دوای پێنج ساڵ لە ڕاگەیاندنی رووخانی داعش، هێرشه‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌ زیادیان كردووه‌

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

راگەیاندنی کۆتاییهێنان به‌ جوگرافیای داعش، هێرشەکانی لە سوریا رانەگرت، بەڵکو ستراتیژییەکانی گۆڕا بە ئامانجگرتنی هێزەکانی حکوومەت و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەم ستراتیژانە جیاواز بوون لەگەڵ هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی ڕێکخراوەکە، پێنجەم سەرکردەی داعش كه‌ لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا كوژرا.

لە 23 ی ئاداری 2019 هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتاییهاتنی جوگرافیای ڕێکخراوەکەیان لە دوا شوێنی باغۆز لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند.

لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ئەو ڕێکخراوە چه‌ندین هێرشی ئەنجامداوە، بەتایبەتی دژی هێزەکانی (هه‌سه‌ده‌)، لەماوەی ساڵانی ڕابردووشدا چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداوە، لەنێویاندا هێرشی سەر زیندانی سیناعه‌ لە هەوڵێکدا بۆ دەرهێنانی ئەندامە دەستبەسەرکراوه‌كانیان. بەڵام هێزە ئەمنییەکانی رۆژئاوای كوردستان توانییان کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکه‌ن.

به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی داعش بۆ سەر زیندانی سناعه‌ لە حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان 120 خانووی وێران بوو یان زیانیان به‌ركه‌وت.

ڕۆژی شەممەی ڕابردووش، هێزەکانی سوریای دیموکرات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانی کرد، کێشەی دەستگیرکراوانی داعش یەکلایی بکەنەوە، هەروەها داوای پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ لێپرسینەوەیان یان بۆ ئەوەی وڵاتان هاووڵاتیانیان بگەڕێننەوە کە ئەندامی ڕێکخراوی داعش بوونه‌.

هەروەها ڕێکخراوەکە لە چەندین جار هەوڵیداوه‌ کەمپی هۆڵ بکاتە ئامانج کە خێزانی ئەندامەکانی لەخۆدەگرێت، لەکاتێکدا “هەسەدە” سێ هەڵمەتی ئەمنی لە کەمپەکەدا ئەنجامدا دوای بەدەستهێنانی زانیاری هەواڵگری کە ئاماژەیان بە نیازی ڕێکخراوەکە ده‌كرد بۆ بەئامانجگرتنی کەمپەکە.

لە مانگی ئاداری 2022، هێزەکانی (هه‌سه‌ده‌) و ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان قۆناغی یەکەمی هەڵمەتەکەیان لە کەمپی هۆڵ دژی شانەکانی داعش راگەیاند، هەروەها قۆناغی سێیەمیشیان لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا راگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری كه‌ ئاماژەیان بە هەماهەنگی شانەکانی داعش ده‌كرد بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە مەترسیدارترین کەمپ لە جیهاندا.

هێزەکانی هه‌سه‌ده‌ لەو کاتەدا لە راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد هەڵمەتەکە، لە قۆناغی سێیەمی خۆیدا، بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرێک لە ئەندامانی شانە تیرۆریستییەکان کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستگیرکراون دەستیپێکردووە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێرشەکانی ئەو ڕێکخراوە لە سوریا زیادی کردووە و بەپێی ئەوەی کە ڕێکخراوی ئینسایتی مافی مرۆڤ تۆماری کردووە، کۆی ژمارەی هێرشەکانی داعش گەیشتووەتە 129 هێرش .

داعش 72 هێرشی دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات و 41 هێرشی بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی دیمەشق ئەنجامدا، هاوکات بە حەوت هێرش میلیشیاكانی لایەنگری ئێرانی کردووه‌ته‌ ئامانج، هەروەها نۆ هێرشیان بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئه‌نجامداوه‌، چەکدارانی داعش زۆرینەی هێرشەکانیان لە دێرەزوور و حومس لە ساڵی 2019 . له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانیش سه‌دان كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی.

کۆی گشتیی ئۆپه‌راسیۆنە ئەمنییەکان لەدژی ڕێکخراوەکە گەیشتووه‌ته‌ 12 ئۆپراسیۆن، هێزەکانی سوریای دیموکراتیش 11 ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوه‌، لەنێویاندا 4 ئۆپەراسیۆنیان بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامداوه‌، له‌ ئه‌نجامدا 67 کەس دەستگیرکران و 5 کەسی دیکەش کوژراون، کە سەرجەمیان تۆمەتبارن بوون .

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان