شارەزایانی رووسیا: پێویسته‌ له‌ ئاستی جیهانی رووبه‌ڕووی داعش بینه‌وه‌

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

هێرشه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش زیادیان كرووه‌و و مۆسکۆش دوایین شوێن بوو کە ڕێکخراوه‌كه‌ خۆی تێدا ئاشکرا کردووە، دوای هێرشەکەی بۆ سەر ناوەندێکی بازرگانی و هۆڵێکی کۆنسێرت زیاتر لە 250 کەس کوژراون و برینداربوون.

ڕاپۆرته‌ نێودەوڵەتییەکان مەترسییەکانی ڕێکخراوەکە پشتڕاست دەکەنەوە، ئەندامەکانی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 129 هێرشیان ئه‌نجامداوه‌، بەپێی ئەوەی لەلایەن ڕێکخراوی ئینسایتی مافی مرۆڤ تۆمارکراوە، 94 هێرشیان ڕێکخراوەکە بەرپرسیارێتی ئه‌نجامدانی لە ئەستۆ گرتووە.

داعش 72 هێرشی دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات و 41 هێرشی دژی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق ئەنجامداوە، تیشکی خستۆتە سەر دێرەزوور و حومس لە ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی سوریا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکە توانای خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی و ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌ .

لەم چوارچێوەیەدا، پرسی کەمپی هۆڵ له‌ رۆژئاوای كوردستان، جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە، كه‌ پێگه‌یه‌كی شانە نووستووه‌كانی داعشه‌. پێناچێت ئەم نیگەرانیانەش دووربن لە بەرژەوەندی و بەدواداچوونی ڕووسیا، کە بۆ سێیەم ساڵی لەسەر یەکه‌ سه‌رقاڵی شەڕە لەگەڵ ئۆکراینا، بەڵام هێشتا سوریا بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە جیۆپۆلەتیکییەکان بۆ خۆی دەزانێت و یه‌كێكه‌ لە هێڵەکانی بەرکەوتنی ململانێی توند لەگەڵ ئەمریکادا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئیگۆر سیرۆتکین جێگری بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا، لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوودا هۆشداریدا لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکانی مەغریب و ساحل لە باکووری ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوای ئەفریقا.

ئەندرێ ئۆنتیکۆڤ شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بەوە دەکات قەیرانی سوریا هاوكار بووه‌ بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی ڕێکخراوەکە نەک تەنیا لە سوریا، بەڵکو لە عێراق و وڵاتانی دیکەشدا.

ناوبراو به‌ نۆرس پرێسی وتووە، پاڵپشتییه‌ داراییه‌كانی ڕێکخراوەکە هێشتا چالاکن ، له‌هه‌مانكاتدا ئاماژە بە خەمڵاندنەکانی هەندێک لە دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە داعش داهاتی دارایی بەرچاوی هەیە کە دەگاتە نزیکەی دوو ملیار دۆلاری ئەمریکی ساڵانە.

ئەو شارەزایە ڕوسییە راستی ئەم ژمارانە پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ بەهۆی ئەو سەرچاوە زۆرانه‌ی داهات بۆ رێكخراوی داعش کە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت و کەلوپەلی كۆن، دزینی نووسینگه‌كانی ئاڵوگۆڕی درا و بانکەکان، جگە لە هەڕەشەی كوشتن له‌ رفێندراوه‌كان بۆ وه‌رگرتنی پاره‌ و وه‌رگرتنی سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵك.

لای خۆیه دێنیس کورکودینۆڤ به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی پێشبینی سیاسی، ده ڵێت ئاماژەکانی گەڕانەوەی ئەم ڕێکخراوە بۆ دەستپێکردنی هێرشەکانی لە ناوخۆی سوریا، دۆخەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی سه‌ره‌تا، بەتایبەتی لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی ئابووری لە سوریا.

ناوبراو داوای هەنگاوی خێرا دەکات – لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆدا  بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مه‌ترسییه‌، چونكه‌ رێكخراوه‌كه‌ ده‌توانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی سووریاش كرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بدا.

لە چوارچێوەی قسەکانیدا، کورکودینۆڤ ئاماژە بەوە دەکات کە داعش ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتییە و جوگرافیای سوریا تەنیا وەک یەکێک لە خاڵەکانی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ده‌بینێت. ئەمڕۆ لە سوریا شەڕ دەکەن، سبەی دەتوانن بچنە عێراق، پاشان بۆ لیبیا، یان بۆ وڵاتانی ئه‌فریقیا، یان بۆ هەر بەشێکی تری جیهان کە دۆخەکە لەگەڵیان بگونجێت. بەم شێوەیە لە ڕووی قەبارە و فۆرمەکانی هەڕەشەی تاڵیبانەوە جیاوازە کە بە بزووتنەوەیەکی تەنیا ئەفغانی دادەنرێت. لە کۆتاییدا دەڵێت، ڕووبەڕووبوونەوەی داعش تەنیا بابەتی سووریا نییە، بەڵکو بابەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.

داڕشتنه‌وه‌ی: تەیسیر محه‌مه‌د