کەسوکاری ونبووەكانی کۆبانێ داوای کاری رژد دەکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی منداڵەکانیان

فەتاح عیسا – کۆبانێ

سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر شکستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دوایین پێگەی خۆی لە باغۆز لە گوندەواری دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، كەچی هێشتا چارەنووسی هەزاران كەس لە بێسەرو شوێنبووەكان كە داعش رفاندبوونی بە نەزاندراوی ماوەتەوە.

مەدینە دانیشتووی شاری کۆبانێی رۆژئاوای كوردستانە، زیاتر لە 10 ساڵە چاوەڕێی هەواڵێكی خۆش دەکات سەبارەت بە کوڕ و براکەی کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون.

مەدینە عەبدولڕەحمان (45 ساڵ) دانیشتووی گوندی “خانیک ئاڤدۆ” لە گوندەواری باشووری کۆبانێ، بە نۆرس پرێسی وت،  بەردەوام هیوای بە گەڕانەوەی کوڕەکەی هەیە، هەرچەندە باوکی بەم خەمەوە کۆچی دوایی کرد .

مەدینە دەڵێت: داعش لە 18ی شوباتی 2014 لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی لە نزیک شارۆچکەی عالیە کوڕ و براکەمی ڕفاند، کاتێک بە مەبەستی کارکردن دەیانویست بچنە هەرێمی کوردستان و لەو کاتەوە چارەنووسیان نەزانراوە.

هەر لەو ڕۆژەی کوڕ و براكەی مەدینەیان ڕفاندووە، بەپێی ناوەندی بەڵگەنامەی سەرپێچیەکان، 150 کەس کە ڕێگای کۆبانێ – حەسەکەیان گرتبوو، بێسەروشوێن بوون.

لە ماوەی ساڵانی 2013 و 2014، داعش زیاتر لە 550 کەسی لە دانیشتوانی کۆبانێ ڕفاندووە، بەپێی ناوەندەکانی بەڵگەنامە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

لای خۆیەوە ئەحمەد عەبدولڕەحمان (تەمەن 52 ساڵ) هاوکات دانیشتووی گوندی “خانیک ئەڤدۆ” یە چیرۆکی ڕفاندنی کوڕەکەی لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر گوندەواری کۆبانێ لە 14ی ئەیلولی 2014 بۆ نۆرس پرێس دەگێڕێتەوە.

ئەو دەڵێت: کوڕەکەم مامۆستای زمانی کوردی بوو لە قوتابخانەی گوندی کۆڕەک و سەرقاڵی ئامادەکردنی كاروباری قوتابخانە بوو بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر گوندەکە، کوڕەکەمیان ڕفاند، لەگەڵ سێ کەس لە هاوکارەکانی.

ناوبراو درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت “دوای هەشت مانگ لە ڕفاندنەکەی، زانیاریمان پێگەیشت کە لە زیندانی یاریگای ڕەشە لە شاری رەققە. ئەم زانیارییە دوا زانیاری بوو کە پیاوەکە لەبارەی کوڕەکەیەوە پێیگەیشت، دوای ئەوە هیچ هەواڵێکی دیکەی لەبارەی كوڕەكەی نەزانی.

بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2021، ژمارەی بێسەروشوێنەکان لە سوریا لە ساڵی 2011 ەوە نزیکەی 130 هەزار کەسە، بەڵام پێش ئەم وادەیە کەسانی بێسەروشوێن هەن و پێدەچێت ژمارە ڕاستەقینەکان لەوە زیاتر بن.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەیەکی بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووەکان لە سوریا ڕاگەیاند، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە مرۆییە.

ساڵی ڕابردوو بەڕێوبەری خۆسەری لیژنەی ونبووەکانی لە رۆژئاوای كوردستان پێکهێنا، لە وەڵامی بانگەوازێکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بڕیارنامەی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوانی زۆرەملێی لە سوریا پەسەندکرد.

لیژنەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، لەوانە نەبوونی تاقیگە بۆ شیکاری DNA و کارمەندانی ڕاهێنراو و پسپۆڕ.

بنەماڵەی ئەو کەسە ونبووانەی کە چیرۆکی دیارنەمانی منداڵەکانیان بۆ نۆرس پرێس ڕاگەیاندووە، بانگەوازیان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە بە رژدی کاربکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی لەلایەن داعشەوە رفێدرابوون.

داڕشتنەوەی: محەمەد حەبەش