دایكبوونیدا، باوکی بەڵێنی داوە كە بیدا بە ئامۆزاکەی، هەرچەندە لەگەڵ ئامۆزاکەی جیاوازە، لە بیرکردنەوە و ئاستی خوێندن و کولتووردا لە ئامۆزاکە ناچێت.

دەشڵێت “ژیان” نوێنەرایەتی ئەو ژنانە دەکات کە بەرەنگاری داب و نەریتە بەسەرچووەكانی ناو کۆمەڵگە دەبنەوە، کە تا ڕادەیەک تا ئێستاش هەن، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەو داب و نەریتانە.

ئاماژە بەوەش دەكات ئامانج و پەیامیان لەم کارە، نەهێشتنی عەقڵیەت و بیرۆکەی بەسەرچووە لە کۆمەڵگاکەیان لە لادێ و شاردا، وەک هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووك، بەشوودانی زۆرەملێ، هاوسەرگیری ژنان بەبێ ڕەزامەندی خۆیان، یان بەشوودانی کچان بۆ ئامۆزاکانیان بەبێ ڕەزامەندی ئەوان.

  لای خۆیەوە عەلی کتۆ، ئەکتەر و دەرهێنەر، کە ڕۆڵی سەرەکی لە زنجیرەی “ژیان”دا هەیە، لەژێر ناوی “فورات”. دەڵێت “فورات” گەنجێکە ژیانی خۆشدەوێت و کچێکی بە ناوی “ژیان” خۆش دەوێت بەڵام داب و نەریتەکان لە رووی خۆشەویستییەکەیەوە وەستاون.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس رایدەگەیەنێت لە زنجیرەکەدا گرنگی بەم بابەتە دراوە کە پەیوەندی بە هاوسەرگیرییەوە هەیە، چونکە ئەم کێشەیە تا ئێستاش بوونی هەیە، بەو پێیەی داب و نەریتەکان وەک بەربەستێک وەستاون لەبەردەم زۆرێک لە كوڕ و كچاندا کاتێک باس لە پڕۆسەی هاوسەرگیری دەکرێت.

دەشڵێت ئامانجیان لە زنجیرەکە گەیاندنی پەیامێکە بە فۆڵۆوەرەکان، بە تیشک خستنە سەر کێشەکانی کۆمەڵگاکەیان لە لایەک و نمایشکردنی بەهرەی نواندنیان لە لایەکی ترەوە.

باس لەوەش دەكات خەرجی بەرهەمهێنانی دراماكە لە ئەستۆی خۆیان بووە. قازانجی یوتیوب لە سەیرکردنی زنجیرەکە بە برێكی كەم دادەنێت، چونکە بۆ رێژەی ڤیوی یوتیوب لە سوریا کۆمپانیاکە پارە نادات .

عەلی كتۆ پێی وایە بوونی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان هانی ئەکتەرەکان دەنێت کە تەنها کاری نواندنەکانیان ئەنجام بدەن، نەک وەک ئێستا کە ئەکتەر کاری وێنەگرتن و دەرهێنان و ڕووناکی و کارەکانی دیكە ئەنجام دەدات، کاتێک هەر کەسێک ڕۆڵی خۆی ئەنجام دەدات دەتوانێت نمایشەکەی بە شێوەیەکی باش پێشکەش بکات و داهێنەر بێت لە ڕۆڵەکەیدا.

ئەوەش دەخاتەڕوو کارلێکی بینەران لەگەڵ زنجیرەکە باشە، ئەمەش دڵخۆشیان دەکات، هەروەها پشتگیری و رازیبوون و بەدواداچوونی زۆر هەیە بۆ زنجیرەکە، بەو پێیەی ژمارەی بینەر بۆ یەک ئەڵقە لە پلاتفۆرمی یوتیوب لە ماوەی 24 کاتژمێردا کاتێک بڵاودەکرێتەوە دەگاتە نزیکەی پەنجا هەزار بینەری، زنجیرەکە لە پلاتفۆرمی فەیسبووکیشدا بڵاودەکرێتەوە.

لەم لینكەی خوارەوە دەتوانن لە یوتیوب بینەری زنجیرە درامای (ژیان) بن

https://www.youtube.com/@Ali_Kobani